42وتار

لەبری ئەوەی خەڵک تەخوین بکرێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن

10/6/2023 8:50:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

ماوەیەکە باس دەکرێت کۆمەڵێک لە ھەوڵی ئەوەدان ڕاستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لەبەغداوە بێت ، لەسەر ئەم پرسەش ھەرێمی کوردستان بووە بە دوو بەرەوە ، بەرەیەک پێی وایە ئەم ھەوڵە ھەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی موچەخۆرانی ھەرێم، لەلایەکی تریشەوە بەرەیەک ھەیە کە پێی وایە ئەم ھەنگاوە پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز دەکات و زیان دەگەیەنێت بە قەوارەی سیاسی ھەرێم.

لەڕاستیدا ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدراڵ چەسپیوە لە دەستوری ھەمیشەیی عێراقی 2005 ، خاوەنی دەسەڵاتە گشتییەکانی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری)یە.

بەداخەوە لەئەنجامی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ بەشێوەیەکی نادروست و نەخوێندنەوەی لێکەوتەکانی پرۆسەی نادەستوری ھەناردەکردنی نەوت و گەندەڵی و سیمای دوو ئیدارەیی...ھتد، دواتر بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی بە نادەستوری و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ھەرێم و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی پاریس بە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەڕێگای بەندەری جیھانەوە بە شێوەیەکی تاک لایەنە و بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵ، بەوپێیەی کۆمپانیای سۆمۆ تەنها لایەنی فەرمی ھەناردەکردنی نەوتە لە عێراقدا، ھەموو ئەمانە وایانکرد ھەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر باری زیاتر لە (٣١ملیاردۆلار)ی قەرز و جاڕی شکستی ئابوری بدات و لەکۆتاییدا مەلەفی نەوت وگاز و مەلەفی دارایی و ئابوری تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵ بکات بە پەسەند کردنی یاسای بودجەی فیدراڵی (2023،2024،2025).

لە ئێستادا جێی خۆیەتی ئەوە بڵێین لە ئەنجامی گەندەڵی و نەبونی سیاسەتێکی ئابوری دروست و حوکمڕانییەکی ڕەشیدە ھەرێمی کوردستان کەوتۆتە ئەم دۆخەوە و قەوارەی سیاسی هەرێم پێگەی خۆی لەدەستداوە، بێ ویژدانییە ئەنجامی کەمتەرخەمی دەسەڵاتی سیاسی بخرێتە ئەستۆی موچەخۆرێک کە سێ مانگە موچەی وەرنەگرتووە و کرێ خانوی نەداوە و خاوەن خانوو داوای کرێکەی لێدەکات، موچەخۆرێک کە ناتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ خێزان و منداڵەکانی دابین بکات ، توانای دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی نییە بۆ نەخۆشێک کە لە خێزانەکەیدا ھەیە ، موچەخۆر داوای بچوکترین مافی خۆی دەکات لەو کەسانەی کە ھۆکارن بۆ ئەم شکستە سیاسی و ئابورییەی کە ھەرێمی کوردستان تێی کەوتووە !، موچەخۆران لە خەمی دابینکردنی سوتەمەنی زستانن نەک پلان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە کریسمسدا ، لەخەمی دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی خێزانەکانیانن نەک جلی مارکە و گەشتی دەرەوەی وڵات ، موچەخۆران دەیانەوێت تەنھا بتوانن کرێی ھاتوچۆ دابین بکەن نەک ئۆتۆمبێلی گرانبەھا و دانسقە .....ھتد.

پێویستە موچە و ماف و داواکاری موچەخۆران جیابکرێتەوە لەئەجیندای هەندێک لایەنی سیاسی، موچەخۆران داواکەیان یاسایی و ئاساییە نەک داوایەکی سیاسی، مەرج نییە ھەمو کەسێک سیاسی بێت، بە سیاسی کردنی کۆمەڵگا کارێکی نادروستە، بێ ویژدانییە موچەخۆرێک لە ئەنجامی بێ ھیوایی لە دەسەڵاتی سیاسی ھەرێم ڕاستەوخۆ داوای موچەکەی بکات لە بەغداد بە ناپاک لەقەڵەم بدرێت.

گەندەڵی ناپاکییە ، فرۆشتنی خاک ناپاکییە ، بازرگانیکردن بە چارەنوس و پرسی نەتەوە ناپاکییە....
ئەگەر ئینتیما و متمانەی هاوڵاتیانیش لاواز بووبێت ئەوە دەسەڵات لێی بەرپرسە نەک هاوڵاتی ئاسایی.
ئەرکی حکومەتی هەرێمە پارێزگاری بکات لە ژیان و سامانی ھاوڵاتیان و ماف و ئازادییەکانیان زامن بکات و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات تا داوا لە بەغدا نەکەن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن