535وتار

بازنەی کۆچ

11/10/2021 9:55:00 AM
پەیکار عوسمان

 قسە
بەنیسبەت تەماشاکەرەوە، کۆچ ساتی قسەو نەزیفی وتن و دەربڕینە. لەکاتێکا بەنیسبەت کۆچکەرەکە خۆیەوە، کۆچ ئەو ساتەیە، کە قسە کۆتایی هاتووە.

سۆز
مرۆڤ تۆڕێكی فراوانی پەیوەستبوونی سۆزدارانەیە، لە بابەتی پەیوەستبوون بە ماڵ و مناڵەوە، بە خزم و هاوڕێ و شار و یادگاری و دڵدارەوە.. بۆیە هەر پچڕانێك، ئاسایی حاڵەتێکی سوزداری دروستئەکات. وەلێ ئەو سۆزەی کە کۆچ دروستی ئەکات، هەمیشە گەورەیەو لافاوێکی سۆزە. چونکە کۆچ، تەنیا پچڕانێك و دووان نیە،، بەڵکو پچڕانگەلێکەو لەناو ئینسانێکدا، کۆی تۆڕەکە ئەخاتە بەردەم دۆخێکی وجودیی!

شوێن
کۆچ چەنێك بچوكبوونەوەو کۆتایی ئومێدە لە شوێنێکدا، ئەونەش کشانی ئومێدو کرانەوەی جوگرافییایە لەبەردەمیدا. کۆچ زگاربوونی ئومێدە لە قۆرخکارییەکانی شوێن. ئەو قۆرخکارییەی کە ناوێکی تریشی هەیەو پێ ی ئەوترێ "نائومێدی"!

گەردوون
کۆچ ساتی سەرکەوتنی مرۆڤە بە سەر دەوڵەت و سنورو فۆڕمە مۆدێرنەکەی لۆکاڵیبووندا. کۆچبەرو قەرەج، ئەگەر بە نائاگاییشبێ، بۆ چەن ساتێك، ئەبن بە بوونەوەرێکی جیهانیی و ئەبن بە خەڵکی هەسارەکە. ئەو ساتەش ئەگەرچی بۆ خۆیان سەخت و دژوارەو بێئاگاشن لێ ی،، بەڵام بۆ ئەوانیتر، ساتی تێڕامان و هۆشیارییە بە جیهانییبوونی مرۆڤ. جیهانییبوونیش ئەو ناسنامەیەیە کە مرۆڤ، خۆی لە خۆی سەندۆتەوەو بەردەوام چیرۆکی داهێناوە، بۆ خۆ سنوردارکردن و دابڕان لێ ی.

دەسەڵات
کۆمەڵگا تەنیا دەسەڵاتی سیاسەت و ئابووری نیە، دەسەڵاتی کولتورو نەریتیشە. تەنیا هێزی حکومەت و حیزب و بازاڕ نیە، هێزی خیڵ و باوك و مامۆستاو پەرستگاشە. کۆچیش فەشەلی هەموویانە، لەوێدا کە یەکیان گرت دژی مرۆڤ و کۆکن لەسەر بچوكکردنەوەی عەقڵ و ئازادی و ئیرادەی. ئا لێرەشدا، ئیتر کۆچ فرەڕەهەندەو "نا"یەکە بە ڕووی کۆی پاکێجەکەدا، نەك تەنیا بە ڕووی ڕەهەندە ئابووری و سیاسییەکەیدا. کۆچی ئێمەش لەم جۆرەیەو لە ئاستی سیاسەت و حوكمڕانیدا، چەنێك نائومێدبوونە لە دەسەڵات، ئەونەش لە ئۆپۆزسیۆن. لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا، ڕاکردنە لە خیتابی باڵادەستی (دین و خێڵ و پارە) هەرسێکی. لە ئاستی ئایدۆلۆژیشدا، ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و ئیسلامیزم و کۆی ییزمەکان، هێزی کێشکردنیان لەدەستداوەو ئەوەی کە هەیە، تەنیا هێزی پاڵپێوەنانەو ئەوەشی کە ناڕوا، مەسەلەی نەتوانینە، نەك دانیشتن بە لای ئاسۆیەکەوە. دواجار هیچ گەلێکیش هەمووی کۆچ ناکا، بەڵام جۆرە کۆچێك هەیە، کە نوێنەرایەتی ڕۆحی "هەموو" ئەکاو ماناکەی گشتییە!

