124وتار

قۆناغە مەترسیدرارەکانی ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان

8/20/2023 12:00:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

خوێندنەوەیەکی یاسایی ، ھەواڵگری


قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە بەرھەمی یەکگرتنی خەباتی گەلی کورد و بەرژەوەندی وڵاتانی زلھێز بوو لە ناوچەکدا ، بەتایبەتی پاش ھەڵەی رژێمی پێشوی بەعس بە داگیرکردنی وڵاتی کویت.

لە دوای ڕوخانی ڕژێم و پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە پرەنسیپی فیدراڵی لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز چەسپی و قەوارەی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی دەستوری بەدەست ھێنا و وەک ھەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتودا ناسێنرا .

بەھۆی لاوازی حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجامی ناکۆکییە تایەفییەکان و ئاڵەنگارییە سیاسییەکانی بەردەمی و مەترسیەکانی تیرۆر ، ھەرێمی کوردستان زۆرێک لە سنوری دەستوری دیاریکراوی خۆی تێپەڕاندبوو، ھەرچەندە دەشکرا ھەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە بنێت گەر مامەڵەیەکی دروست و لۆژیکییانەی لەگەڵ دۆخەکەدا بکردایە.

بەڵام بوونی ھەرێمی کوردستان بە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئارامی نێو دەوڵەتی و ئاسایشی ھەرێمایەتی (بیان صحفي صادر عن مجلس الامن بشان العراق،٢١/٩/٢٠١٧) بەھۆی ھەنگاوی تاک لایەنە بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ھۆشدارییە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکان لەسەروی ھەموشیەوە ھۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە لێکەوتە نەرێنییەکانی، ھۆکار بوون بۆ دەست لێبەردانی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان و بەئاگاھێنانەوەی وڵاتانی ھەرێمی لە مەترسی ھەنگاوەکانی ھەرێمی کوردستان بۆسەر ئاسایشی نیشتمانییان و ڕێکەوتن و ھەوڵدان بۆ لەقاڵبدانی ھەرێمی کوردستان و بچوککردنەوەی ئەم قەوارەیە بە شێوەی قۆناغبەندی، ھاوتەریب لەگەڵ ئەم قۆناغانەشدا ھێزە چەکدارەکانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و باکوور و ڕۆژ ئاواش بەشێکن لە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنی وڵاتانی ھەرێمی، بەشێوەیەک ھاوشێوەی چارەنوسی ( مجاھدینی خلق) ھەریەکە لە پارتە چەکدارەکانی ڕۆژھەڵات و (PKK) چەک دەکرێن و ھەوڵی ڕەوانەکردنیان دەدرێت بۆ وڵاتی سێیەم ، ئەوەی پەیوەندی بە ڕۆژئاواشەوە ھەیە کانتۆن و ناوچەکانی خۆبەڕێوەبردن ھەڵدەوەشێنرێتەوە و دەخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا.

سەرەتا ھەرسێ وڵاتی ھەرێمایەتی (تورکیا، ئێران، سوریا) ھەماھەنگیان ئەنجامدا لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و پێکھێنانی ژوری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش(غرفة العملیات المشتركة) بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستکرا بە دانانی پلانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە و ھەوڵدان بۆ لە قاڵبدانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز.

یەکەم ھەنگاوی پراکتیکی بریتیبوو لە گرتنەبەری ھەنگاوی یاسایی بە پێی بڕیارەکانی دانیشتنی ژمارە (٢٢و٢٣)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (٢٥و٢٧/٩/٢٠١٧) کە بڕیاردرا بە ئەنجامدانی ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە سنوریەکانی دەرەوەی دەسەلاتی فیدراڵی و لە (٢٩/٩/٢٠١٧) بڕیاری داخستنی دەروازە سنوریەکان و فرۆکەخانەکانی ھەرێم درا بەڕوی گەشتی فڕۆکە و خرانە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی.

ھەروەھا بڕیاردرا بە گرتنەبەری ھەمو ڕێکارێک بۆ گێڕانەوەی کێڵگە نەوتیەکانی باکوور لە کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان و بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.

جگە لەوەی بڕیاردرا فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان ھەموو ڕێکارێکی دەستوری و یاسایی بگرێتە بەر بۆ پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێراق و فەرمان بدات بەگەرانەوە و دووبارە بڵاوکردنەوەی ھێزی فیدراڵی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش (١٠/٦/٢٠١٤) ، بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، حکومەتی فیدراڵ ھێزی سەربازی جوڵاند بۆ ناوچە جێ ناکۆکەکان و لە (١٦/١٠/٢٠١٧) شاری کەرکوکی کۆنترۆڵ کرد و لەچەند رۆژێکدا نزیکەی (٥١%)ی خاکی کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی .

لە ڕێکەوتی (٦/١١/٢٠١٧) دادگای باڵای ئیتیحادی بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە (تفسیر) ڕاڤەکردنی مادەی (١)ی دەستور و ڕایگەیاند ھیچ دەقێک نییە لە دەستوری عێراق ڕیگە بە جیابونەوەی پێکھاتەیەک بدات لە عێراق.
دادگای باڵای ئیتیحادی بەوپێیەی گەورەترین دەسەڵاتی دادوەریە لە عێراق بڕیاریدا بە نادەستوری ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی و نەھێشتنی سەرجەم دەرھاویشتە و ئاکامەکانی ، لە داواکانی (٨٩و٩١و٩٢و٩٣/اتحادية/٢٠١٧) لە (٢٠/١١/٢٠١٧).

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە (٢١/١١/٢٠١٧) نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی دەرکرد بۆ پشتوانی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی لە عێراق و داوای لەدەسەڵاتدارانی ھەرێم کرد پابەند بن بەو بریارەوە کە بریتیبوو لە ڕەتکردنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی و نەبونی ھیچ بنەمایەکی دەستوری .

پاشان دەرکردنی یاسای ژمارە(٢٥)ی ساڵی ٢٠٢١ ھەمواری یەکەمی فەرمانی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی (قانون المحکمە الاتحادیە العلیا)و دووبارە پێدانی شەرعیەتی دەستوری بە دادگاکە، کە ئامڕازی دەستورییە بۆ لە قاڵبدان و بچوککردنەوەی قەوارەی ھەرێم.

ئەوەی جێگای گومانە بەشداری فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەم شەرعیەت پێدانە بە دادگای باڵای ئیتیحادی!.

دوابەدوای ئەویش بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە ( ٥٩/ اتحادية /٢٠١٢ وموحدتھا ١١٠/ اتحادية / ٢٠١٩)  لە (١٥/٢/٢٠٢٢) بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت وغازی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان و لێسەندنەوەی مەلەفی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان.

بۆ پشتیوانی لە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕۆژی (٢٣/٣/٢٠٢٣) دەستەی ناوبژیوانی پاریس سەر بە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی (ICC) بڕیاریدا بە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەڕێگای بەندەری جیھانەوە بە شێوەیەکی تاک لایەنە و بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵ، بەوپێیەی کۆمپانیای سۆمۆ تاکە لایەنی فەرمی ھەناردەکردنی نەوتە لە عێراقدا.  

بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣و٢٠٢٤و٢٠٢٥)، ھەرێمی کوردستان تەواوی مەلەفی ئابوری و داراییشی تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵی کرد.

بە پێی ئەم یاسای بودجەیەوە ھەرێمی کوردستان کەوتە ژێر (وصاية) و(ولاية)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ، پشکی ھەرێم لە (١٧%) کەمبۆوە بۆ (١٢،٦٧%).

ھەژماری بانکی داھاتی نەوتی ھەرێم و ھەژماری شایستە داراییەکانی ھەرێم لەژێر کۆنترۆڵَی حکومەتی فیدراڵدا دەبێت بۆ کۆکردنەوەی داھاتی ھەرێم و تمویل کردنی ھەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە (یاسای بودجە م١٣ ،اولا ،أ و ب) و مەلەفی نەوت و دارایی ھەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری و دارایی فیدراڵ چاودێری و وردبینی دەکرێت (یاسای بودجە م١٣ ،اولا ،أ و ب ، م١٣، ثانيا ) وەک ھەر وەزارەت و بەڕیوەبەرایەتییەکی گشتی.

لەگەڵ تەواوی داھاتی نەوتی دەبێت ھەرێمی کوردستان نیوەی داھاتی نانەوتیش لە باج و رسوماتی فەرمانگە فیدراڵیەکان بداتە حکومەتی فیدراڵ (یاسای بودجە م١٢، ثانيا، د).


لەلایەکی تریشەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی (تمویل)کردنی ڕاستەوخۆی شایستە داراییەکانی ھەیە بۆ پارێزگاکانی ھەرێم بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان (یاسای بودجەم ١٣، ثامنا ، أ ، ب) و مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێم وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە ڕێک نەخراون لە ھەرێمێکدا ، ئەمەش جۆرێکە لە پێشێلکردنی پرەنسیپی فیدراڵی بە مامەڵەی ڕاستەوخۆی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ پارێزگایەکی سەر بەھەرێمێک و گوێ نەدان بە کەسایەتی یاسایی حکومەتی ھەرێمەکە و ھەنگاوێکە بۆ بەکار ھێنانی کارتێک دژ بە ھەرێمی کوردستان و کەرتکردنی بۆ دوو ھەرێمی لاواز بە فۆڕمی پارێزگا ، بە پشت بەستن بە مادەی (١١٩)ی دەستور کە ماف دەدات بە ھەر پارێزگایەک یان زیاتر بە پێکھێنانی ھەرێمێکی فیدراڵ لە ڕێگای ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر داواکارییەک کە پێشکەش دەکرێت و بەرزدەکرێتەوە لە لایەن یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەو پارێزگایانەی کە دەیانەوێت ھەرێم پێک بھێنن یان یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی ھەر پارێزگایەک کە دەیەوێت ھەرێم پێک بھێنێت.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ھەماھەنگی وڵاتانی ھەرێمی و حکومەتی فیدراڵ بۆ لەقاڵبدانی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە تێکدانی یەکگرتویی نێو ماڵی کورد و ڕێگە خۆشکردن بۆ تەشەنەسەندنی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت گەندەڵی سیاسی و بێ بەھاکردنی دامەزراوە دەستوری و یاساییەکان و لاوازکردنی پێگە سیاسیەکان و ھاندان بۆ دانانی کارەکتەری لاواز و کەسانی نەشیاو لە پێگە و پۆستەکاندا، ھەروەھا ڕێگە خۆشکردن بۆ گەندەڵی دەسەڵاتداران و سیاسەتێکی ئابوری نادروست لە ھەرێمدا بە شێوەیەک بکەوێتە ژێر باری زیاتر لە (٣١ملیار دۆلار قەرز)، بەم شێوەیەش دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی سەنگ لەدەستدەدات و بۆشایی نێوان ھاوڵاتیان و دەسەڵات فراوان دەبێت و متمانە بە حکومەت نامێنێت و ئینتیمای نیشتمانی لاواز دەبێت تا ئەو ڕادەیەی ئێستادا ، کە ڕاپرسیەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن ھاوڵاتیانی کوردستان داوای گەڕانەوە بۆ سەر بەغدا دەکەن و بە چارەسەری گرفتەکانیانی دەزانن.

دوابەدوای زامنکردنی یەک پارچەیی خاکی عێراق بە (تفسیر) کردنی مادەی (١)ی دەستور کە ھیچ دەقێک نییە لە دەستوری عێراق ڕیگە بە جیابونەوەی پێکھاتەیەک بدات و بڕیاری نادەستوری ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی و نەھێشتنی سەرجەم دەرھاویشتە و ئاکامەکانی ، لەگەڵ گێڕانەوەی (٥١%)ی خاکی کوردستان بۆ ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی فیدراڵی، پاشان وەرگرتنەوەی مەلەفی نەوت و گاز و مەلەفی دارایی لە ھەرێمی کوردستان ، دواتر نەھێشتنی سەنگی سیستەمی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان و بێ بەھا کردنی حکومەتی ھەرێم و دامەزراوەکانی، کۆمەڵێک پلانی دیکە جێبەجێ دەکرێت و بەچەند قۆناغێک لەوانەش:  

دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ (دەستور م١١٢،اولا)و یاسای بەڕێوەبردنی گومرگەکان(دەستور م١١٤، اولا) کە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان دەرناچن بەھۆکاری لاوازی تیمی دانوستانکاری ھەرێم و نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بە شاھدی ئەزمونی ڕابردویان، دەرکردنی یاساکان لە بەرژەوەندی زۆرینەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

پاشان بە پێی مادەی (١١٠- اولا، ثانيا، ثالثا) لە دەستور ھەریەک لە پسپۆڕیەتی دانانی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی دبلۆماسی، لەگەڵ دانانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و جێبەجێکردنی و پێکھێنانی ھێزە چەکدارەکان و بەڕێوەبردنیان بۆ پارێزگاریکردن و زامنکردنی سنورەکانی عێراق، ھەروەھا دانانی سیاسەتی دارایی و گومرگی و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنوری ھەرێمەکان و پارێزگاکان لە عێراقدا دەکەونە ناو چوارچێوەی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان .  

ھەرێم تەنھا ئۆفیسی دەبێت لە نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەکانی عێراق بۆ کاروباری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و پەرەپێدان (دەستور م١٢١، چوارەم)، جگە لەوە ھەرێم تەنھا مافی پێکھێنان و ڕێکخستنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ھەیە وەک (پۆلیس، ئاسایش، پاسەوانی ھەرێم) (دەستور م١٢١، پيَنجەم).

