چی پێویستە بۆ رۆژئاوا بکرێت؟
10/13/2019 4:38:00 PM
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
دۆخی رۆژئاوا سات لەدوای سات بەرەو ئاڵۆزی زیاتر
دەچێت و دوریش نیە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێبکەوێتەوە، بەپێی لێدوانی هەندێ بەرپرسی
تورکی و نزیک لەئەردۆغان و پارتەکەی، حکومەتی تورکیا نە لە رۆژئاواو نە لەهیچ شوێنێکی
تریش دروستبونی کیان و دەوڵەت و هەرێمێکی کوردی قبوڵ نیەو کاریش دەکات بۆ لەناوبردن
و سڕینەوەی، بەکوردی و بەکورتی گەر لەپلانی یەکەم سەرکەوتو بێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنەی
ئێستایە، ئەوا پلانی دوەمی کارکردنە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی ئەو هەرێمەی کە لەباشور
هەیە،و ناوی هەرێمی کوردستانی عێراقە.
خۆپیشاندان و کۆبونەوەو گردبونەوە ناڕەزاییەکان
چڕترو فراوانتر بکرێت
بۆیە ئەوەی پێویستە بەزویی بکرێت بۆ بەرگرتن لەو
ئۆپەراسیۆن و قەتل و عامەی دەوڵەتی تورک دەیکات لە رۆژئاوای کوردستان و نیازە
شاراوەکانی بریتین لە؛
ـــ خۆپیشاندان و کۆبونەوەو گردبونەوە ناڕەزاییەکان
چڕترو فراوانتر بکرێت لەهەمو شارو ناوچەو بەشەکانی کوردستان بەگشتی و شارەکانی
باکوری کوردستان و رەوەندی کوردی بەتایبەتی، چونکە خۆپیشاندان لەباکورو وڵاتانی دەرەوە
کاریگەری زیاتری دەبێت و سەرنجی وڵاتان زۆرتر و زوتریش رادەکێشێت.
ـــ واباشە لەهیچ خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکدا
نە وێنەی سەرکردە، نە لۆگۆو ئاڵای پارتەسیاسیەکان بەرزنەکرێتەوە، بەڵکو لەبری ئەوانە
وێنەی قوربانیەکانی ڕۆژئاواو بۆردومان وکارەقێزەونەکانی دەوڵەتی تورک بەرزبکرێتەوەو
نمایشبکرێت کەبەرامبەرگەلێکی ستەم دیدە ئەنجامی دەدات.
ـــ کارێکی باشە کە وێنەو ڤیدیۆ و بەڵگەکانی
هاوشێوەیان کۆبکرێنەوەو لەلایەن ئەوکەس و رێکخراوانەی کەم تازۆر پەیوەندییان لەگەڵ
رێکخراوە جیهانیەکان ،و سیناتۆرو پەرلەمانتاران و دونیای دەرەوە ، و راگەیاندنە دیارەکان
بە بەبینراو، بیستراو،خوێنراوەوەهەیە بنێردرێن تاکو هەمو دنیا بهەژێنرێت و ببێتە
فشارێکی بەهێزو کاریگەر.
ـــ ئێستا لەهەمو کات زیاتر کورد پێویستی بەیەکڕیزی
و یەکگرتویی هەیەو کاتیەتی هەمو ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان وەلابنێین ،و بەیەک
دەست و بەیەک دڵ کاربکەین و هەوڵەکانمان چڕترو پڕتر بکەینەوە لەبەگژاچونەوەی ئەو هەڵمەتە
ناڕەوایەی دەکرێتە سەر بەشێکی گرنگی کوردستانەکەمان کە رۆژئاوایە.
ـــ تکایە با واز لە لێکدانەوەو شیکاری جۆراوجۆروناپێویست
بهێنین، و بابەتی دین و ئیسلام و موسڵمان و عیلمانی نەخزێنرێتە بابەتەکەوە، چونکە
نە ئاکپارتی و ئەردۆغان نوێنەرایەتی دین و موسڵمانان دەکەن، نە ترەمپیش نوێنەری لیبڕاڵ
و بەرەی عیلمانیە، ئەردۆغانێک ئۆپەراسیۆنەکەی ناونابێت کانی ئاشتی،و مناڵ و پیرو پەککەوتە
خەڵتانی خوێن بکات ئیتر هیچ پێناسەو خوێندنەوەیەک هەڵناگرێت.
ـــ پێویستە هەمو پارت و لایەنەسیاسیەکان لەمپەڕی
راستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ لەهەربەشێکی کوردستان یان دەرەوەن بڕیاری کۆبونەوەیەکی
فراوان و باڵا بدەن بۆ چۆنیەتی داڕشتنی بەرنامەو میکانیزمێک کە چۆن روبەڕوی ئەم هێرش
و پەلاماردانەی سەر رۆژئاوا ببینەوە،و کارکردن بۆ بەرفراوانکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان
بەتایبەت لە دەرەوە ،و بونی گوتارێکی هاوبەش و یەکگرتو، سەرەڕای بەشداری فراوانی بەرپرسانی
باڵای پارتە سیاسییەکان لەگردبونەوەو ناڕەزایەتیەکاندا.
ـــ بانگهێشتکردن و ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ
نوێنەرایەتی هەمو ئەو کونسوڵگەرییانەی لەهەرێمی کوردستان بونیان هەیە لەلایەن هەرسێ
سەرۆکایەتیەکانی هەرێمەوە،و باسکردن لەمەترسییەکانی بەردەوامبونی ئەو ئۆپەراسیۆنە
هەر لەسەرهەڵدانەوەی داعش و رودانی کوشتنی بەکۆمەڵ و کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبونی
ملیۆنان هاوڵاتی ئەو ناوچانە، و پێویستە حکومەتی هەرێمیش پابەندبێت بەوبڕیارانەی پەرلەمانی
کوردستانەوە کەلەساڵانی رابردو دەرکراون چ ئەوانەی تایبەتن بەڕۆژئاوا ، و چ ئەوانەشی
باس لەدەرکردن وچۆڵکردنی بنکەوبارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات لەنێوخاکی هەرێمی
کوردستاندا .
ـــ حکومەتی عێراق و بەرپرسانی کوردو ئەندامانی
ئەنجومەنی نوێنەران هەمو هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ بەرگرتن لەو ئۆپەراسیۆنە، چونکە
سەرهەڵدان و بونی گروپگەلێکی توندڕەو،و جێگیرکردنیان لەڕۆژئاوا ئەوا مەترسی دروست
دەکات لەسەر ئاسایشی عێراق کە خۆی لەئێستادا دۆخی زۆر سەقامگیرو پارێزراو نییە .
ـــ بەداخەوە ئابوری و ژێرخانی ئابوری هەرێم هێندە
لاوازە کە رەنگە نەتوانین بۆ چەند هەفتەیەک بە بەرهەمی ناوخۆ خۆمان بژێنین و بەڕێوەبەرین،
گەرنا بایکۆتکردنی کاڵاوشمەکی دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لەفشارە بەهێزەکان، چونکە هەرێمی
کوردستان بازاڕێکی بەهێزو گەورەی ساخکردنەوەی کاڵاوشمەکی تورکیایەو ساڵانە بەبڕی زیاترلە
(10) دەملیار دۆلار کاڵاوشمەک تەنها هەناردەی هەرێم دەکرێت لەتورکیاوە جگە لەهەبونی
زیاتر لە هەزار کۆمپانیای هەمەجۆری تورکی لەهەرێمی کوردستاندا.
ـــ با واز لە تانەو تەشەرو گاڵتەکردن بەیەکدی
بێنین لەسەر شێوازی نواندنی هەڵوێستەکان، چونکە لەدنیادا هەڵوێست شێوازی جۆراوجۆری
هەیە، هەندێ کەس هەیە بەرخۆدان دەکات و لەسەنگەری بەرگریدایە، هەیە بەبەشداریکردن
لەخۆپیشاندانێکدا هەڵوێست دەنوێنێ، هەشە بەهاوکاری مادی و مەعنەوی هەڵوێستی خۆی نیشاندەدات،
لەهەموی گرنگتر دەربڕینی ناڕەزاییە دژی تورکیاو بۆ پشتیوانیکردنی شەڕڤانانە ئیتر بەچ
جۆرێک و میکانیزمێکە ئەوەگرنگ نیە.
ـــ بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپ و نەخوازراوەی بەسەر
رۆژئاوادا هاتوە دەکرێت لەشوێنە جیاوازەکان کەمپەین دروستبکرێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک
و هاوکاری بۆ لێقەوماو ئەوانەی ماڵ و حاڵیان لێتێکچوەو ئاوارەو دەربەدەربون، بەتایبەت
کە نزیک دەبینەوە لەوەرزی سەرماو سۆڵە.
حکومەتی هەرێم رۆژێک دیاری بکات بەناوی (لەپێناوی
رۆژئاوا)داو خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە لە سەرجەم شارەکان رێکبخرێت
ـــ دەکرێت حکومەتی هەرێم لەکاتێکی نزیکدا رۆژێک
دیاری بکات و ناوی لێبنێ (لەپێناوی رۆژئاوا)داو بەفەرمی خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە
لەو رۆژەدا لەهەمو شاروشارۆکەکاندا بەبەشداری هەمو دام و دەزگا حکومیەکان ئەنجامبدات
بەشێوەیەک دەنگدانەوەی گەورەی هەبێت .
ـــ سودوەرگرتن لەهەمو ئەو سیاسەتمەدار، کەسایەتی،
هونەرمەندو نوسەرە بیانیانەی کە دژی ئۆپەراسیۆنەکەن وبەجۆرێک لەجۆرەکان سەرکۆنەیان
کردوە، و هەوڵبدرێت بەرەی دژە ئۆپەراسیۆن فراوانترو گشتگیرتر بکرێت تاکو ببنە
فشارو کاریگەری دروستبکەن لەسیاسەت و گۆڕینی بڕیاردانی حکومەتەکانیان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە.
ـــ لەهەموی گرنگتر رۆڵبینی دەزگا راگەیاندنەکانە
لەچۆنیەتی روماڵکردنی ئەو پەلاماردان و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک دەرهەق بەخاک و
خەڵکی رۆژئاوا دەیکات.
کاریترو پیشاندانی هەڵوێستی تر زۆرن کە بکرێن یان
هەوڵی کردنیان بدرێن و کاریگەری ئەرێنیشیان دەبێت، ئەم روداو و پێشهاتانەی لەسەر زەمینی
واقیعدا هەن و رودەدەن هیچ موزایەداتێکی حیزبی و کەسی هەڵناگرێت.