نرخی نەوتی هاوڵاتیان، ڕوتانەوەیە یان پاڵپشتی؟
10/18/2022 6:51:00 PM
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە لە (
٢٠-١٠-٢٠٢٢ )وە دەستبکرێت بەدابەشکردنی نەوت بەسەرهاوڵاتیاندا، سەرەتاش لەناوچە شاخاویی
و ساردەکانەوە دابەشکردنەکە دەستپێدەکات .
تائێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی
نائاسایی و نالۆژیکیە دیاریکردنی ئەو نرخەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ هەر
بەرمیلێک نەوت واتا ( ٢٠٠) لیتر دیاریکردوە کە لە هەر خێزانێک وەربگیرێت کە بەهاکەی
( ١٠٠)هەزار دینارە، تادەگاتە دەست هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا بەدڵنیاییەوە چەند هەزارێکی
دیکەشی دەچێتەسەرو ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیان زیاتر دژوارو قورستر دەکات .
وەزارەتی سامانەسروشتیەکان لەڕوونکردنەوەیەکی
مژدەئاسادا دەڵێت وەک بەڵێنمان دابوو کە دابەشکردنی نەوتی سپی لەناوچە شاخاوییەکانەوە
دەستپێبکەین کە بۆ (٢٠٠) لیتری هەر خێزانێک بڕی ( ١٠٠)هەزار وەردەگیرێت، حکومەت وەک
پاڵپشتیەک بۆ هاوڵاتیان تەنها لە ( ٣٥٪)ی نرخەکەی لەسەر هاوڵاتیان داناوەو لە (
٦٥٪)ی پارەکەی پاڵپشتی حکومەتە بۆ نرخەکە .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە باشە کە حکومەت لە نرخی
پێدانی نەوتەکەدا لە(٦٥٪)پاڵپشتی هاوڵاتیانەو تەنها (٣٥٪)ی نرخەکەی لە هاوڵاتیان وەردەگرێت،
ئایا نرخی یەک بەرمیل نەوتی لەسەرچ پێوەرێک دیاریکردوە؟ وەزیری سامانە سروشتیەکان
بەوەکالەت لە لێدوانێکیدا دەڵێ ئێمە واتا وەزارەت هەر بەرمیلێک نەوت بە ( ٢٨٤) هەزار
دینار دەکڕین وبە (١٠٠) هەزار دەیدەینەوە بە هاوڵاتیان، باشە لە کوێی دونیادا نرخی
بەرمیلێ نەوتی سپی نرخەکەی لە ( ٣٠٠)هەزار دیناری عێراقی نزیکبۆتەوە؟ ئایا لەو بازاڕە
ڕەش و بێ سەروبەرەی کوردستانیش لەئێستادا بەرمیلێک نەوت لەو نرخەی وەزارەت دەڵێ کڕیومانە
کەمتر نیە؟
تۆبڵێی لە کوێ و لە کێ ئەو نەوتە بەو نرخە کڕدرابێت
؟
باشە کە بەوەندە دەیکڕن ئەی مانگانە ئەو سەدان
هەزار بەرمیلە کە هەناردەی دەکەن بۆ دەرەوە بە چەندە دەیفرۆشن؟
لەئێستادا لەبازاڕە جیهانیەکانی کڕین و فرۆشی نەوتدا
نرخی بەرمیلێک نەوت زۆر کەمترە لە ( ١٠٠)دۆلاری ئەمریکی، بۆیە هیچ معقولیەتێکی تێدا
نیە حکومەت خۆی وتەنی بەو پاڵپشتیەشەوە بە زیاتر لە ( ١٠٠) دینار بیداتە ماڵان .
بۆیە ئەوەی حکومەت ناوی ناوە دابەشکردنی نەوت بەسەر
هاوڵاتیاندا دەبوایە بوترایە فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتەوە بەهاوڵاتیان، ئەو هەڵایەشی
نەدەویست کە بۆی دەکرا .
بۆیە هەقە لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی
کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەر ئەم گرانی نرخەی نەوت کە دەدرێتە هاوڵاتیان
بێنەدەنگ و بەرپرسانی بوارەکە بانگهێشت بکەن .
ناکرێت لەماوەی ساڵێکدا حکومەت خۆی نرخی بەرمیلێک
نەوت لە( ١٠٠٪) لەسەرهاونیشتمانیەکانی زیادبکات، چونکە ئەوەی هەیە هێندەی ڕوتانەوەی
هاوڵاتیانە نیوهێندە پاڵپشتی هاوڵاتیان نیە وەک بانگەشەی بۆدەکرێت .
تێبینی: وێنەکە زستانی پانزەساڵ پێش ئێستای پێنجوێنە،وخۆم
چرکاندومە، کە بەرمیلەکان لەچاوەڕوانی نەوتدا سەریان بەتەواوی سپی کردبوو .