کەشوهەوا دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما جارێکی تر دێنەوە ژێر سفر
11:25 - 06/04/2025
زهمهن - ههرێمی كوردستان
ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، کەشناسێکی
کوردیش باس لە دەستپێکردنەوەی بارانبارین و هاتنی شەپۆلی سەرما دەکات کە پلەکانی گەرما
لە شەواندا دێتە ژێر سفر.
بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت،
بەشێک لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک لە کاتەکانى بەیانى تۆز و خۆڵ دەبێت
پاشان لە دواى نیوەڕۆ کۆتایی دێت، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارەکانی
دوێنێ.
ئەوەشی وتووە: سبەینێ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت
بۆ نیمچە هەور. پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ.
لای خۆیەوە، ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە:
لە دوو سبەی سێشەممەوە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی
گەرمی خەماسینی باکوری ئەفریقا و لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما زیاتر بەرزدەبنەوە و
حاڵەتێکی ناجێگیری کەش لەناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە کە خۆی لەتاوە باران و
چالاکبوونی ھەورە بروسکەی ماوە کورت خایان دەبینێتەوە بەتایبەت لەناوچەکانی پارێزگای
دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین
تا رۆژی پێنجشەممە ناوبەناو ئەو حاڵەتە لاوازە بەردەوامی دەبێت، بەڵام بەشی ھەرە زۆری
کاتەکان کەشەکە سەقامگیرە و تەنھا ماوەیەکی کەم لەکاتەکان لەماوەی ئەو سێ رۆژە لەو
ناوچانەی ئاماژەمان پێکرد ھەورە بروسکە چالاک دەبێت و تاوە باران دەبارێت.
باسی لەوەشکردووە: ھەر لە کۆتایی ئەم ھەفتە رۆژی پێنجشەممە پێشبینی دەکرێت
بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەری باکور ناوچەکانی دەریای ناوەراست و وڵاتانی رۆژھەڵاتی
ئەوروپا و تورکیا و ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و بەھۆیەوە جارێکی دیکە پلەکانی گەرما
بەرێژەیەکی بەرچاو بۆ خوار تێکرایەکانی نزمدەبێتەوە، بارستە ھەواکە بەشێوەی وشکە سەرما
کاریگەری لەسەر ناوچەکانمان دەبێت و کاریگەریەکانی تا 14ی ئەم مانگە بەردەوامی دەبێت
لەناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش لە ماوەی کاریگەری ئەو سەرمایەدا پێشبینی دەکرێت پلەی
گەرمی لەشەواندا بۆ سفر و خوار سفر داببەزێت.