گەنج
ڕایەك پێیوایە، دەسەڵات خۆشحاڵە بەوەی، کە وزەی گەنج لە کۆچدا بەتاڵ ببێتەوەو بەودا نەتەقێتەوە. ئەمە دیوێکیەتی. بەڵام بە دیوەکەی تردا، دەسەڵات حەزی لە کۆچی گەنجەکان نیە. چونکە کۆچ، ساتی دەرچوونە لە کۆنترۆڵ. بۆ دەسەڵاتێکی خۆسەپێنیش، ناخۆشترین هەواڵ، ئەوەیە کە ئیتر تۆ، لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودا نەبیت!

شۆڕش
کاتێ "شۆرش" کورت ئەکرێتەوە، لە کۆمەڵی ژێربەژێری موخابەراتی و کۆمەڵی تەقوتۆقی چەکداریدا،، ئیتر لەوسەرەوە ناگەیت بە ڕزگاریی و ئازادی، بەڵکو ئەگەیت بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی. لەگەڵ شۆڕش و شەرعیەتەکەشیدا، خەڵكەکە ئەکەوێتە بەردەم دوو کۆچ. کۆچێکیان هی کاولکارییەکانی تەقوتۆقەکە. کۆچێکیشیان هی قۆرخکاری و ستەمی شەرعیەتەکە.

شیعریەت
مرۆڤ کائینێکی عاتفییەو کۆچیش ساتێکی عاتفییە. لێرەدا شیعرو شانامەو وروژانی هەست و سۆز، ئاساییەو پێویستیشەو ڕەنگە ئەو هاوسۆزییە، یەكی لە هۆکارەکانی مانەوەی مرۆڤ و ئینقیراز نەکردنی بێت. بۆ کوردیش وەکو نەتەوەی بندەست، دیسان هاوسۆزیی پێویستییەکی مانەوەیە. بەڵام ئەگەر لەگەڵ عەقڵدا گرێ ی نەدەینەوە، وەکو چارەکێ ئارەق و خۆ مەستکردنێکی کاتییەو هیچی تر. ئاگاداربە، "هۆشیاریی" دابڕان نیە لە عاتیفە. چونکە عاتیفەش ڕەگەزێکی سەرەکی و ڕەسەنی مرۆڤبوونە. بەڵکو هۆشیاریی بریتییە لە "عاتیفەیەکی عاقڵ".

ئاگایی
عەقڵ ئەوەیە کە خۆی ئەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەم پرسەشدا، "خۆ"ی ئێمە دووانە. ئەوەیە کە کۆچی کردوەو ئەوەیە کە بۆی ئەکڕوزێتەوە. کێشەکەش ئەوەنیە کە کۆچ و کڕوزانەوەکە هەن. کێشەکە ئەوەیە کە کۆچ و کڕوزانەوەکە نەخەینە ژێر پرسیارەوەو جگە لەو دوو خۆیە، ئێمە نەتوانین خۆیەکی تری ئاگا دروست بکەین. چارەسەرو شتێکی نوێش، عادەتەن لەو خۆی سێیەمەوە دەرئەکەوێ و خۆی یەکەم و دووەم، تەنیا ئەتوانن خۆیان دووبارە بکەنەوە!

سەنا
نیولیبرالیزم، ڕەگێکی چەتەگەریی تێدایەو عەقڵی سیاسی کوردیش، هەر بە ناو عەقڵەو لەڕاستیدا دەمارێکی ئەستوری چەتەگەرییە. کاتێ ئەم دوو چەتەگەرییەش زەواج ئەکەن، ئیتر بە سکێ، دنیایەك هەڵکەوت زاهیرو مەلا مەزهەرو سەنای مام یوسف و مناڵە ورتکەی بنەماڵە سیاسییەکان لە دایك ئەبن و دەرەوەی ئەم بازنەیەش، ئەبێتە بازنەی کۆچ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن