لادانی حەلبوسی داکوتینی دوا بزمار بە تابوتی هاوپەیمانی سیانی (صدر، پارتی، حەلبوسی)
11/18/2023 5:44:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
بڕیاری
دادگای باڵای ئیتیحادی لەداوای ژمارە(٩/اتحادية/2023) لە ڕێکەوتی 14/11/2023 تایبەت بە کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی(حەلبوسی)و
لادانی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند ڕەهەندی یاسایی هەیە و لە ڕوکەشدا
هۆکارەکەی پێشێلکاری دەستور و یاسای
(قانون رقم ١٣ لسنـة ٢٠١٨ قانون مجلس النواب وتشكيلاته) ئەوەندە و بگرە زیاتریش ڕەهەندی
سیاسی هەیە و پەیوەندی بە ململانێ سیاسیەکانی ناو عێراق و یەکلاکردنەوەی ململانێ ئیقلیمی
و نێودەوڵەتیەکانەوە هەیە.
لەدوای
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لایەنە سیاسیەکان لە عێراق دابەشبوون لەنێوان
دوو بەرەی سیاسیدا، (التحالف الثلاثي، کتلة انقاذ الوطن) کە پێکهاتبوو لە (صدر و
پارتی و "تحالف السيادة"ی سونەکان) لەلایەک و (الاطار التنسیقي) لەلایەکی
دیکە كە لایەنە سەرەکییەکانی شیعە(حزب الفضیلة، حركة العطاء، ائتلاف دولة القانون، حركة الحقوق، تحالف الفتح، تحالف قوی الدولة) پێک هاتبوو و نوێنەرایەتی و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ماڵی شیعە دەکەن و لە
لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
سەرەتا
فشارەکان خرانە سەر پارتی و لەڕێگای دۆسێیەی نەوت و گاز و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی
بە نادەستوری و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژماره [(59/اتحادیة/2012)
و موحدتها (110/ اتحادیة/ 2019) له
15/2/2022]و هەوڵدان بۆ فراوانبوونی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکانی
نێوان پارتی و یەکێتی و بچوک کردنەوەی توانا و دەسەڵات و کاریگەریەکانی پارتی لە
پرۆسەی سیاسی عێراقدا. لەکۆتایدا داماڵینی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و کۆت و بەند
کردنی هەرێم لەڕێگای دەرکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی [قانون رقم (١٣) لسنة ٢٠٢٣
قانون الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق للسنوات المالية(٢٠٢٣ ــ ٢٠٢٤ ــ
٢٠٢٥)].
دوای
ئەوەی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو(صدر) بڕیاری کشانەوەیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران و
کۆی(٧٣)ئەندامەکەی (ڕەوتی صدر) دەست لە کارکێشانەوەیان پێشکەشکرد بە نییەتی هەڵوەشاندنەوەی
ئەنجومەنی نوێنەران و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەم هەڵە کوشندەیەی
(صدر) ئەنجامەکەی ئەوە نەبوو کەچاوەڕێی دەکرد بەپێچەوانەوە هاوپەیمانەکانی (پارتی
و "تحالف السيادة")نەکشانەوە و (صدر)کۆی کورسیەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران
لەدەستدا و پڕکرانەوە بە ئەندامی نوێ لە لایەنەکانی دیکەی شیعە و (صدر) كەوتە داوی
هەڵە و بڕیاری بە پەلەی خۆی و پیلان و بەرنامەی (الاطار التنسیقي) و خرایە دەرەوەی
پرۆسە دەستوریەکە.
قۆناغی
سێیەمی پلانی (الاطار التنسیقي) بریتیبوو لە وەشاندنی گورزێکی کوشندە لە (حەلبوسی)
هاوشێوەی ئەو گورزەی لە(طارق الهاشمي)درا لە ڕابردوودا بەمەبەستی دورخستنەوەی لە
پرۆسەی سیاسی و داوای یاسایی (لیث الدليمی) دژ بە حەلبوسی لە دادگای باڵای ئیتیحادی
باشترین فرسەت بوو بۆ وەشاندنی ئەو گورزە.
بەم هەنگاوەش
دوا بزمار درا لە تابوتی هاوپەیمانی سیانی (صدر، پارتی، حەلبوسی) و(الاطار التنسیقي)
سەرکەوتنی ڕاگەیاند.