79وتار

بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی سەبارەت بە پرسی موچە و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

2/22/2024 7:01:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

پەیامەکانی پشت ئەم بڕیارانە زۆر لەوە گەورەترن کە بچوک بکرێتەوە لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای هەڵبژاردن، ئەم بڕیارانە جیاواز لەبڕیارەکانی دیکە کاریگەری بەرچاویان دەبێت لەسەر پێگە و چارەنوسی هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکە لە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و تاکی کورد لە لایەک و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەلایەکی تر، لێکەوتەکانی ئەم بڕیارانە ئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێم دیاری دەکات.

ئەم بڕیارانە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە تەنها ڕکابەرەکانی کورد و حکومەتی ئیتیحادی پەنا نابەنە بەردەم دادگای باڵای ئیتیحادی بۆ بەرزکردنەەی داوا دژ بە حکومەتی هەرێم، بەڵکو ئەوە هاوڵاتی کوردستانە دێن و داوا بەرز دەکەنەوە دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەکی ترەوە لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە ئەوەندە ناکۆکن داوا بەرز دەکەنەوە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ بە نادەستوری ناساندنی یاساکانی هەرێم، لە کۆتایشدا دادگای باڵای ئیتیحادییە پارێزەری مافە دەستوریەکانی گەلانی عێراقە بە کوردیشەوە.
ڕاستییەکی تاڵە تاکی کورد ئەوەندە بێ هیوا بێت لە  حکومەتەکەی هانا بۆ دادگای باڵای ئیتیحادی ببات، لایەنەکان ئەوەندە ناتەبا بن دادگای باڵای ئیتیحادی چارەنوسی داواکاریەکانیان دیاری بکات، دامەزراوەکانی هەرێم ئەوەندە ناکارا بن پەنا ببرێت بۆ دادگای باڵای ئیتیحادی!.
گەر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆیان ئەنجام بدایە ڕەنگە موچەخۆرانی کوردستان دادگای باڵای ئیتیحادیان بە پارێزەری مافەکانیان نەزانیایە.
گەر لایەنە سیاسیەکانی هەرێم کەمترین خاڵی هاوبەش و لێتێگەیشتن لە نێوانیان هەبوایە و متمانەیان بە یەکتری و دامەزراوەکانی هەرێم ببوایە کێشەکان نەدەبرانە بەغدا بۆ یەکلا کردنەوەیان. 

ڕۆژی 21/2/2024 دادگای باڵای ئیتیحادی بڕیاری دەرکرد لە داوای ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادیة/2023) بە پابەند کردنی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (توطین رواتب) ناردنی موچەی موچەخۆرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم لە فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە لایەن بانکەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەو بڕە پارەیەی موچەش لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت بە پێی یاسای بودجەی ئەم ساڵ و ساڵەکانی دوایی، لەگەڵ پابەندکردنی لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێم بە هەماهەنگی کردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بغداد، وەک هەر پاریزگایەکی عێراق!.
پێویستە بانکەکانی حکومەتی فیدراڵ ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی بەجێگەیاندنی پرۆسەی (التوطین) ئەنجام بدەن تا موچە خۆران لە شوێنی نیشتەجێبونیان موچەکانیان وەربگرن لە ڕێگای ئەو بانکانە یان ئەو بانکانەی کە لە هەرێم کراونەتەوە و مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە، لەگەڵ پابەندبونی بەرپرسانی وەزارەت و دەزگا حکومیەکانی هەرێم بە دروستی داتا و زانیاریەکانی تایبەت بەم پرۆسەیە.
بەم شێوەیەش لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەکە لە بری ئەوەی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بە ڕێگای قەرز موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لە ڕێکای سیستەمی بانکییەوە دەینێرێت و موچەخۆر لە بری ئەوە بەشێوەیەکی دەستی موچە وەربگرێت لە ڕێگای ئەژماری بانکییەوە موچەکەی وەردەگرێت.

هەروەها سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم لەکاتی داواکردنی تمویل کردن پابەند دەبن بە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەک هەر وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵ....

لەگەڵ پابەند کردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەسلیم کردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە خەزێنەی فیدراڵی بە گوێرەی یاسای (قانون الادارة المالیة الاتحادیة) و وردبينی کردنی داتا و زانیاریەکانی تایبەت بەم داهاتانە لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری و دارایی هەرێم بە پێی(م12)ی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2023 بودجەی ساڵەکانی (2023,2024,2025).

لەگەڵ ئەمانەشدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕێگەدان بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە وردبینی هەژمارە بانکییەکانی هەرێم لە لای بانکی ناوەندی و وردبینی لیستی موچەخۆران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێم.

بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی لە داوای ژمارە (83 و موحداتها 131و185 /اتحادیة /2024) سەبارەت بە نادەستوری کورسی کۆتاکان و سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ئاماژەیە کە هەرێمی کوردستان چیتر قەوارەیەکی سیاسی نییە بەڵکو وەک یەکەیەکی کارگێڕی و هاوشێوەی هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانی عێراق ئەژمار دەکرێت کە پێکهاتەی جیاواز لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لابردنی وشەی ریفراندۆم لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئاگادار کردنەوەی هەرێمە کە ریفراندۆمەکەی ڕابردوی دەستوری نەبووە و لەداهاتوشدا بۆی نییە پرسێکی وەک ریفراندۆم بەڕێوە ببات، تەنها پسپۆڕیەتی کە هەیبێت هەلبژاردنە.
ئەمانە و جگە لە بڕیاری فرە بازنەیی و دەرگاکردنەوە بۆ لیستی تاکە کەسی و دەنگدان لە ڕێگای کارتی بایۆمەتری دەنگدانەوە ئەزمونێکی نوێیە.

جێگای داخە بێباکی لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی بەناچاری هاوڵاتیانی کوردستان پەنا بۆ دادگای ئیتیحادی ببەن و سکاڵا لە حکومەتەکەی خۆیان بکەن، لەبری  دامەزراوەکانی هەرێم دادگای باڵای ئیتیحادی بڕیاری یەکلاکردنەوە لە داوای لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بدات.

ئەم بڕیارانە درێژە پێدەری کۆمەڵێک بڕیار و یاسا و هەنگاون کە لە ڕابردودا دران بۆ لەقاڵبدان و بچوک کردنەوە و دوو کەرتکردنی قەوارەی هەرێم، کە جگە لەوەی ویستێکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقی لە پشتەوەیە بێ ئاگایی و گەندەڵی و نادادی و نەبونی حکومەتێکی نیشتمانی یەکگرتوو و دەسەڵاتێکی ڕەشید لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییەتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن