26وتار

لە پێناو قەوارەی هەرێم پێویستە یاسای وەبەرهێنان هەڵبوەشێتەوە

6/4/2024 5:34:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس



هەرچەندە ئەمە یەکەم جار نییە و یەکەم پرۆژەی نیشتەجێبوون نییە لە بنار و شاخی گۆیژە، پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی قەیوان و شاری گۆیژە و گوندی ئەڵمانی و گاردن ستی و بەرزاییەکانی سلیمانی و مایۆرکا ستی ...هتد نمونەی بەرچاون.

بەڵام ماوەیەکە کارکردن بەمەبەستی دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لە شاخی گۆیژە ناڕەزایەتی و قسەو باسێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، تا ئەو ڕادەیەی بۆتە بابەتێکی ڕای گشتی.

زۆربەی ڕەخنەکانیش بەو ئاڕاستەیە گوزارشتی لێدەکرێت کە ئەنجامدانی کاری بڕینی بناری گۆیژە و تەختکردنی بەرزاییەکان و فراوانکردنی ناوچەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بە ئاڕاستەی شاخی گۆیژە شێواندنی ئەو زنجیرە شاخەی لێدەکەوێتەوە کە لەگەڵ ئەزمڕدا ناسنامەن بۆ سلێمانی و سیما و سروشتە جوانەکەی و هێمان بۆ خۆڕاگری دانیشتوانەکەی.

ڕەگ و ڕیشەی ناڕەزایەتییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت ئەم پرۆژانە بۆ بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان نییە بەڵکو ڕێگایەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گشتی و دەوڵەمەندبوونی کەسانی دیاریکراو لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی، بە سود وەرگرتن لە یاسای وەبەرهێنانی ژمارە (٤ ی ساڵی ٢٠٠٦ْ) کە لە بنەڕەتدا مەبەست لە یاسای وەبەرهێنان دروستکردنی کەشێکی هاندەرە بۆ وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران و کارپێکردنی سەرمایەی نیشتمانی و بیانی و ڕەخساندنی هەلی کار بە شێوەیەک کاریگەری ئەرێنی هەبێت لە بوژاندنەوەی ئابوری.

جێگای سەرنجە  پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە ڕێگای خراپ بەکار هێنانی ئەم یاسایە سەرچاوەیەکە بۆ گەندەڵی و ڕەوایەتیدان بۆ بەھەدەردانی موڵکی گشتی بە بەخشین و پێدانی زەوی دەوڵت بە کەسانێک بێ بەرامبەر و زیان گەیاندن بە گەنجینەی وڵات لە ڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و لێخۆشبوون لە باج و رەسم لە ژێر ناوی یاسا !.

بەداخەوە بە ھۆی پاشماوەی دوو ئیدارەیی و ململانێی سیاسی، ھیچ پرۆژەیەکی وەبەرھێنان مۆڵەتی پێنادرێت گەر پشکی یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی تێدا نەبێت و یەکێک لە دەستەبژێری سیاسی سپۆنسەری نەکات. 

هەرچەندە وەبەرھێنان بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، تەندروستی، تەکنەلۆجی، بازاری بازرگانیە سەردەمیەکان و فیرکردن و...ھتد دەگرێتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە زۆرترین ڕێژەی وەبەرھێنان لە بواری نیشتەجێبووندا ئەنجامدراوە ئەویش بەھۆی ئاسان دابینکردنی زەوی گونجاو و کەمی تێچوی و خێرایی فرۆشتنی یەکەکان و دەستکەوتنی قازانجی دارایی و سودی ڕاستەوخۆ بە ماوەیەکی کورت.

بە ھۆی بەستنەوەی مۆڵەتی پرۆژەکانی وەبەرھێنان بە ڕەزامەندی زۆرێک لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەنددارەکان، زۆرترین ڕێژەی گەندەڵی تیایدا ئەنجام دەدرێت لە بەرامبەر زوو ڕایی کردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە مۆڵەتەکە و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ پێدانی مۆڵەتی پرۆژەی وەبەرھێنانەکە.

ئەم یاسایە هۆکارێکە بۆ زیان گەیاندن بە کەرتی کشتوکاڵ و زەوی کشتوکاڵی لە ڕێگای گۆڕینی ڕەگەزی موڵکە کشتوکاڵیەکان بۆ موڵکی نیشتەجێبوون، جگە لە ئەنجامدانی پرۆژەکانی وەبەرھێنان لەسەر زەوی تەرخانکراو بۆ خزمەتگوزاریە گشتیەکان.

یاسای وەبەرھێنان زۆر بە ڕوونی ئاویتەبوونی دەسەڵات و سەرمایە پیشان دەدات، نیشانەیەکی ئاشکرایە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی گشتی لەلایەن دەستەبژێری سیاسییەوە لەژێر پەردەی یاسادا، لەئەنجامدا گروپ و دەستەی بەرژەوەند خواز و تێھەڵکیش دروست دەکات لە سیاسی و خاوەن سەرمایە و ڕێژەی گەندەڵی بەرز دەکاتەوە و ماف و ئازادیەکان بەرتەسک دەبنەوە و سیستەمی حوکمڕانی بەرەو تاک ڕەوی دەبات، دادی کۆمەڵایەتی ناھێڵێت و جیاوازی چینایەتی قوڵ دەکاتەوە، ئابوری ھەرەس پێدێنێت و بێکاری بڵاودەبێتەوە و ڕێژەی تاوان لە کۆمەڵگادا زیاد دەکات و متمانەی ھاوڵاتی بە حکومەت ناھێڵێت...ھتد، کە دەبنە ھۆی ناجێگیربوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و دواجار ھەرەس ھێنانی قەوارەی ھەرێم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن