678وتار

بەپێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان بەتەنها بەس نیە بۆبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێم

3/14/2021 3:10:00 PM
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

حکومەتی هەرێمی کوردستان (349)ملیاردو (702)ملیۆن دیناری تەرخان ودیاریکرد بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان بەم شێوەیە پارێزگای هەولێر (128)ملیارددینار ، سلێمانی ( 114)ملیارد دینار  ، دهۆک ( 77) ملیارد دینار ، هەڵەبجە ( 30) ملیارد دینار .
هەرچەندە دابینکردنی ئەوبڕەپارەوبودجەیە لەئاست خواست وپێداویستیەکانی پارێزگاکانی هەرێمدا نیەوناتوانرێت پڕۆژەی پێویست وستراتیژی پێ ئەنجام بدرێت .

ئەوەی لێرەدا مەبەستی نوسینەکەی ئێمەیە ئەوەیە کەئایا ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بەتەنها دەکرێتەپێوەر ؟ بۆشاروشارۆچکەکان یان وێرانکاری وپێویستیەکانی شاروناوچەکانیش دەبێتە بەشێک لەپێوەر ؟

ئەوەی کەساڵانی ڕابردوو دەکرایە پێوەر بەتەنها ژمارەوڕێژەی دانیشتوانی شاروشارۆچکەکان بوو ، کەلەڕاستیدا گەر لەلایەکەوە دادپەروەری هەبێت لەبەپێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان بۆدابێنکردنی بودجە بۆشاروناوچەکان ئەوا لەچەندین لایەنی ترەوە نادادییەکی ئێجگار گەورەی تێدایە .

ناکرێت پارێزگایەک (هەڵەبجە) بەنمونە کەنزیکبوینەتەوە لەساڵڕۆژی کیمیابارانکردنیدا،  وچەندین پەرەگراف وبەیاننامەو قسەی قەبەو کرێستاڵی بەشان وباڵیدا دەهۆنرێتەوە لەلایەن حیزب وحکومەت وبەرپرسەکانی  ، و دنیایەک وێرانکاری تێداکرابێت وخاکەکەی لەگەڵ زەویدا تەختکرابێت و، بوشبێتە ناسنامەومەزڵومیەتی گەلی کورد  لەگەڵ پارێزگایەکی تردا تەنها ژمارەی دانیشتوان بۆبوپێدانی بودجەی پەرەپێدانەکەی بکرێتە پێوەروبنەما بۆی کە زۆرکەمتر بەرشاڵاوی وێرانکاری کەوتوە یاخود هەر وێرانکاری وڕاگواستنی تێدا ڕووینەداوە .

ناکرێت قەزایەک (پێنجوێن )بەنمونە ، کە یەکەمین قەزابێت نەک لەسەرئاستی هەرێمدا بەڵکو لەسەرئاستی عێراقیشدا بەرشاڵاوی وێرانکاری وڕاگواستن و ڕووخاندن کەوتبێت ،وتائێستاش زیاترلە (1000) کەلاوەی تێدامابێت هەروەک قەزایەکی تر لەپێدانی بودجەدا بۆپەرەپێدان وئاوەدانکردنەوە حسابی بۆبکرێت لەکاتێکدا ئەوقەزایەی تر بەدەربوە لەڕاگواستن ووێرانکاری ، وەئەمە بۆهەموو شاروشارۆچکەو، یەکە کارگێڕییەکانی تریش هەردروستە .

بۆیە پێویستەو ، واباشترە کەهاوتەریب لەگەڵ بەپێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان بۆپێدان وتەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدان ڕێژەی وێرانکاری و بونی کەلاوەی زۆرو خاپورکردنیش لەبەرچاوبگیرێت ، چونکە گەر ئەولایەنە لێکنەدرێتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە هەندێ شاروشارۆچکەویەکەی کارگێڕی هەن هەرگیز سیمای ئاوەدانی وپێشکەوتن وگەورەبونی پێوە دیارنابێت وهەمیشەش لەپەراوێزدا دەمێنێتەوە چونکە پارێزگاهەیە ژمارەی دانیشتوانەی لەقەزایەک کەمترە، وقەزاش هەیە دانیشتوانی لەدانیشتوانی ناحیەیەک کەمترە ، ئەمەجگەلەوەی ناحیەش هەیە دانیشتوانەکەی هێندەی دانیشتوانی گوندێک نابێت .

بۆیە هەقە لەپێش هەموانەوە وەزارەت ولایەنە پەیوندیدارەکانی پەیوەست بەدابینکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاو یەکەکارگێڕییەکان جگەلەژمارەی دانیشتوان ،  وێرانکارییەکان و کەم وکورتیەکانی ئەوشوێنانەش لەبەرچاوبگیرێت ،وڕەچاوی زۆرلایەن وبواری تریش بکەن نەک تەنهاوتەنهاپێوەرێک  ژمارەی دانیشتوان بێت  .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن