52 کوردستان

وردەکاریی ڕووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر

02:46 - 23/10/2024

زەمەن - هەولێر

شەوی ڕابردوو لە هەولێر ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا کە تێیدا کەسێک کرایە ئامانج، لە ئاکامدا ئەو کەسە کوژرا و کەسێکی دیکەش لەشوێنی ڕووداوەکە بریندار بوو.

ڕووداوەکە لە گەڕەکى سەرکارێزى شارى هەولێر بوو، کەسێک بە ماتۆڕسکیلێک دەستڕێژى گولـلەى کردوەتەسەر هاوڵاتییەک و دەستبەجێ لە شوێنى روداوەکە ئەو کەسە گیانى لەدەستداوە.

هاوکات هەر لەکاتى دەستڕێژەکەدا هاوڵاتییەکى دانیشتوى گەڕەکى سەرکارێز کە لەوکاتەدا لەوێبوە فیشەکێک بەر سکى کەوتوە و بریندار بوە کە پیشەى پێشمەرگەیە و خاوەنى دوو منداڵە.

بریندارەکە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدراوە  و ئێستا بۆ چارەسەر لە نەخۆشخانەى ئیمێرجنسى شارى هەولێرە و تەندروستى جێگیرە.

لەبارەى هۆکارى دەستڕێژى گولـلە و کوشتنى ئەو هاوڵاتییەوە کە بە رەگەز سورییە، پۆلیس ئامادەنەبوە هیچ لێدوانێکى فەرمیی بدات و رایگەیاندوە کە لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە دەستپێکردوە و هیچ زانیارییەک رون نەبوەتەوە.
سەرچاوە: کەی ئێن ئێن

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن