دۆناڵد ترەمپ خوانێکی بەربانگکردنەوەی بۆ مسوڵمانان لە کۆشکی سپی ڕێکخست
11:04 - 29/03/2025
زەمەن - جیهانی
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ خوانێکی بەربانگ کردنەوەی لە کۆشکی سپی بۆ موسڵمانانی ئەمریکا و نوێنەرانی ژمارەیەک وڵات ڕێکخست.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی خوانی بەربانگ کردنەوەکەدا بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی موسڵمانان کرد و ڕایگەیاند کە لە میانی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو ئەنجامدرا، موسڵمانانی ئەمریکا، پشتیوانیان لێکردووە.
گوتیشی: "سوپاسی سەدان ھەزار موسڵمانی ئەمریکا دەکەم کە لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٤ دا، بە شێوەیەكی باوەڕپێنەكراو، پشتیوانیان لێکردین".
ھەروەھا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: "ئێمە بەڵێنەکانمان بەرامبەر بە کۆمەڵگای ئیسلامی جێبەجێ دەکەین، ھەروەھا بەردەوامین لە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانمان لە پێناو ھێنانەدی ئاشتییەکی ھەمیشەیی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی ئەبراھام، کە ھەمووان دەیانگوت مەحاڵە".
ئاماژەی بەوەشدا: "زۆر سوپاسی ھاوڕێ موسڵمانەکانم دەکەم و چاوەڕێی ئەوە دەکەم کە بۆ گەیشتن بە ئایندەیەکی گەش و پڕ ھیوا، پێکەوە کار بکەین".