442وتار

تۆزێ زیاتری ئازادی و پێکەوەژیان

12/29/2020 2:25:00 PM
پەیکار عوسمان



- تەکێ و خانەقاکان، وەکچۆن نالی و مەحوی و ڕووناکیی زۆریان پێداوین، جەهل و تاریکیی زۆریشیان پێداوین.
 وەکچۆن شۆڕش و سەرکردەی شۆڕشگێڕیان لێوە دەرچووە، کەسانی جاش و نۆکەریشییان لێوەدرەچووە. وەکچۆن لە خاڵێکی مێژوودا، نوێنەرایەتی خەڵك و چەوساوەکانیان کردوە، لە زۆر خاڵی تریشدا، نوێنەرایەتی سوڵتەو ستەمکارانیان کردوە. وەکچۆن لە شوێنێکدا سروشتی و هەڵقوڵاوی ڕوحی ئەو کۆمەڵگایەبوون، لەجێگایەکیشدا دروستکراو و سەپێنراو و چێنراوبوون. وەکچۆن ئەشێ بچنە گەمەی موخابەراتی و سیاسەت و سەفەقاتەوە، ئاواش ئەشێ دوورە مادەو ڕۆحیی بن. وەکچۆن ئەشێ ڕقیان بەرهەمهێنابی و وایان لە قادرییەك و نەقشییەك کردبێ کە لە یەکتری بدەن، ئاواش ئەشێ خۆشەویستییان بەرهەمهێنابێ و وایان لە دەروێش و سۆفییەکان کردبێ، کە لەوپەڕی ئاشتی و خۆشەویستیدابن لەگەڵ ئەم وجودەدا..

- ئەمەش بۆ هەموو ناوەندە دینی و نادینییەکانی تریش هەر وایە.. زانکۆیەکیش، ئەشێ کەسێکی هۆشیارو ئازادی لێوەدەرچێ، ئەشێ کۆیلەیەکی چەماوەی حیزبیشی لێوەدەرچێ.. ڕێکخراوێکی چەپیش، ئەشێ شەهید ئارامێکی پاکت بداتێ، ئەشێ هاوڕێ زبڵەکانی ئارامیشت بداتێ. کایەی ڕۆشنبیرییش، ئەشێ بیری کراوەو ئەوپەڕی دەمارگیرییشی تێدابێ. سەلەفییەکیش ئەشێ لەمنو تۆ زیاتر ڕێزی ژنەکەی بگرێت و حیزبێکی دزی دەسەڵاتیش، ئەشێ کەسانی زۆر دەستپاکی تێدابێت و حیزبێکی دژەگەندەڵی موعارەزەش، ئەشێ پڕبێ لە گەندەڵ..

- یەعنی دواکەوتوویی و پێشکەوتوویی، ئازادی و کۆیلەیی، کراوەیی و دەمارگیریی.. ئەمانە هەوێ ی نیەو موڵك و تاپۆی هیچ بەرەو گروپێك نیە.. بەڵکو ئەوە ئینسان خۆیەتی لەناو هەر کایەو فەزایەکدابێت، ئەشێ زۆر کراوەو زۆر داخراویش بیت، زۆر مرۆڤ و زۆر وەحشیش بێت، زۆر ئەخلاقییانەو زۆر نائەخلاقییانەش بژی، زۆر ئازادو زۆر کۆیلەش بێت.. وە ئەمانە بە ئینسانیەتی ئینسانەکە خۆی ئەپێورێت، نەك بە شوناسە دینی و حیزبی و ئایدۆلۆژی و شەهادەییەکەی..
- هەر پێکهاتەیەك مافی بوونی هەیە لەناو پێکەوەژیاندا، بەبێ ئەوەی هیچ زەخت و زۆرێکی لەسەر بێت. بەڵام ئەویش پێشێلی مافی بوونی ئەوانیتر نەکاو زەخت و زۆرێکی لەسەر پێکهاتەکانی تر نەبێت. دەسەڵاتیش کاری پاراستنی ئەو هاوسەنگییەو ئەو پێکەوەژیان و فرەییەی نێوان پێکهاتەکانە، نەك ئەداتی سڕێنەوەو سەرکوتی پێهاتەیەك بێت، یان ئەداتی فووتێکردن و سەپاندنی یەکێ لە پێکهاتەکان بێت!

- لێرەشدا بوون و چالاکییەکانی تەریقەتی کەسنەزانی کێشەنیە، ئەوە کێشەیە کە دەسەڵاتێك ببێتە سپونسەرو ڕیکلام بۆ ئەم تەریقەتە. لە کاتێکا کۆمەڵگا پڕە لە تەریقەت و پێکهاتەی دینی و نادینی ترو کاری دەوڵەتیش ڕاگرتنی هاوسەنگی ڕەنگەکانە، نەك ئەوەی بەکاریان بهێنێ و بیانکاتە ئەداتی سیاسی.. "ڕێزگرتنی پێکهاتەکان بێ جیاوازی" ئەرکی ئەخلاقی دەوڵەتەو "هەڵاوێردن و بەکارهێنانی پێکهاتەکان" کاری نائەخلاقی دەوڵەتە. لێرەدا دەسەڵاتی ڕوژئاوا، مامەڵە ئەخلاقییەکەی هەڵبژاردوەو دەسەڵاتی باشور، مامەڵە نائەخلاقییەکە!

- تۆ ئەشێ بیرت زۆر جیاوازبێ لە ئەهلی تەریقەت و ڕەخنەشیان لێبگری.. بەڵام ناشێ بچیتە شەڕەوە لەگەڵیان. کاری ڕۆشنبیر قسەکردنە لەسەر شتەکان، نەك شەڕکردن لەگەڵ شتەکان. شەڕکردن لەگەڵ شتەکان کاری ئایدۆلۆژستە نەك ڕۆشنبیر. کاری ڕۆشنبیر، فراوانکردنی مەساحەی ئازادی و فرەیی و پێکەوەژیانە، ڕەخنەکانیشی ئەبێ لەو چوارچێوەیەدابێ و نەترازێ بۆ دیوی شەڕو ململانێ و یەکترسڕێنەوە..

- کاتێ ڕۆشنبیر ڕەخنە لە پەیوەندی ستوونی و هاوکێشەی "سەردەست و بندەست" ئەگرێ و بە پەیوەندییەکی ستەمکارانەی ئەزانێت.. ئیتر ئۆتۆماتیکی هۆشیاری گشتی بەرزئەبێتەوەو پەیوەندییە ستونییەکان ئەکەونە ژێر پرسیارییەوە،، جا ئیتر حیزبی بن یان خێڵەکی یان دینیی.. کاری ڕەخنەو ڕۆشنبیریش لەو چوارچێوە گشتییەدایە، نەك لەوێدا کە بێتە خوارەوە بۆ ناو شەڕو تەفاسیلی ململانێکان.. یەعنی شەڕکردن لەگەڵ ئەم شێخ و ئەو تەریقەت، دەمارگیری دەروێشەکان زیاتر ئەکاو توندتر دەست بەو دۆخەی خۆیانەوە ئەگرن. بەڵام ڕەخنەگرتن لە تەبیعەتی پەیوەندییەکە، هۆشیاریی کۆیی بەرزئەکاتەوە، کە دەروێشەکانیش بەشێکن لەو کۆیەو ئەوانیش لەگەڵیدا هۆشیارئەبنەوە.
- مەسەلەن "دژەپارتی" نەك پارتی لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزی ئەکا. چونکە دژەپارتی وائەکات کە پارتییەکان دەمارگیرترو توندتر دەست بە پارتی و بارزانییەوە بگرن. بەڵام ئەگەر هۆشیاری گشتی هەبێت بە ستەمکاری و بە پەیوەندی سەردەست و بندەست، ئا لەوێدا ئیتر هەمووان بیرێك لە شتەکە ئەکەنەوەو پارتییەکانیش لەناو ئەو هەمووەدان. لێرەداو لەناو ئەم هۆشیارییەدا، هەم پارتی خۆی لاوازئەبێ و ناچار بە گۆڕان ئەبێت، هەم مۆدێلی پارتی لەناو ئەوانیتردا دووبارە نابێتەوەو شتەکە بەگشتی پاشەکشێ ئەکات. بەپێچەوانەوە لەناو شەڕو دەمارگیریدا، هەم پارتی خۆی بەهێزئەبێ و هەم ئەوانیتریش ئەبنەوە بە هەمان مۆدێلەکەی پارتی، وەك ئەوەی کە هەیە!

- ئازادی بەش ناکرێ و وەکچۆن ئازادی فەردی هەیەو ئەبێ داکۆکیکاری بین. ئازادی گروپیش هەیەو ئەبێ داکۆکیکاری ئەویش بین. ئازادی فەردی بوونی ئینسان تێیدا ئەدرەوشێتەوەو ئازادی گروپەکانیش، بوونی کۆمەڵگای تیا ئەدرەوشێتەوە. ئەسڵەن هەردوکیان هەر یەك شتن و تۆ ناتوانی ئازادی فەردی بۆ یەزیدییەك فەراهەم بکەیت، ئەگەر لەولاوە دینەکەی ناشرین بکەیت و ئازادییە گروپییەکەی زەوت بکەیت!

- لە ئەوروپاش، تۆ تەنیا لەوێوە هەست بە ئازادی ناکەیت، کە ئازادییە فەردییەکانت دابین کراوە. بەڵکو لەوێوەش، کە ئازادی گروپیشت هەیەو ئەتوانی مزگەوت و پەرستگاو کۆمەڵەو چالاکی کولتوری خۆتت هەبێ.. خۆ ئەگەر وانەبووایە، تۆ هەستت بە ئازادی نەئەکردو شتەکە نوقسانبوو. ئەمەش ئەو هەڵەیەیە کە تورکیا تێیکەوتووە. خۆ تورکیا لەوێوە کێشەی نیە کە ئازادییە فەردییەکانی زەوت کردبێ و تاکەکان وەکو هاوڵاتی یەکسان سەیرنەکات. بەڵکو لەوێوە کێشەی هەیە، کە ئازادی گروپیانەی کوردو چەرکەس و پێکهاتەکانی تری زەوتکردووە، کە ئەمەش یەعنی ستەم و ستەمیش یەعنی نائازادی.

بەڵێ ئازادی تاك بەبێ ئازادی گروپ، نوقسانەو کوشندەشە. بۆ مەگەر "جینۆساید" چیە جگە لە قۆناغێکی توندی زەوتکردنی ئازادی گروپ؟

- دۆخی تەندروست، ئەوەیە کە ئازادی فەردی هەبێت لەپێناو بوونی مرۆیی تاك. ئازادی گروپییش هەبێت، لەپێناو پێکەوەژیان و بوونی مرۆیی کۆمەڵگا. ئا لەو گوشەنیگایەوە، من چەنێك دژی پەیوەندییە ستونییەکان و هەموو جۆرەکانی شێخایەتی و دەروێشایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی و ئایدۆلۆژییم.. ئەونەش دژی ئەوەم کە بە دیاریکراوی گروپێك و پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا بکرێتە نیشانە. جا ئیتر بەنیشانەگرتنەکە، چ بەکارهێنانی سیاسییانەی پێکهاتەکەبێ لەلایەن دەسەلاتێکەوە. چ شەیتاندن و دژایەتیکردنی پێکهاتەکەبێت لەلایەن خەڵکێکەوە!

- شەڕی جووتدژە تەقلیدییەکان، وەکو حیكایەتی مێش وایەو کۆتایی نایەت. ئەوەی کە چەپێك دیندارەکە بە دواکەوتوو ئەزانێ و دیندارەکە چەپەکە بە کافر ئەزانێ، ئەمە ئەوسەری نیەو چل ساڵ لەمەوپیش چۆنبووە، چلی تریش هەر وایە. ئەگەرچی هەریەکەیان وائەزانێ لە جوڵەیەکی زۆر موهیمدایە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە وەستانەو هەردوکیشیان لەهەمان خاڵدا وەستاون. ئەگەرچی هەریەکەیان خۆی زۆر پێ باڵاترە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە نزمترین جێگای عەقڵییەو هەردوکیشیان لەوێدان. ئەگەرچی هەردوکیان خۆیان پێ خاوەنی حەقیقەتە، بەڵام لەڕاستیدا هەردوکیان لە هەمان وەهمی ئایدۆلۆجیدان.. جا مرۆڤ کە تێگەیشت لەوەی، ئەم شەڕە کۆتاییەکی نیە، ئیتر لە شوێنێکدا ئەیوەستێنێت و کۆتایی پێدێنێت. ئەوەش خودی هۆشیاربوونەوەیە بە پێکەوەژیان!

- بیرکردنەوەو تێگەیشتن و گوێگرتن و گفتوگۆ.. ئەمانە لە شەڕدا ناکرێ. گرنگە هەر یەکەمان لەخۆماندا، کۆتایی بە شەڕەکانمان لەگەڵ ئەودا بهێنێن، بۆئەوەی ئەوانە تیاماندا ڕووبدا. کە ئەوانە  ڕوویدا، ئیتر لەگەڵ یەکتردا ئەکەوینە ناو یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان. واتا دنیای فرەیی لەناوەوەماندایەو ئەبێ ڕیگەبدەین لەوێدا پەیداببێت، بۆ ئەوەی دواتر بێتە دەرەوەو ئەم دنیا تاکڕەهەندەی ئێستامان بگۆڕێت کە لەسەر سڕینەوەی یەکتر دامەزراوە.

- تێهەڵکێشکردنی (ئازادی تاك و ئازادی گروپ) لەپێناو تێپەڕاندنی دژایەتی ناکۆتای پێکهاتەکان و بردنیان بۆ قۆناغی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان.. بۆ ئەوە فیکری ئۆجەلان نمونەیەکی بەرچاوەو شایەنی هەڵوەستەو تێڕامانە. لێرەدا تاكەکان وەکو هاوڵاتی و مرۆڤ یەکسانن و گروپەکانیش وەکو پێکهاتەی کۆمەڵگا یەکسانن و ئیتر نە هیچیان فووی تێئەکرێ و بەکارئەهێنری، نە هیچیشیان فشئەکرێتەوەو سەرکوت ئەکرێ، کە ئەوەش دۆخە دروستەکەی کۆمەڵگایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن