43وتار

واز لە باکوور بێنن پەیامەکەی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) شایەنی پاڵپشتییە

2/28/2025 4:56:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس


مایەی نیگەرانییە ئێمەی کورد بەتایبەت لە باشوور لەسەر هەموو پرسێکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی قسەمان هەیە، شیکردنەوەمان هەیە بۆ هەموو ڕوداو و پێشهاتەکان، لە هەموشی زیاتر ئەوەی جێی سەرنجە زۆر بەسانایی کەمتەرخەمی، تەسلیم بوون، تەنانەت مۆرکی خیانەتیش دەدەینە پاڵ یەکتری...

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە پەیامەکەی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان)ە سەرۆکی زیندانیکراوی (pkk) و ئەو هەموو شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەی کە بەدوای خۆیدا هێنای لە نێوان دەستخۆشی بۆ گومانکردن کە ئەو پەیامە لەژێر فشاردابووە تا تەسلیم بوون...

زۆر گرنگە ئێمە بزانین پرسی کورد لە هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە لە پرسی کورد لە پارچەیەکی دیکە، ڕاستە خەڵک لە سۆنگەی نیشتمان پەروەرییەوە نیگەرانی دەردەبڕن و گومانیان هەیە کە چۆن دەبێت بزوتنەوەیەکی چەکداری ڕزگاریخوازی نەتەوەیەک هەرەس بهێنێت و چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێت؟

چۆن دەبێت دوای ئەو هەموو ساڵە لە خەباتی چەکداری و قوربانیدان چەک دابنرێت و (pkk) هەڵبوەشێنرێت؟
لەڕاستیدا دەبێت ئەوە بزانین چۆن خەباتی چەکداری بۆ بەدیهێانی مافی گەلی کورد قوربانی دانی دەوێت، بەهەمان شێوە دانوستان و بەرقەرارکردنی ئاشتی قوربانی دەوێت.
لێرەدا ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە بۆ تاکی کورد ئەو پەیامەی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان)ە کە یەک ناگرێتەوە لەگەڵ سروشتی توندی پێشوی (ئاپۆ) و (pkk)......
دەبێت خوێندنەوەمان بۆ دۆخی جیهان و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە هەبێت، هەڵسەنگاندنمان بۆ پێگە و تواناکانی هەریەک لە لایەنەکانی ناکۆکیەکە (pkk) و دەوڵەتی تورکیا هەبێت.....
ئەو توندڕەوی و سیاسەتە نا لۆژکیانەی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) و (pkk) پێی ناسراو بوون حاڵەتە نا دروستەکەبوو کە ڕەنگە گونجاو بوبێت بۆ قۆناغێک هەتا کۆتایی سەدەی ڕابردوو و دامەزراندنی (DTP) و (BDP‏) و (HDP)...، بەڵام بە بەشداری کورد لە پرۆسەی دیموکراسی و کاری پەرلەمانی ئیتر ئەمە حاڵەتە تەندروست و دروستەکەیە.
ئەم گۆڕانکارییە چۆن بۆ ئێمە تازەیە بۆ هاوڵاتیانی (تورکیا) بەهەمان شێوە، ئەوانیش کە دەبینن و دەبیستن کەسایەتییەکی وەک (دەوڵەت باخچەلی) لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی سەدەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی (زیا گۆکاڵپ)ی مێژوونوس‌ و زمانزان، باس لە پێکەوە ژیانی کورد و تورک دەکات و خۆشەویستی نێوان تورک‌ و کورد بە فەرزێکی ئایینی‌ و سیاسی لەقەڵەم دەدات و ڕایدەگەیەنێت ئەگەر تورکێک هەیە کوردی خۆشنەوێت، تورک نییە، ئەگەر کوردێکیش هەیە کە تورکی خۆشنەوێت، کورد نییە، مایەی سەرسوڕمانی زۆرێک بوو و خوێندنەوەی جیاوازی لێکەوتەوە لە کۆمەڵگای تورکیادا، بەڵام ئەوەی جیاوازە ئەوەیە ئەم بابەتە بۆ (کورد) و (تورک) لە تورکیادا پرسێکی هەنوکەیی خۆیانە و مافی خۆیانە قسەی خۆیان هەبێت لەسەری و لەلایەکی تریشەوە ڕەنگە تەنها دەستەبژێری کۆمەڵگا زیاتر شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکات...
بێگومان ڕاگەیاندنی پەیامی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) بۆ پرسێکی گرنگی وەک چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی (pkk) بێ دانوستان و گفتوگۆی پێش وەختە و بەشداری نهێنی و پشت پەردەی لایەنی دەرەکی(نێودەوڵەتی و تەنانەت کوردستانی) و گەیشتن بە خاڵە سەرەکیەکانی نەخشە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکوور ئەنجام نەدراوە، بەتایبەت کە بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) دەڵێت من بەرپرسیاریەتییەکە لە ئەستۆ دەگرم ....
هەر بۆیە پێویستە ڕێز لە تایبەتمەندێتی پارچەکانی دیکەی کوردستان بگرین، دواجار ئەوەی بڕیار دەدات لەم پرسە گرنگدا سەرکردایەتی و هاوڵاتیانی کوردە لە باکوور، ئەوەی لەسەر ئێمەشە دەست خۆشی و پشتیوانی لە پەیامەکەی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) بکەین، بەو هیوایەی گەلی کورد لە باکوور لە قۆناغێکی گەشەسەندووی ئابوری کۆمەڵایەتی سیاسی گوزەر بکەن کە تیایدا بگەن بە مافە ڕەواکانیان، هەرچەندە ئەم پەیامە و ئەم قۆناغە ڕووبەڕوی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری دەبێتەوە:
١- ئایە (pkk) چۆن بە کرداری وەڵامی پەیامەکەی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) دەدەنەوە؟
٢- ئایە (pkk) دابەش نابێت؟
٣- نەخشە ڕێگای ئاشتی چۆنە؟، هەنگاو و قۆناغەکان چین لەبەرامبەر چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی(pkk) و چۆن جێبەجێ دەکرێن؟ بۆ نمونە:
- ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی و خودی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان).
- دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە سیاسییەکان.
- بە یاسایی کردنی مافە نەتەوایەتیەکانی کورد لە ڕێگای دەسەڵاتی یاسادانانەوە لە تورکیا.
- هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا.
٤- ڕۆڵی ئێران و کاریگەری هەژمونی ئێران لەسەر  بڕیاری(pkk) چۆن دەبێت؟
٥- تا چەند دەوڵەتی تورکیا ڕاستگۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن