86وتار

پەیامەکانی پشت ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

12/30/2023 1:25:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس



 بەهۆی سامانی نەوت و ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و سیاسییە جیاوازەی هەیەتی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک جیاواز لە هەڵبژاردنی هەموو پارێزگاکانی تر جێگای بایەخ و گرنگی پێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی عێراقە.

بەو پێیەی کەرکوک چەقی ململانێکانە براوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە خاوەنی دەستکەوتێکی گەورە ئەژمار دەکرێت، لەهەمانکاتیشدا بەرپرسیاریەتی گەورەی دەکەوێتە سەر شان.
ئەنجامی هەڵبژاردنی کەرکوک کۆمەڵێک پەیامی ڕاستەوخۆی لێ دەخوێنرێتەوە، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان و هاوکێشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لەوانەش:

١- هاوڵاتیانی کورد لە کەرکوک چەند ستەم لێکراو و فەرامۆشکراون بەڵام لە پرسە چارەنوسساز و نەتەوایەتیەکاندا هەستی بەرپرسیاریەتیان زۆر لە پێش لایەنە سیاسیەکان و سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردەوەیە.

ئەگەر ساردییەک هەبوبێت لەوەی زۆرینەی ڕەهای دەنگدەری کورد لە کەرکوک بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکردبێت، ئەوە هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی کورد و بەشداریکردنیان بە چەند لیست و قەوارەیەک....

٢- جێگای نیگەرانییە کورد بە چەند لیست و قەوارەیەک بەشداریکرد لەم هەڵبژاردنەدا کە ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگەکان بە هەدەر درا و سودی لێ وەرنەگیرا ...، بەهۆی ئەوەی سیستەمەکە (سانتلیگۆی هەموارکراوی ١٫٧)ە نەک سیستەمی (نوێنەرایەتی ڕێژەیی)، کە لانیکەم  کورسییەک زیانی بەکورد گەیاند.

٣- ڕاستە لیستێکی کورد کە لیستی یەکێتی نیشتمانییە (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و قەوارەی براوەیە، بەڵام لێرەدا کورسی گرنگە نەک دەنگ، کورسیەکانی کورد (٧) کورسیە لەگەڵ (١)کورسی مەسیحیەکان کە نزیکە لە یەکێتی نیشتمانی و لە بەرامبەردا کورسی عەرەب و تورکمان پێکەوە(٨) کورسیە.

لەبەر ئەوە ئەگەرێکی زۆر هەیە کێشە بۆ کورد دروست بێت لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار و کۆمەڵێک بابەتی دیکە لە ئایندەدا، بەتایبەتی گەر عەرەب و تورکمان هەماهەنگی بکەن کە پێشبینیکراوە.

بۆیە پێویستە کورد یەکگرتوو بێت و خۆی ئامادە بکات بۆ هەمو ئەگەر و ئاڵەنگارییەک لەداهاتودا، هەرچەندە بەگوێرەی(مادەی "١٣" ياسای ژمارە "٤"ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزاکان ژمارە"١٢"ی ساڵی ٢٠١٨) دەبێت دەسەڵاتەکان بە ڕێژەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەشێوەیەک زامنی بەشداریکردنی پێکهاتەکانی پارێزگاکە بکات بەدەر  لە ئەنجامی هەڵبژرادنەکان.

٤- ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆکۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و دەسەڵاتی فیدراڵیش، گەرجی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و سەربازیش بەدەست کوردەوە نییە لەلایەک و ئەم هەڵبژاردنەش لەژێر سەرپەرشتی(کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق) ئەنجامدراوە لەلایەکی تر، لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتەی کورد زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و پێکهاتەی سەرەکی کەرکوکە.

٥- لەگەڵ ئەوەی کورد وەک پێکهاتە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە (بەدەنگە تایبەتەکانەوە)و لیستێکی کورد کە لیستی یەکێتی نیشتمانی(کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) قەوارەی براوەیە، بەداخەوە ڕێژەی دەنگی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان پێکەوە زیاترە لە دەنگەکانی کورد.

ئەم ئەنجامەش کوردستانیبوونی کەرکوک لەبەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و لەڕوی مەعنەوییەوە بۆ کورد شکستە. هەرچەندە ئەنجامی ئەم هەڵبژرادنە کاریگەری لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی کەرکوک و مادەی(١٤٠ی دەستور) نییە بە گوێرەی(مادەی "١٣" ياسای ژمارە "٤"ی ساڵی ٢٠٢٣).

٦- ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە بەشێویەکی ڕێژەیی یەکێتی نیشتمانی توانیویەتی خەڵکە زویر و ناڕازیەکەی خۆی ئاشت بکاتەوە، سەرکەوتو بووە لە بەدەست هێنانی دەنگی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی، کاری جدی کردوە بۆ گێڕانەوەی سەنگی خۆی لەو شارەدا.

٧- دەنگدەری گۆڕان زۆرینەیان دەنگیان بەیەکێتی داوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە ڕەنگە یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان بە یەک لیست دابەزن یان گۆڕان وەک ئەوحزبەی کە هەبووە هەڵبوەشێتەوە و زۆرینەی ڕەها بچنەوە ناو یەکێتی.

٨- لایەنە ئیسلامیەکان شکستی بەرچاویان هێناوە لەم هەڵـبژاردنەدا، بەهۆی ناڕازیبونی جەماوەرەکەیان لە ئەدای سەرکردایەتی سیاسی ئەو حزبە ئیسلامیانە لەلایەک و ڕێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ سەلەفیەکان و سەرکەوتنی لە دیاریکردنی کاندید بۆ ڕاکێشانی دەنگی لایەنەکانی دیکە و دۆست و لایەنگرانی حزبە ئیسلامیەکان لە لایەکی تر.

٩- - پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتوو نەبووە لە ئیدارەدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئاشتکردنەوەی خەڵکە زویرەکانی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنی دەنگەکانی پارتی، بۆیە پێویستە پارتی سود لەپەیامی ئاگادارکردنەوەی دەنگدەرەکانی وەربگرێت...

١٠- پێدەچێت ڕێژەیەک لە دەنگدەر و خەڵکە زویرەکانی پارتی دەنگیان نەدابێت یان دەنگیان دابێت بە نەوەی نوێ، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەم سیناریۆیە بە شێوەیەکی فراوانتر و ڕونتر دەبینرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن