24وتار

غەزە، ئەو جەنگەی هەموو لایەنەکانی براوەن

10/18/2023 8:30:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

شەڕی غەزە ململانێی نێوان ڕوسیا و ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئسرائیل لەلایەکی ترە ، مەقاشەکە ڕێکخراوی تیرۆرستی حەماسە سوتەمەنیەکەش خەڵکی سڤیلی غەزە یە.
کاتێک حەماس هێرشی کرد وتەنها لە ئاهەنگێکدا سەدان هاوڵاتی ئسرائیلی کوشت سودێکی گەورەی بە ئسرائیل گەیاند، ئەو دیمەنانەی کە چەکدارانی حەماس بڵاویان دەکردەوە بەتایبەت کوشتنی خەڵکی سڤیلی ئسرائیل و گێڕانی ئافرەتانی ئسرائیلی وەک کەنیزەک بە ناوشاری غەزەدا کە خوێن لە دامێنیان دەچۆڕا خزمەتێکی گەورەی ئسرائیلی کرد و لە بەرژەوەندی (ئسرائیل) شکایەوە، هەمان وێنەی تاوانەکانی (داعش)ی هێنایەوە بیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، تۆمار کردنی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی بەڵگەی ئیدانەکردنی حەماس و ڕەوتە ئیسلامیە توند ڕەوەکان کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوی نەژادی ئەنجام دەدەن...

ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە بیتاقەیەک بوو بۆ ئسرائیل تا وەک قوربانی دەرکەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بە دڵی خۆی تۆڵەیان لێبکاتەوە و لەناویان بەرێت....

خەڵکی غەزەش باجی بێئاگایی خۆیان دەدەن ، وەک خەڵکی ئەنبار و موسڵ و تکریت چۆن باجی پشتیوانی کردنیان لە(داعش)دا.

زەرەرمەندی ئەم جەنگە جگە لە حەماس کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و لەگەمەیەکی هەواڵگریدا بەکار هات لەگەڵ خەڵکی غەزە کە باجی ساویلکەیی و پشتیوانی کردنیان لە ڕێکخراوی حەماس دەدەن، هەمو لایەنە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە سودمەند دەبن:

١- ڕوسیا دەستکراوە دەبێت لە یەکلاکردنەوەی شەڕی ئۆکراینا.

٢- ئێران سەرکەوتوو بوو لە دوورخستنەوەی ئاژاوە و جموجۆڵی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی لە سنورەکانیەوە و گواستنەوەی مەیدانی ململانێ و شەڕەکە بۆ خاکی ئسرائیل و غەزە.

٣- بەڕای من ئسرائیل پێشوەختە زانیاری هەواڵگری پێگەیشتبوو بەڵام هۆکاری بەهەند وەرنەگرتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەک ڕەنگە بڕوایان نەکردبێت مەترسییەکە بەو قەبارە گەورەیە دەبێت، لەلایەکی دیکەوە پێویستی بە پیشاندانی وێنەیەک بوو کە خەڵکی سڤیلی ئسرائیل لەلایەن گروپی تیرۆریستی حەماسەوە ڕوبەڕوی پێشێلکاری سامناکی مافی مرۆڤ دەبنەوە ...، بەم شێوەیەش پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا بۆ بەرپەرچدانەوەی توند دژ بە حەماس و لەناوبردنیان و کاولکردنی غەزە کە ناوچەی هێز و پێگەی جەماوەری  حەماسە...هتد.

٤- ئەمریکاش دوبارە هەژمونی خۆی دەسەپێنی و بوونی بە زەرورەت وێنا دەکات بۆ ئارامی ناوچەکە، جگە لە بەرژەوەندی ئابوری و ساغکردنەوەی چەک...هتد.

٥- ڕەنگە شەڕەکە بە کاولکردنی شاری غەزە و نەمانی دەسەڵات و پێگە و توانا سەربازی و مرۆییەکانی حەماس کۆتایی بێت. دواتر ئسرائیل و(دەسەڵاتی فەڵەستینی بەسەرکردایەتی محمود عباس) ڕێکەوتنێک واژۆ بکەن و دەسەڵات لە شاری غەزە بدەنە دەست (دەسەڵاتی فەڵەستینی) و پرۆسەی بونیادنانەوە و قەرەبوو کردنەوە دەست پێبکات، پاشان وتوێژی نێوان ئسرائیل و فەڵەستینیەکان دەست پێبکاتەوە.

ئەم شەڕە کەم یان زۆر لێکەوتەی لەسەر ناوچەکە بە گشتی و ڕەوتە ئیسلامیە توندڕەوەکان بەتایبەتی دەبێت و قۆناغێکی تر دەبینن......

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن