170وتار

کەویژدان نەما، هەموو بەهاکان لەق دەبن؛

5/6/2023 12:05:00 PM
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا


من  دڵنیام لەوەی کە ئەم هەرێمە گچکەیە بۆتە زبڵخانەیەکی گەورە بۆساخکردنەوەی کاڵاو شمەکی خراپ و کوالێتی نزم و ناتەندروستی وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و دراوسێکانمان بەتایبەتی.

بێگومانیشم کە هەندێک بازرگانی بێ ویژدان و تەنها قازانج ویست (لەگەڵ ڕێزی زۆردا بۆزۆرێک لەبازرگانە ویژدان زیندوەکان ) خۆیان داوای کاڵای کوالێتی نزم دەکەن و دەیهێننەهەرێم و، دەرخواردی هاونیشتمانیەکانی خۆی دەدات ،کەئەمەڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە.

باشە گریمان وڵاتان ناحەزمانن و کام کاڵاوشمەکەی خراپە هەناردەی ئەم مەملەکەتە خێر لەخۆنەدیوەی دەکەن و هاوڵاتیەکانی بەشێنەیی کۆمەڵکوژ دەکەن.

بەڵام ئەوەچ کارەساتێکە بازرگانی خۆماڵی بەکاڵاو شمەکی دەرەکی هاوزمان و هاوشاری خۆی قڕبکات لەپێناو دەوڵەمەندبون و پارەدارکردنی خۆی .

بەداخەوە ماوەیەکە لەنێوخۆی کوردستان و لەنێو دوکان و خواردنگەو چێشتخانەکاندا هەم گوێمان لەوشەی سەیر دەبێت،و هەم چاومان بەخواردن وشمەکی سەمەرە دەکەوێت لەنمونەی ( گۆشتفرۆشێک گۆشتی ئەسپی فرۆشتوە ، لەچێشتخانەیەکدا گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی هاوڵاتیان دراوە، لەخواردنی نێو خواردنگەیەکدا چۆلەکەی مردارەوەبوو دۆزراوەتەوە ، خواردنگەیەکی تر قیمەکەی لە ئاوەستدا هەڵگرتوە، یەکێکی تر گۆشتی بۆگەن و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە ، ماستی کەڕواوی وکرماوی دەستی بەسەرداگیراوە، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕو تەنکەردا کە ئاوی زێرابیان بەهاوڵاتیان و پڕۆژەکانی گەشتیاری فرۆشتوە ) ئەمانە چەند نمونەیەکن کە لەلایەن لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنەکانی قائیمقامیەتیەکان پێزانراون و سزادراون، کەبێگومان مشتێکن لە خەروارێک .

باشە وتمان وڵاتان کاڵا خراپەکانیان بەسەر ئێمەدا ساغدەکەنەوە ، وتیشمان هەندێ بازرگانی چاوچنۆک لەپێناومشتێک پارەی زیاتر کاڵای خراپمان بۆهاوردەدەکەن ئەی ئەوانەی لەنێو بازاڕو خواردنگەو شوێنە گشتیەکاندا ژەهرمان دەرخوارد دەدەن ناوبنێین چی و چ پێناسەیەک هەڵدەگرن!! .

میسرییەکان پەندێکی جوانیان هەیەکە دەڵێ ( هێندە تەرکیزمان لەسەر مار بوو، کەچی خەریک بوو دوپشک بمانخوات) کەئەم پەندە ڕێک پێماندەڵێت کە ئێمە لەکاڵاو شمەک وخواردنی هاوردەی وڵاتان دەترساین کەچی لەناوخۆدا حاڵمان وێرانترەو مەترسی زیاتر لەسەر ژیانمانە .

لێرەوە ئەوڕاستیەمان زیاتر بۆدەردەکەوێت کەمافی بەکاربەر لەم مەملەکەتەدا چەندە لەپەراوێزدایەو چەندیش مافخوراوە، لەهەموو دنیادا پێویستە بەکاربەر زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر ئەوکاڵاو خواردنانەی کەڕۆژانە بەکاریدەهێنێت ودەیخوات لەڕووی جۆرو پێکهاتەی دروستکردن وتەندروستی وماوەی دەرچون وبەسەرچونی .

بۆیە پێویستە لیژنەکانی چاودێری بازاڕو شوێنەگشتیەکان کەبە کوڕە گەورەی مافی بەکاربەر ناسراون بەدواداچونەکانیان زیاتربکەن، و زیاتر هاوکارییان بکرێت لەلایەن حکومەت ولایەنی پەیوەندیدارەوە وەئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانیشەکەزیاترچاوکراوەوبەئاگاتربن،و پاراستنی ژیان وتەندروستی خۆیان لەهەمووشت بەلاوە گرنگتربێت .

لەکۆتاییدا پێویستە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە بەرژەندی گشتی و سەلامەتی و تەندروستی هاونیشتمانیەکانی بخاتەپێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە،و هەموان پابەندی ئەو وتەیەببین کەدەڵێت ( ویژدان تاکە دادگایە کەپێویستی بەدادوەر نیە) چونکە کەویژدان نەما هەمووبەهاکانی تر لەق دەبن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن