37وتار

هەرێمی کوردستان لەنێوان ئەمریکا و ئێران ، وروژاندنی شارە زەردەواڵە

1/18/2024 8:33:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەگەر چی لە ڕواڵەتدا خۆی دەبینێتەوە لە ناکۆکی و ململانێ لە نێوان دوو دوژمنی سەرسەخت تا ئاستی بانگەشەی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی قەوارەی یەکتر، بەڵام لە ناوەڕۆکدا جیاواز لە ململانێکانی دیکەی جیهان سروشتێکی تایبەتی هەیە، فرە ڕەهەند و ئاڵۆزە، خوێندنەوەی جیاواز و دژ بەیەک هەڵدەگرێت.
 گەر قووڵ بڕوانینە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات و بگەڕێینەوە بۆ مێژوی پەیوەندییان، دەبینین ئەمریکا و ئێران چەند دژی یەکبوون ئەوەندەش پێویستییان بە یەکبووە، ململانێی نێوانیان زیاتر دەکرێت بڵێین ڕکابەرییە بۆ سەپاندنی هەژمون و باڵادەستی لە ناوچەکەدا، نەک لەناو بردنی قەوارەی یەکتری.
لەلایەکەوە بوونی ئێران بۆ ئەمریکا چەند مایەی سەر ئێشەیە ئەوەندەش پێویستە، بێگومان ئەم هۆکارەشە وای کردوە هەندێک جار ئێران زیاد لە سنور و توانای خۆی ڕەفتار بکات.
گەر دێوەزمەی ئێران نەبێت ئەمریکا ناتوانێت سەدان ملیار دۆلار لە وڵاتانی کەنداو بکێشێتەوە و بازار بۆ کۆمپانیاکانی چەک و تەقەمەنی پەیدا بکات و دەست بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا بگرێت، هەر بۆیه مانەوەی ئێران وەک قەوارە و جەمسەرێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا چ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوریەکان و چ بۆ هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە تورکیا بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، پێشتریش لە شەڕی یەکەمی کەنداودا (جەنگی عێراق-ئێران) ئەمریکا سیاسەتی (الاحتواء المزدوج)ی بەکار هێناوە و چەند هاوکاری عێراقی کردووە ئەوەندەش هی ئێرانی كردووە و گرێبەستی (Iran–Contra affair) وەک بەڵگە.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی (ئسرائیل) نەبێت ئێران ناتوانێت سۆزی ئاینی و مەزهەبی گەلان و وڵاتان و ڕێکخراوە سیاسی و بزوتنەوە چەکداریە ڕادیکالیەکانی ناوچەکە بەکار بهێنێ وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و جێبەجێکردنی ئەجنداکانی و سەپاندنی هەژمونی خۆێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا.
بۆیە تا ئێستا جگە لە ململانێی هەواڵگری ئەم دوو وڵاتە نەکەوتونەتە شەڕی ڕوو بەڕوو و سەرجەم ناکۆکیەکانیان لە ڕێگای بریکارەکانیانەوە یەکلا کراونەتەوە، لەم ڕووەشەوە ئێران هاوپەیمان و بریکارەکانی لە ڕوانگەیەکی ستراتیجی و بۆ دوور مەودا و بە شێوەیەکی جۆری دیاری دەکات لە بەرامبەر دڵسۆزیەکانیان هەموو  پشتیوانی و پاڵپشتییەکیان دەکات، بە پێچەوانەی ئەمریکاوە کە جگە لە ئسرائیل زیاتر هاوپەیمانەکانی کاتین و بۆ مەبەست و کاتێکی دیاریکراو پشتیوانیان دەکات بێ گوێدان بە چارەنوسیان، ڤێتنام ئۆکراینا، ئەفغانستان، شۆڕشی ئەیلول بەنمونە.
هەرچەندە شەڕی غەزە کەم یان زۆر و بە شێوەیەکی گشتی لێکەوتەی هەیە لەسەر وڵاتانی جیهان بەڵام بەهۆی تایبەتمەندێتی خودی ململانێکەوە لە ڕوی ئاینی و نەتەوەییەوە لێکەوتەی تایبەت و ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر تەواوی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا، بێگومان لەگەڵ درێژە کێشانی ئەگەر هەیە پریشکی ئاگری ئەم جەنگە بەتەواوی ناوچەکەدا بڵاو بێتەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە کە باس بکرێت هەرێمی کوردستان چۆن خۆی بەدور بگرێت لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لەلایەک و پریشکی جەنگی غەزە لە لایەکی تر؟ :
١- خۆساغکردنەوە لەسەر بەرەیەکی ئەم ناکۆکییە هەڵەیەکی گەورەیە، پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر بچوکترە لە ئاست پێگەی لایەنەکانی ئەم گەمەیە کە دەوڵەتی زلهێزن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی.
٢- هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ دابەش بووە، خاوەنی بڕیاری سیاسی یەکگرتوو نییە بۆیە هەڵەیەکی کوشندەیە ببێت بە بەشێک لەو ململانێیە.
٣- وڵاتی ئێران دراوسێمانە پەیوەندییەکی قوڵی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی لەمێژینە هەیە لەنێوانماندا، بە درێژایی خەباتی گەلی کوردستانی عێراق وڵاتی ئێران پشتیوانی شۆڕشەکانی کوردی کردووە لەباشور و خاکی ئێران لانەی هەزارەها ئاوارە و دەربەدەری کوردی باشور بووە لە سەردەمانی ئەنفال و کیمیاباران و ئاواڕەبوونی گەلی کورود و تەنانەت ئێران یەکەم وڵات بووە لە هێرشی داعشدا بە فریای هەرێمی کوردستان کەوتووە، ئەم خاڵانە پێویستە بەهەند وەربگیرێن.
٤- دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاو بێت شەڕی غەزە کەم یان زۆر پەیوەندی بەشەڕی ئۆکرایناوە هەیە و ئەویش بەشێکە لەململانێی نێوان ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە لایەک و ڕوسیا لەلایەکی تر، بۆیە کورد بەهەر شێوەیەک تێوەبگلێت لەم گەمەیە دەبێت بەژێر دەست وپێوە بەهۆی ئەوەی لاوازترین خاڵی گەمەکە دەبێت.
٥- ئێمەی کورد دەکرێت هاوپەیمانی ئەمریکا بین لە ناوچەکەدا بۆ پرسەکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و ئابوری ...هتد، بەڵام لە بابەتی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا ناتوانین هاوشێوەی ئسرائیل پشتیوانی ئەمریکا بکەین هۆکارەکانیش زۆرن: 
ٲ- هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و بەراورد بە ئسرائیل لەڕوی ئابوری و سیاسییەوە لاوازە و توانای ململانێی نیە لەگەڵ ئێران.
ب- گەلی کورد زۆرینەی موسوڵمانە جیاواز لە گەلی جولەکە کە ڕەهەندێکی ململانێکەیان ئاینییە لەگەڵ ئێران.
ج- هەرێمی کوردستان سنوری بە ئێرانەوەیە پێچەوانەی ئسرائیل، بۆیە هەر ململانێ و دژایەتی کردنێکی ئێران دەبێتە کارێکی خۆکوژی.
د- ئسرائیل خاوەنی ئابورییەکی بەهێزە و لە ڕوی سەربازی و تکنەلۆجیا و توێژینەوە و داهێنانی تەندروستی و کشتوکاڵی ...هتد لەسەر ئاستی جیهان پێشەنگە، بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان جگە لە دابەشبوون و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان هێشتا حکومەتی هەرێم سێ موچەی ساڵی ڕابردووی موچەخۆران و فەرمانبەرانی نەداوە و تەماتە و سەوزەمان لە ئێرانەوە بۆ دێت...
هەر بۆیە کوردستان ناتوانێت ببێتە بەشێک لە ئەجندای ئەمریکا بۆ لێدانی بەرژەوندییەکانی ئێران، بەتایبەت کە ئەمریکا بەهەزاران کیلۆمەتر دوورە لێمان و ئێران دراوسێمانە.
ئێران تا ئێستا سێ جار پەیامی داوە بەهەرێمی کوردستان یەکەم - لێدانی بارەگاکانی حزبە کوردیەکانی ڕوژهەڵات لەکۆیە و زڕگوێز و پردێ.
دووەم- لێدانی شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی کۆمپانیاکانی کار .
سێیەم- لێدانی ماڵی وەبەرهێنەر پێشڕەو دزەیی خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن.
جێگای داخە ئەم موشەک باران و بۆردومانانە زیانی گیانی لێکەوتۆتەوە و خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردۆتە قوربانی ئەمەش وێنەی ئێران ناشرین دەکات وەک دراوسێیەک کە لە مەینەتیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەمیشە هاوکار بووە ، جگە لەوەش پەیوەندی لەمێژینەی گەلی کوردستانی عێراق و گەلانی ئێران لاواز دەکات، وا دەخوازێت جمهوری ئیسلامی ئێران ڕەچاوی ئەو پەیوەندیە لەمێژینەییە بکات و مامەڵەیەکی نەرمتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.
ئێران وەک شارە زەردەواڵە وایە نابێت بوروژێنرێت، گەر هەرێمی کوردستان هەوڵ نەدات مەترسیەکانی ئێران بڕەوێنێتەوە و دڵنیاییان پێبدات کە بەشێک نیە لەو ئەجندایەی دژ بە ئێران لە ئارادایە ڕەنگە ئامانجی داهاتوی ئێران دامەزراوە سیاسیەکانی هەرێم و کەسایتییە سیاسیەکانی هەرێم و قەوارەی سیاسی هەرێم بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن