پەکەکە: کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە ناکەین
01:59 - 06/04/2025
زەمەن _ کوردستانی
پەکەکە ڕایگەیاند: هەتا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەریان بەرددەوام بێت، کۆنگرەی خۆ هەڵوەساندنەوە ناکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی نیسانی ٢٠٢٥، مستەفا کاراسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕایگەیاندووە، بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بتوانێت کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت، پێویستە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەریان ڕابگیرێت و خودی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆنگرەکە بەڕێوە ببات.
ئاماژەی بەوەشداوە، دەسەڵات قسەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەکە بەجێ بگەیەنێت و پەرلەمان پرۆسەکە بخاتە نێو چوارچێوەی یاساییەوە، ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەم شێوەیەی ئێستا بوەستن.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێنج مانگ لەمەوبەر، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) داوای لە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە. لە ٢٧ی شوباتدا ئۆجەلان بانگەوازی کرد پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.