73وتار

کام نیشتمانە پیرۆزە ؟

12/16/2023 6:45:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس


نیشتمان تەنها خاک و پیرۆزی و ئینتیما و ئەرک نییە، نیشتمان دەبێت ئەو چەترەبێت کە دەتپارێزێت لەبارانی لێزمە، ئەو بەربەستە بێت کە پارێزگاریت لێدەکات لە ڕێژنەی گولە، باوەشێکی گەرمە، جێگایەکە کەرامەتی مرۆڤی تیا پارێزراو بێت، نیشتمان جگە لە ئەرک، ماف و ئازادیشە، هەر بۆیە (محمد الماغوط) نوسی كاتێک مرۆڤ پێڵاوی لەپێدا نەبێت و پێخاوس بێت نیشتمان یەکسان دەبێت بە پێڵاو.

مرۆڤ ئەو کاتە ئینتیمای بۆ نیشتمانەکەی دەبێت کە هەست بە دادپەروەری و یەکسانی بکات، جیاوازی چینایەتی تیا قوڵنەبێتەوە، (جان جاک رۆسۆ) دەڵێت : نیشتمان ئەو شوێنەیە کە هاوڵاتی بەو ڕادەیە دەوڵەمەند نییە کە توانای کڕینی هاوڵاتییەکی تری هەبێت، بەو ڕادەیەش هەژار نییە کە ناچار بێت خۆی یان کەرامەتی بفرۆشێت.
نیشتمان بریتییە لە پارچە کولێرەیەک و بنمیچێک و هەست کردن بە ئینتیما و ئامێزێکی گەرم و کەرامەت.

نیشتمان تەنها خاک نییە بەڵکو خاک و ڕەوایەتییە پێکەوە ، ئەگەر خاک لەلای ئەوان بوو با ڕەوایەتی لەلای تۆ بێت.

نیشتمان ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ تیایدا لە خێر و ئاسودەیی و ئاشتیدا دەبێت.

نیشتمان کاتێک پیرۆزە کە بۆ هەموان بێت ، نیشتمانێک نیشتمانپەروەری و قوربانیدان ئەرکی چینێک بێت و خاک و سامان و خۆشگوزەرانی بۆ چینێکی تر بێت هیچ بەهایەکی نامێنێت، هەر بۆیە (محمود درویش) نوسیبوی نیشتمان بۆ دەوڵەمەندەکانە و نیشتمان پەروەری بۆ هەژارەکان!.

(تۆلستۆی) کە باس لە نیشتمان دەکات دەڵێت : نە پارچەیەک زەوییە و نە کۆمەڵێک ئادەمیزاد، نیشتمان ئەو جێگایەیە کە کەرامەتی مرۆڤی تیا پارێزراوە.

زانا و فەیلەسوفی مەزن (ابن خلدون) دەڵێت :"ستەم بانگی وێرانبوونی وڵات دەدات " ، ئیتر چۆن ئینتیما بۆ نیشتمانێک دەمێنێت لە سایەی دەسەڵاتی سەر خاکەکەی هەست بە ستەم و نەداری و هەژاری بکەیت؟.

نیشتمان مەرج نییە ئەو خاکە بێت کە تیایدا لەدایک بویت ، نیشتمان دەبێت ئەو خاکە بێت کە ژیان و گوزەرانێکی شایستەت بۆ دەستەبەرکات، نیشتمان بێ ژیانێکی شایستە زیندانە، غەریبییە، هەر بۆیە ئیمامی (علی) سەلامی خوای لێبێت فەرمویەتی : هەژاری لە نیشتماندا غەریبییە و دەوڵەمەندی لەغەریبیدا نیشتمانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن