66وتار

دەبێ هەمومان لە هەستیاری بارودۆخی کەرکوک و ڕودانی مەترسیە گەورەکە تێبگەین

9/5/2023 3:27:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

دۆخی کەرکوک زۆر هەستیارە ، شارەکە لەژێر دەسەڵاتی ئیداری و سەربازی و ئەمنی حکومەتی ئیتیحادیە، بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە، کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمی پشتیوانی ئەو دەسەڵاتە دەکەن.

 

بەداخەوە کورد دابەش بووە بەسەر چەند بەرەیەکدا :

 یەکێتی نیشتمانی لە ناو شارەکەدایە و کۆمەڵێک پۆست  بەرژەوەندی خۆی هەیە ، پێی خۆش نییە بارەگای پارتی دووبارە بکرێتەوە و کەرکوک بە پشکی خۆی دەزانێت.

 

لایەنەکانی دیکە بێ هەڵوێستی خۆیان و بێ لایەنی خۆیان ڕاگیاندووە.

تەنها پارتی خۆی بە خاوەنی ئەم خۆپیشاندانە دەزانێت و پاڵپشتی خۆپیشندەران دەکات، هەرچەندە بێ بەرنامەیی و کەم تەرخەمی بەرپرسانی کەرکوک و بەرپرسانی لە بەغدا پێوە دیارە.

 

بارودۆخی ئێستای کەرکوک پێویستی بە ئیجماعێکی کوردی و کوردستانییە ، گەورەیی کەرکوک بە خەمەوە هاتنی بەپەلەی دەوێت، مشوور خواردنێکی جدی و ئەقلانی و لۆژیکی دەخوازێت ، دوور لەخەم ساردی و دواخستن و ململانێی بێ جەدوا و لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە حزبی و تایبەتییەکان.
دەتوانرێت ئەم ڕوداوەی کەرکوک هاندەر بێت بۆ یەک ڕیزی و ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و پەیامی وەفا بێت بۆ شەهیدان و برینداربوانی کەرکوک.

 

گەر کورد یەک هەڵوێست نەبێت ، بەرنامەی ورد و دراسەی هەستیاری دۆخەکە نەکات و لێکەوتەکانی ئەم ڕوداوەی کەرکوک لەبەرچاو نەگرێت ، ڕەنگە ببێتە هۆی ناکۆکی نێوان کورد و عەرەب و شەڕی تایەفی هەڵبگیرسێت و بەناوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی هێزی زیاتر لە سوپای ئیتیحادی و حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک بهێنرێت و پرۆسەی تەعریب چڕتر بکرێتەوە و پاساوێک بێت بۆ هەموار کردنەوەی مادەی (١٤٠)ی دەستور ،لەئەنجامدا بە تەواوی کەرکوک لەدەست کورد بچێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن