هەڵە کوشندەکەی "ئەردۆغان"، "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" دەکاتە سەرۆک کۆماری تورکیا؟
3/20/2025 1:55:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
وتەیەکی باو هەیە لە تورکیا " هەرکەسێک ئیستانبوڵ بەرێتەوە حوکمڕانی تورکیا دەکات " ئەمە ترسە گەورەکەی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"ە و "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" "Ekrem İmamoğlu“ی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بۆتە مۆتەکەی.
سەرلەبەیانی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٣/١٩ پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتایە سەر ماڵی "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ سەر بە پارتی "CHP"ی ئۆپۆزسیۆن و دەستگیری کرد، بە تۆمەتی ئەوەی کە ناوبراو بڕوانامەی زانکۆی ساختەیە و زانکۆی ئیستانبوڵ بڕانامەکەی پوچەڵ کردەوە، هەرچەندە میدیاکان لە زاری نوسینگەی داواکاری گشتی لە تورکیا بڵاویانکردۆتەوە کە دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە دۆسیەی گەندەڵییەوە هەیە کە سەد کەسی تری تێدا دەستگیر کراوە لە ناویاندا سەرمایەدار و میدیاکاریش هەیە.
لە ڕاستیدا ئەم دەستگیرکردنە بۆ ڕێگریکردنە لێی لە بەشداری کردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و ڕکابەری "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆمار کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٨ ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی کە بڕیاربوو ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو وەک تاکە کاندیدی"CHP" دەست نیشان بکرێت و بناسرێت.
یەکەم جار نییە ئەم ڕێکارانە لە دژی بگیرێتە بەر، پێشتریش دەسەڵاتی دادوەری و بڕیاری دادگا بەکارهێنرا بۆ دورخستنەوەی لە ڕکابەری "ئەردۆغان" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ساڵی ٢٠٢٣.
شایەنی باسە "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو"ی ئەندازیار و سەرمایەدار لەساڵی ٢٠١٩ بە سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا و شکستی بە "بينالي يلدريم" سەرۆک وەزیرانی پێشوو و کاندیدە بەهێزەکەی "AKP" و "ئەردۆغان" هێنا، بەڵام لە لایەن "AKP" تانە درا لە ئەنجامەکان و دەسەڵاتەکانیان بەکار هێنا بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، ئەوەبوو دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاریدا بە پەسەند نەکردنی ئەنجامەکە و دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنەکە، پاشان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەشدا "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت و وەک یەکەم "سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ" ی ئۆپۆزسیۆن لەساڵی ١٩٩٤ ەوە هەڵبژێردرێت.
لەساڵی ٢٠٢٤ دووبارە بە سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرایەوە و شکستی بە"موراد کوروم" وەزیری ژینگە و کاندیدی "AKP" و "ئەردۆغان" هێنا.
دوا بەدوای دەستگیرکردنی "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" شەقامەکانی ئیستانبوڵ خرۆشا و خۆپیشاندان زۆرێک لە شارەکانی گرتۆتەوە، لیرەی تورکی دابەزینی دیکەی بەخۆیەوە دی، ئەم هەنگاوە هەڵەیەی "ئەردۆغان" هێندەی تر پێگەی "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" بەهێزتر دەکات و جەماوەری زیاتر دەکات، بەدڵنیاییەوە لایەنگرانی "ڕەوتی خزمەت" و هەموو نەیارانی دیکەی "ئەردۆغان" لەدەوری "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" کۆدەکاتەوە بە کوردیشەوە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی و دانوستانی نێوان تورکیا و "PKK" شکست بهێنێت...
هەموو ئەمانە وادەکەن لە داهاتودا "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" شکست بە "AKP" و "ئەردۆغان" بهێنێت و چانسی بوونی بە سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ساڵی ٢٠٢٨ زیاتر بێت.