37 کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: هەفتەی داهاتو یەکەکانی نیشتەجێبون بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت

03:30 - 23/10/2024

زەمەن - هەرێمی کوردستان

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتو یەکەکانی نیشتەجێبون بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣/١٠/٢٠٢٤، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ هەفتەی داهاتو یەکەکانی نیشتەجێبون کە لە چوارچێوەی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کە لە ساڵانی رابردو خرابوە بواری جێبەجێکردنەوە دابەش دەکەین بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی کە فۆرمیان پڕکردبوەوە لەڕێگای ئۆنلاینەوەو شایستەن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد،  لیژنەکانی وەزارەت بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کارەکانی خۆیان تەواو کردوە بەپێی خاڵبەندی و تایبەتمەندی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان.

دەشڵێت: یەکەکان بەشێکیان تەواو بون و هاوڵاتیان دەتوانن کلیلی یەکەکانیان وەربگرن، هەندێکیان تەواو نەبون و بەشێکیشان وەکو بینا تەواو بوەو کارە خزمەتگوزارییەکانی ماوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەر هاوڵاتیەک کە ناوی هەیەو یەکەیەکی لای حکومەت هەیەو حکومەت قەرزای ئەو هاوڵاتیەیە کە دەبێت ئەو یەکەیەی بۆ تەواو بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، ئەو یەکانەی تەواو بون و هاوڵاتیەکە کلیل وەردەگرێت راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت گرێبەست دەکات و تێچوی یەکەکان بەقیست و لەماوەی ٢٥ ساڵدا وەردەگیرێتەوە، بەڵام ئەو یەکانەی خزمەتگوزارییەکەی تەواو نەکراوە لەئێستادا هیچ بڕە پارەیەکی لێ وەرناگیرێت.

لەلایەکی ترەوە توانا بەشیر داود، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد، دابەشکردنی یەکەکان بە پرۆسەیەکی ورد و شەفاف لەڕێی راگەیاندنی فۆرمی ئۆنلاینەوە بەڕێوەچو، بە پرس و راوێژ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و تەنانەت راوێژ لەگەڵ زانکۆکانیش، ئەنجامی پڕکردنەوەی فۆرمەکەش بە نوسراوی رەسمی و هاوپێچەوە ئاراستەی چوار پارێزگاو چوار ئیدارەی سەربەخۆ دەکرێت، بەمەبەستی راستی و دروستی وردبینی زانیاریی ئەو کەسانەی فۆرمەکەیان پڕکردوەتەوەو شایستەن.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن