280وتار

"گرێ" لە جەنگی جیهانیی وەرزشدا

12/22/2022 6:27:00 PM
پەیکار عوسمان


- نوکتەیەک هەیە ئەڵێ، دوو کەس پێش ئیعدامکردنیان، بەمیان ئەڵێن دوا داواکاریت چیە، ئەڵێ ئەمەوێ دایکم ببینم. بەویان ئەڵێن ئەی تۆ دوا داواکاریت چیە، ئەڵێ من ئەمەوێ (ئەو دایکی نەبینێ)!

- سروشتی ململانێ وایە، کە تەنیا حەزی سەرکەوتنی خۆتت ناداتێ، بەڵکو حەزی ژێرکەوتنی ئەویش. ئاخر بردنەوەکەی تۆ بە ناو دۆڕانی ئەودا ئەڕواو ئەمەش یەکێکە لە کێشە ئەخلاقییەکانی ململانێ. بەڵام خۆ پێشکەوتنەکان و جوڵەی مێژووش هەر بەوێدا هاتووە، ئەی ئەمەیان چی لێبکەین؟

- سۆسیالیزم هەوڵێکی مرۆڤ بوو، بۆ ئەوەی ململانێ ژیان نەکات بە جەنگەڵ و ماسییە گەورەکان ماسییە بچوکەکان نەخۆن. لیبرالیزم هەوڵێکی مرۆڤ بوو، بۆئەوەی ململانێ نەمرێ و خودی حەوزەکە، نەبێ بە ژەهری خنکاندنی هەموو ماسییەکان.

- ئەمەوێ بڵێم، بەهاکان پاکێجێکەو تێکەڵەی هەموویان ژیانەو یەکێکیشیان بە تەنیا، دۆزەخە. "یەکسانی" چەنێک مانادارو جوانە، "بە تەنیا" ئەبێتە وەحشی خواردنی ئازادی، وەکو ئەوەی کە لە وڵاتە سۆسیالیستییەکاندا خواردی. "ئازادی" چەنێک پێویست و جوانە، "بە تەنیا" ئەبێتە وەحشی خواردنی یەکسانی، وەکو ئەوەی کە لە نیۆلیبرالیزمدا ئەیخوا. یەعنی وەرگرتنی بەهایەک بە تەنیا، یەکسانە بە کوشتنی مرۆڤ بەو بەهایە.

- سەرمایەداری لە زۆر ڕووەوە بەرهەمدارترین قۆناغی مێژووە، بەڵام کێشەی مرۆڤ ئەوەیە کە ناتوانێ ململانێ بکاو وەحش دروستنەکات. یەعنی مارکس ناتوانێ بەبێ دیواندنی سەرمایەداری، ڕەخنەی واقعەکە بکات. خۆ ڕەخنەکانی مارکس لە سەرمایەداری، لە جێ ی خۆیەتی، بەڵام دیواندنەکەی بۆ سەرمایەداری، ئا ئەوەیان لەجێ ی خۆی نیەو زیاتر عوقدەیە نەک هۆشیاری.

- سەیریش ئەوەیە، کاتێ فیکری فەیلەسوفان، ئەبێتە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، ئیتر بەشە مەعریفییەکەی ئەکەوێتە پەراوێزو بەشە عوقدەکەی وەکو پەتا بڵاوئەبێتەوە! ئاخر ئایدۆلۆژیا شەڕی هەیەو شەڕیش پێویستی بە هێز و حەشامەتەو ئەوەش بە دۆخی دەروونی دروستئەکرێ نەک بە دۆخی مەعریفی.

- کەس بەقەت ئیسلامییەکان وشەی علمانیەت سەرف ناکا، بەڵام لە دە ئیسلامی، نۆیان نازانن علمانیەت چیە، چونکە ئەسڵەن شتەکە بۆ زانین نیە، بەڵکو پەتی گرێ دەروونییەکەیە بۆ ڕاوکردنی حەشامەت. شەیتاندن دیوەکەی تری پیرۆزکردنە، کاتێ سیستەمێک بەناو دێواندنی ڕەهادا ئەبرێ، لەولاوە یۆتۆپیایەکەی پێرفێکت ئامادەیە بۆ سەپاندن. یەعنی لە پشت هەر گرێسازی و شەیتاندنێکەوە، تۆتالیتاریەتێک خۆی حەشارداوە.

- هەنێ برادەر جوهدێکی زۆریان لەوەدا سەرف کرد، کە (ناسیۆنالیزم) بە پرۆسەی شەیتاندن و جنێواندندا بەرن و کردیانە شاگرێ ی خۆیان، خۆ ئەگەر نیوەی ئەو جوهدەیان لە ئارگۆمێنتی عەقڵانیدا خەرج بکرایە، ئێستا هۆشیاری خۆیان و ئێمەش بە ناسیۆنالیزم بەرزتربوو. فەوزایەکی گەورە لە دەوری چەمکی جێندەر دروستکراو نەتیجەکەشی هەر ئەوەبوو کە نەمانزانی جێندەر چیە!

- بێمەوە سەر نوکتەکەو ڕەبتی بکەمەوە بە وەرزشەوە. لەڕاستییدا لایەکی جیهان، بە هەنێ هۆکار، حەزی ئەکرد میسی کاسەکە بەرێ و لایەکیش بە هەنێ هۆکار، حەزیان نەئەکرد بیبا. فەرقەکە ئەوەیە، حەزی یەکەمیان حەزێکی ئیجابی بوو، بەڵام حەزی دووەمیان (حەزی دایکی نەبینێ)بوو. هەڵبەتە کریستیانۆش لە نیهائیدابووایە، هەمان حەزی دایکی نەبینێ، لەلایەن هاندەرانی میسییەوە ڕوویئەداو نەخۆشییەکە جیهانییە!

- حەزی "دایکی نەبینێ" حەزێکی سروشتییەو بە ڕێژەی جیاو بەپێ ی دۆخەکان، لەناو هەمووماندا هەیە، بەڵام چۆن خۆمان پەروەردە بکەین بۆ ئەوەی کوالیتی حەز بەرزبکەینەوە بۆ ئاستێکی سازو ئیجابی؟ ئا لێرەدا ئەبێ عەقڵ هاوکارمانبێ دەسکاری (ململانێ) بکەین، چونکە (ململانێ ی دووجەمسەریی) دەروونمان بچوک ئەکاتەوەو ڕامانئەکێشێ بۆ ناچەی حەزە گرگنەکان.

- ئەبێ بیرمەدانی جیهان، ڕەخنەی ئەوە بکەن، ئەو حاڵەتەی (کریستیانۆ و میسی) جارێکی تر دووبارە نەبێتەوەو ڕاگەیاندن و کۆمپانیاکان، لەپێناوی بینەری زیاترو دەسکەوتی زیاتر، یاری کورت نەکەنەوە لە دوو یاریزانداو دەروونی جیهانیش لەوێدا گرێ نەدەن. بەڵکو گرنگە ململانێ فرەیی بکرێتەوەو هەمیشە تەرکیزی ڕاگەیاندن، لەسەر زیاد لە دوو یاریزان بێت، کە واقعەکەش خۆی هەر وایەو لەڕاستییدا لەپاڵ مێسی و کریستیانۆدا یاریزانی تریش هەبوون، بەڵام ڕاگەیاندن و سەرمایە، دەروونی مرۆڤ باش ئەناسن و ئەزانن لە دوانێتییەوە ڕاوئەکرێ!

- خۆ ڕاستە ئەو شەڕەکەڵەشێرە، چێژی خۆی هەیە، بەڵام ئەبێ ڕیفۆرم لە چیژدا بکرێ و مرۆڤ لەسەر چێژێکی بەرزتر ڕابهێنرێ و فیکرو ڕاگەیاندن و پەروەردەش بخرێتە خزمەتی ئەو ڕاهێنانە. عاتیفەش ئاسایی و جوانەو پێچەوانەی عەقڵانیەت نیە، ئەگەر حەزەکە ئیجابی بێت. عاتیفە لەوێدا ئەبێتە گرێ و ئەکەوێتە دژی هۆشیاری، ئەگەر شتەکە ببێتە حەزی دایکی نەبینێ!

- وەکچۆن ڕاسیزم بە یاسا قەدەغەیە، ئەبێ چیتر زەقکردنەوەی دووجەمسەریش هەمان مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، چونکە فاشیزم و تاکڕەهەندییەکان، هەر لە کەشی دوو جەمسەرییەوە دروست ئەبن. بۆ قۆناغی داهاتووی ململانێ، ئێستا "ئیمپاپێ" بە توانایەکی زۆرەوە حازرەو جەمسەرێکە، نابێ ڕاگەیاندن جەمسەری بەرامبەری بۆ دروستکا، بەڵکو ئەبێ، هەمیشە زیاد لە دووکەس، جێ ی باس بێت و ئا لەوێوە دەسکاری دەروون و هۆشیاری و چێژی مرۆڤ بکرێ و "ململانێ" پەروەردە بکرێتەوە!

- ململانێ ی جەنگەڵیی دووانیە، وەکو شەرەکەڵەشێر و حەلەبەی ڕۆمانی وایەو هەر خۆپەرستی و شەڕەنگێزی و حەزە گرگنەکانی مرۆڤ ئەوروژێنێت. ململانێ لەوێوە پەروەردە ئەکرێ، کە گرێ ی "دوو" تێپەڕێنین. لە گرێ ی (دوو)دا، مرۆڤ لە دیوە باڵاکەی خۆی ئەپچڕێ و دیتە ناوچەی حەزە بچوکەکان، هەموو ئەوەش لەپێناو (یەک)ی زاڵ و خۆپەرستانە. بەڵێ هەموو دووجەمسەرییەک بۆ دروستکردنی یەکی فیرعەون و نادیموکراتە!

- بردنەوەی ئەرجەنتین لەوێوە باشبوو، کە میسی کاسەکەی بینی، ئەگەر نەیبینیایە "حەزی دایکی نەبینێ" سەرئەکەوت و وزەیەکی سلبیی بە جیهاندا بڵاوئەبووەوە. ئەوە بۆ کریستیانۆش هەروایەو ئەگەر لە نیهائیدابووایە، بۆ دەروونی جیهان وا باشبوو کە دایکی ببینی. ئاگاداربە ئەڵێم باشبوو ناڵێم خۆشبوو. خۆپەروەردەکردنەکەش هەر ئەوەیە کە، ئەو خۆشە لەگەڵ باشەکە تەبا بکەینەوەو ببن بە یەک، کە ئەوەش ئاسان نیەو سەرەتا شەڕکردن لەگەڵ خۆی ئەوێ، بەڵام دواتر وەکو هەموو ڕاهاتنەکانی تر، بەوەش ڕادێین و ئەبێ بە حاڵەتە ئاساییەکە! 

- سیاسەت و ئاین ڕەقترین ناوچەی ململانێ ی جەنگەڵییە، بۆیە ئیشەکە لەوێوە ناکرێ، ئەبێ لە وەرزش و هونەرو بوارەکانی ترەوە گرێ ی دووجەمسەری تێپەڕێنرێ و ململانێ فرەیی بکرێتەوە، بەڵکو بەوە، دەمارگیری ئاین و سیاسەتیش بڕێک خاوببێتەوە.

- جارێکیان برادەرێکی ئاپۆچی وتی، هەڤاڵ ئێمە جیاوازین لەوانیتر، ئێمە پەروەردەی ئایدۆلۆژییمان هەیە. وتم هەڤاڵ ئەوەی بە پەروەردەی ئایدۆلۆژییدا بڕوات، ئەبێ جاریکی تر پەروەردە بکرێتەوە بە فرەیی، چونکە پەروەردەی ئایدۆلۆژی تەنیا گرێ ی تاکڕەهەندی توند ئەکاتەوە. کێشەی ئێمە ئەوەنیە کێ حەزی لە چ حیزب و سەرکردەو یانەو ئایدۆلۆژیایەکە، کێشەی ئێمە دەماری تاکڕەهەندییەو ئەم دەمارەش لە ململانێ ی دووجەمسەرییەوە توند ئەبێتەوە، بۆیە نابێ ئەو کەشەی بۆ گەرم بکەین!

- وتراوە مرۆڤ بێ پۆلینکردن ناتوانێ عەقڵانی بێت. بەڵام نزمترین ئاستی پۆلێنکردن، دوانێتییە. ئا ئەمە چونکە پشتیوانی سروشتی هەیەو شەو و ڕۆژ سارد و گەرم نێر و مێ.. هەمووی دوانییە،، هەروەها چونکە پشتیوانی کولتوری هەیەو تەواوی مەنزومەی ئەخلاقی لەسەر بنەمای چاکەو خراپە دامەزراوە،، ئیتر مرۆڤ ڕێگا ئاسانەکە هەڵئەبژێرێ و بە کەمترین بیرکردنەوە، شتەکان دابەشی دوو ئەکاو ئەسڵەن بیرکردنەوەشی هەر ناوێ، چونکە دوانێتی ناوچەی هەستە نەک ناوچەی عەقڵ. تەواوی پرۆسەی گەمژاندنیش لەوێوە ئەکرێ، سیاسی و بازرگان و کاهین و ڕاگەیاندن.. هەمووی هەر بە قولاپی دوانێتی ڕاومان ئەکەن!

- چۆن "ململانێ ی جەنگەڵی" بکەین بە "ململانێ ی پەروەردەکراو"؟ چۆن "عەقڵی سادە" بەرزبکەینەوە بۆ "عەقڵی بیرکەرەوە"؟ لات سەیرنەبێ، پێشکەوتووترین کۆمەڵگاش، خەڵکەکەی هەر لەسەر عەقڵی سادەن، بەڵام ئایا سیستەمی سیاسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی، ئەم عەقڵە سادەیە بەرزئەکاتەوە بۆ عەقڵی بیرکەرەوە، یاخود عەقڵی تەسکی حیزبی و ئایدۆلۆژی، عەقڵە سادەکە نزم ئەکاتەوە بۆ قۆناغی دەمارگیری؟

- لای ئێمە دوومیان ڕوویداوە، دەسەڵاتێکی فاسدو حیزبگەلێکی  پۆپۆلیست، عەقڵی سادەیان بە دیوە خراپەکەیا بردووە. سەیرکە لەسەر هەرشتێ، لەبری تێگەیشتن، دوو جەبهەی شەڕ دروستئەبێ، چونکە عەقڵی سادە بۆ ئەوێ ئاڕاستەکراوەو ڕاگەیاندن و حیزب و ڕۆشنبیر و ئایین.. بۆ ئەوێ ی ئەبات.

- سەیرکە لەسەر وانەی ئایین، چ فەوزایەک دروستکرا، لەکاتێکا مەسەلەکە ئەوە نەبوو وانەکە لاببرێ، مەسەلەکە ئەوەبوو وانەکە فرەیی بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر فرەیی بکرێتەوە، ئیتر عەقڵی سادە، بەرەو قۆناغی عەقڵی بیرکەرەوە ئەڕواو چیتر  حیزب ناتوانێ بە "وروژاندنی دووجەمسەریی" ڕاوی بکاو مێگەلی لێ دروستکا!

- دەسەڵاتێکی فاسد، ڕێگرە لە دروستبوونی هۆشیاری، چونکە فەزای گونجاوی عەقڵ، عەدالەتەو ئەوانیش عەدالەتیان لاقە کردوە. ڕاگەیاندنی پۆپۆلیست و ئایدۆلۆژیستی پێچەوانەش، لە ئاوە لێڵەکەدا مەلە ئەکەن، ئیتر ئێمە لەناو (فیتنەو فەساد)دا گیرمان خواردوە. فەسادیش هەر ئەبێتەوە بە فیتنەو فیتنەش هەرئەبێتەوە بە فەسادو هەردوکیان هەر یەکن لە دژایەتی عەقڵدا.

- کاری سەرەکی سیاسەت، ئەوەیە کە مرۆڤ لە قۆناغی گرێ جەنگەڵییەکانەوە بەرێتە قۆناغی هۆشیاری و هاوکاری، کەچی سیاسەتی ئێمە، لە زەمانی جەلالی و مەلاییەوە، لەسەر توندکردنەوەی گرێ دامەزراوە. کاری باڵای ئاین، ئاشتی و خۆشەویستییە، کەچی سەیارەی ئاینیی ئێمە، بە بەنزینی ڕق و شەڕەنگێزی ئەڕوا بەڕێوە. کاری ڕۆشنبیریی، فروانکردنی مەساحەی گفتوگۆیە، کەچێ هەنێ ڕۆشنبیر، هاوشێوەی کاهینەکان، لە دروستکردنی حەلەبەی شەڕەکەڵەشێردا کار ئەکەن!

- هاوڕێیەک وتی بۆچی مەوجەکەت ڕووکردۆتە ئیسلامییەکان، خۆ هیچ نەبێ لە پارتی و یەکێتی باشترن. وتم نا، کەسیان لە کەسیان باشتر نین، چونکە بە یەک پێوەر ناپێورێن. ئەگەر پێوەر دزیی بێت، کەس ناگاتە پارتی و یەکێتی. ئەگەریش پێوەر فیتنەچێتی و تەحریفی مانابێ، کەس ناگاتە ئیسلامیی، نمونەش ئەو فیتنەو تەحریفەیە کە لە دەوری چەمکی جێندەر دروستیان کردوە.

- مرۆڤ بە ململانێ ئەژی یان بە هاوکاری؟ ڕەنگە ئەو پرسیارە سادەیە، خاڵی جیاوازیی سۆسیالیزم و لیبرالیزم بێت و هەر یەکەشیان وەڵامێکی جیای بۆی هەبێت. بەڵام وەڵامی گونجاو بۆ هەردوکیان، فرەییە. ئەگەر فرەیی فەزاکەبێت، ئیتر ململانێش ئەکرێ و هاوکاریش،، بەڵام ئەگەر حەلەبەی دووجەمسەریی و دەمارگیریی تاکڕەهەندی فەزاکەبێت، ئیتر نە هاوکاری ڕووئەدا نە ململانێ ی تەندروست.

- یەعنی لەڕاستییدا "هیگڵ" شتێکی لەبیرچوو، مێژوو تەنیا ململانێ ی بەردەوامی تێزو ئەنتی تێز نیەو لەوسەرەوە بگاتە سەنتێز.. بەڵکو لەمسەرەوە شتێکی تر هەیە، کە بریتییە لە (پێش تێز). ئەگەر پێشتێز "فرەیی" بێت، ئیتر مێژوو کورت نابێتەوە لە شەڕەکەڵەشێری تێزو ئەنتی تێزدا، کە ئەوە زیاتر یاسای هێزە نەک یاسای ڕۆح!

- عادەتەن دەروونناسەکان، ناوی حاڵەت و نەخۆشییەکان لە ئەفسانەو ئەدەب و لە ڕووداوی دەرەوەی زانستەوە ئەهێنن، وەکو گرێ ی ئۆدیب و گرێ ی ستۆکهۆڵم.. جا من نازانم ئەو گرێیەی باسمان کرد ناوە زانستییەکەی چییە، بەڵام ئەگەر "فرۆید" ئەو نوکتەیەی ببیستایە، دڵنیام ناوی ئەنا (گرێ ی دایکی نەبێنێ).

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن