ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەكرێت
11:57 - 02/10/2021
زەمەن-
دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو زیایكردووە بە جۆرێك ساڵی 1991 دانیشتوانەكەی زیاتر لە 951 هەزار كەس بون، بەڵام ئەمساڵ گەیشتۆتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە، پارێزگای سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەكان بە پشتبەستن بە ئامارو كێوماڵە بەردەوامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەزارەتەكانی پلاندانان لە حكومەتی ئیتحادیی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، لێكۆڵینەوەیەكی ئاماریی بەراوردكاریی لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ بۆ ٢٠٢١)، واتە ماوەی (٣٠) سی ساڵی ڕابردوودا كردووەو تەواوی سێكتەرە جیاجیاكانی تێدا ئاماژە پێكراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دەڤەری سلێمانی بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتیی، لەماوەی نێوان ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی (١٩٩١)و ئێستادا (٢٠٢١)، بوژاندنەوەو گەشەكردن و گۆڕانكاریی و پێشكەوتنی زۆرو فراوانی لە هەموو بوارو كایە جیاجیاكاندا بەخۆیەوە دیوە.
هەروەها وتویەتی "مەبەست لەم ئامارانە خستنەڕووی ئاستی خزمەتگوزاریی و پڕۆژەو دەرفەتی كاركردن و باروگوزەرانی هاووڵاتیان و سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان و گەشەكردنی جۆریی و چەندیی پارێزگاكەیە، كە لە زۆربەی سێكتەرە گرنگ و هەستیارەكاندا توانیویەتی ئاستی یەكەم لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنێت".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "دەخوازین ئەم ئامارە ڕاستەقینانە هاندەرمان بن بۆ خزمەتی زیاترو بوژاندنەوەو پەرەپێدانی زۆرتر بەجۆرێك لە ئاست خواست و هەوڵ و داخوازیی و قوربانیدانی بەردەوامی ئەم پارێزگا شكۆدارەدا بێت، بەتایبەتیی كەلە چوار ساڵی ڕابردودا لەگەڵ ئەوەی لە ناوی قوڵایی هەموو قەیرانەكاندابووین؛ بەڵام توانیومانە بە پشتیوانیی هەموو لایەك ئاڵنگارییەكان بۆ دەرفەت گەشەكردن بگۆڕین و سلێمانی لە زۆر بواردا بخەینە سەر نەخشەی نێودەوڵەتیی".
لە بەشی یەكەمی ئەو رووپێوەدا پارێزگای سلێمانی لەڕووی كارگێڕییەوە بڵاوكراوەتەوە، بەوپێیەی لەساڵی (١٩٩١) دا، پارێزگای سلێمانی لە (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین)و یەكە كارگێڕییەكانی تری پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی (٩٥١.٧٢٣) كەس بووە، هەربۆیە لەپێناو خستنەڕووی فراوانبوونی شارەكەو گۆڕانكاریی لەم ڕووبەرەدا، كۆی ژمارەی دانیشتوانی ساڵی (٢٠٢١)یش بە كۆی ئەو ناوچانە خەمڵێنراوە كە دەكاتە (٢.٥٤٦.١٦٢) كەس.
سلێمانی گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ژمارەی یەكەی كارگێڕییەوە و كۆی گشتی ڕووبەری سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگا هەڵەبجەوە (٢١٠٧١) كیلۆمەتر دووجایە. بەپێی ئاماژەكانی گەشەپێدانی هەزارە (Millennium Development Goals) لە (١٩٩٠) بۆ (٢٠١٥) سلێمانی پێشەنگی هەرێمی كوردستان و عێراقە.
بەرزیی شارەكە لەڕووی دەریاوە (٨٨٤.٨) مەتر، و تێكڕای ڕێژەی ساڵانەی بارانبارین (٨٢٦.٣) مللیمەتر، و تێكڕای ساڵانەی شێ لەنێوان (٢٦.٨٪ بۆ ٨٢.٥٪) كە دەكاتە (٥٢.٢٨٪)، تێكڕای ساڵانەی بەركەوتنی خۆر بە زەوی (٧.٤٥) كاتژمێر/ رۆژ ، تێكڕای ساڵانەی پلەی گەرما لەنێوان (٨ بۆ ٣٣.٧ ) پلەدایە كە دەكاتە (٢٠.٧٩) پلە.
شارنشین (٢.١٦٢.٢١٨) كەس، بەڕێژەی (٨٥٪) و گوندنشین (٣٨٣.٩٤٤) بەڕێژەی (١٥٪).