لەم قۆناغەشدا دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان دادەماڵرێت لە ڕوی پسپۆڕیەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی دبلۆماسی، سوپا وپێک ھێنانی ھێزی چەکدار، سنوور و دەروازە گومرگییەکان.

جگە لەوەی ڕەنگە پەل بکێشێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم و داخستنی نوێنەرایەتیەکانی ھەرێم لە دەرەوە و دەست تێوەردان لە پێکھاتەو ھەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆنترۆڵکردنی گومرگەکان و خاڵە سنوریەکان و ھەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

دواتر بە پێی پرۆژە یاسای (گێڕانەوەی پارە بە تاڵانبراوەکانی گەندەڵی) "مشروع قانون استرداد عائدات الفساد" کە لە (٢٣/٥/٢٠٢١) ڕاگەیەندرا و بڕیارە لە خولی پێنجەمەی ئەنجومەنی نوێنەرانەدا دەنگی لەسەر بدرێت ، ئاماژەدراوە بە زیانەکانی عێراق بەھۆی گەندەڵییەوە کە بە ملیارەھا دۆلار ئەژمار دەکرێت و بەگوێرەی داتا و زانیارییە حکومی و نێودەوڵەتیەکان کۆی داھاتە نەوتیەکانی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تا پێشکەشکردنی پرۆژە یاساکە نزیکەی (١٠٠٠ ملیار) دۆلارە و بە پێی ئاماژەکان ئەو بڕە پارەیەی بە ھۆی تاوانەکانی گەندەڵییەوە بە قاچاخ براوەتە دەرەوەی عێراق بەلایەنی کەمەوە مەزەندە دەکرێت بە (١٥٠ ملیار) دۆلار .

ئەم یاسایەش گەر دەربچێت بەئەگەرێکی زۆرەوە ڕەنگە لە داھاتوودا دەرھاویشتەی نەرێنی و خراپی لێبکەوێتەوە و زیانی گەورە بە ھەرێمی کوردستان بگەیەنێت چ لەسەر ئاستی کەسەکان یان دامەزراوەکان، لەڕێگای ھەڵدانەوەی کەیسی نەوت وگازی ھەرێمی کوردستان و بەدواداچون بۆ ئەو کەس و لایەنانەی ئەم کەیسەیان بەڕێوە بردووە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان، بۆ نموونە دەرکردنی بڕیاری قەدەغە کردنی گەشت لە بەرپرسانی ھەرێم ، دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گوێزراوە و نەگوێزراوەیان ، بلۆککردنی حسابی بانکی کەسی و دامەزراوەکان، فەرمانی دەستگیرکردن ، بەکارھێنانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان...ھتد، گەر لە (١٧%) ی ئەو بڕە پارەیەش بۆ ھەرێمی کوردستان بشکێنرێتەوە ئەگەری تێوەگلانی ھەرێم بە نزیکەی (٢٥.٥ ملیار دۆلار) گەندەڵی ھەیە تا (٢٣/٥/٢٠٢١) تەنھا لە مەلەفی نەوت  .

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە مەبەستی بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی ھەماھەنگی دەکرێت لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە پێی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان " المۆتمر الدولی لاسترداد الاموال المنھوبە " کە لە ڕێکەوتی (١٥/٩/٢٠٢١) لە بغداد گرێدرا و ماوەی دوو رۆژی خایاند بە چاودێری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بەشداری سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی و ژمارەیەک لە سەرۆکەکانی ئەنجومەنی دادوەری و وەزیرانی داد و دامەزراوە چاودێریەکان ، جگە لە نوێنەرانی کۆمەڵە و ڕێکخراو و کەسایەتیە یاسایی و ئەکادیمی و ڕاگەیاندکارە پەیوەنددارەکان بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی .

دوابەدوای ئەم ھەنگاوانەش بۆ داکوتینی دوا بزمار لە تابوتی ھەرێمی کوردستان، ھەموارکردنەوەی دەستوری ھەمیشەی عێراقی ساڵی٢٠٠٥ز بەتایبەتی مادەکانی (١١٧، ١١٨ ، ١١٩ ، ١٢٠، ١٢١ ،١٢٥، ١٤٠) بە پێی (م١٢٦).

ئەوەی جێی پرسیارە لێرەدا؛ ئایا ھەرێمی کوردستان کارەکتەری بەتوانا و دامەزراوەی کارای ھەیە لانی کەم توانای پارێزگاریکردنی ھەبێت لەو دەستکەوتانەی کە ماونەتەوە؟.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن