521وتار

جزمەکەی حکومەت

12/19/2021 2:46:00 PM
پەیکار عوسمان



- هەزاران ساڵ لەمەوپێش، کارەساتی سروشتی، تەنیا یەك ڕەهەندی هەبوو، ئەدرایە پاڵ هێزێکی نادیارو تەواو. ئێستا شتەکە فرەڕەهەندە. بەشێکی هەر جانبە میتافیزیکییەکەیە بۆ ئەوانەی کە بڕوایان پێیەتی. بەشێکی تەفسیری زانستییە. بەشێکیشی پلان و ئەندازیاری و ئیشی حکومەتەو بە کۆی ڕەهەندەکانیشەوە وێنەکە تەواو ئەکەن.

- کاتێ شتەکە تاکڕەهەندانە هەر هەمووی درایە پاڵ هێزێکی نادیار، ئیتر خورافە دروستبوو. خوای باران و قوربانی و تقوسات و دنیایەك شتی ناپێویست هاتنە ئارا.. بەڵام ئەم جەهلە کۆنە، پاساوی هەیە، چونکە مەعریفەی ئەوکاتی مرۆڤ، هەر بەشی یەك ڕەهەندی شتەی کردوە. وەلێ ئێستا کە مەعریفەی بەشەریی گەشەی کردوە بۆ فرەڕەهەندی و گۆشەی تری هەمان وێنەمان لێوە دیارە. عەیبەیە هێشتا لە قۆناغی خورافەو تاکڕەهەندی میتافیزیکیدابین و تەنیا بە وشەی (کارەساتی سروشتی) خۆمان لە بەرپرسیارێتی ڕەهەندەکانی تر بدزینەوە!

- لافاو بە سیاسەتی جزمە چارەسەر ناکرێ. ئەم چوونە ناو خەڵك و چوونە ناو قوڕە، کاتێك جوانەو مانای هەیە، کە پێش کارەساتەکە، حکومەت ئەوەی کە لەسەریەتی کردبێتی و ئەوەی کە هاتۆتە پێش، کەمتەرخەمیی ئەوانی تێدانەبووبێ، کە ئەمە ئاساییەو بۆ ئەمریکاو یابانیش دێتەپێش. بەڵام بەنداوێك کە گەندەڵیی تێداکراوەو بەرگەی لافاوێك ناگرێ.. ئاوەڕۆیەكی باش کە پێویستە هەبێ و نیە.. ئەمانە بەرپرسیارێتی مرۆڤەو لە وڵاتی خۆیدا، دەستلەکارکێشانەوەو محاسەبەو مەحاکمی تێئەکەوێ!

- هەموو فینلەندا، بەقەت دوو شەقامی هەولێرو سلێمانی بینای بەرزی تێدانیە. بەڵام لە ژێر زەویداو لەوێدا کە تۆ نایبینیت، دنیایەك سیستەمی گەرمی و ئاو و کارەباو ئاوەڕۆی پێشکەتوو هەیە، کە لەم بەستەڵەکەدا زەبری سروشتی بێ کاریگەرکردوە لە بەرژەوەندی ژیان. جا کاتێ زۆرینەی پارەی وڵات، ئەچێ بۆ گەندەڵی بەرپرسان و بۆ مەشاریعی بیناو مۆڵ، ئیتر لەسەر ئەرز شتی جوان هەیە، بەڵام لەژێر ئەرز ئیشی باش نەکراوە.

- شاریش ئەوەیە کە لەسەر "باشیی" دروستئەکرێ نەك لەسەر "جوانیی". ئەو جوانییەی کە لەسەر ناعەدالەتی دامەزراوەو بناغەکەی باشیی نیە، ئیتر ئەوە جوانیش نیەو تەنیا لافاوێك بەسە بە دەرخستنی ناشرینییەکانی. جا بەداخەوە لە سایەی گەندەڵییدا، شارەکانی ئێمە، خاوەنی ئەم جوانییە درۆزنەن. شار بۆ ئەوەی بەڕاستی جوان بێت، ئەبێ جوانییەکەی لە باشکارییەوە هاتبێ، نەك پەردەبێ بۆ داپۆشینی خراپکاریی! 

- با تۆزێ لە شار دوورکەوینەوەو بچینەوە لای عەقڵ. وەکو لەسەرەوە وتمان، کاتێ تێگەیشتن لە سروشت، تاکڕەهەندبوو، ئیتر خورافە لەدایکبوو. ئەوەش نمونەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن لەوەی، کە هەمیشە "تاکڕەهەندیی" جەهلە. جەهلیش هەر خۆی نیە، بەڵکو ستەمیش ئەهێنێت.

- ئەوەی کە ئەڵێ دین "تاکە چارەسەرە"، لەگەڵ ئەوەی کە ئەڵی دین "هەموو کێشەکەیە"، هەمان دیدی تاکڕەهەندە، کە جەهلە بە ڕەهەندەکانی تری ئینسان و دنیا. ئەم جەهلەش لە هەردولاوە، هەمان ستەمکاریی لێئەکەوێتەوە، کە داخستنی چاوی ڕاستی و کردنەوەی چاوی مێگەلە!

- چاوی ڕاستی: چاوی خودێکی هۆشیارەو ئەوەیە کە ڕاستی بەبێ مەرج ئەبینێ و قبوڵیەتی ئەگەر تەنانەت لەبەرژەوەندیشی نەبێت. کە ئەمە ئیتر چاوی عەدالەتیشە، چونکە فەزڵی ڕاستی داوە بەسەر حەزە شەخسی و دەمارگیرییە گروپییەکاندا.
چاوی مێگەل: چاوێکی ئایدۆلۆژییەو ڕاستی بە مەرجی مێگەلەکەی ئەبینێ و ئەگەر وانەبێ ئیتر کوێرە لە ئاستی. کە ئەمە چاوی ستەمیشەو ستەمکاریی لەو کوێرییەوە دێت.
"ئیسلام"یش یەعنی دوو تەسلیمبوونی پێچەوانە. یەکێکیان تەسلیمبوونە بە چاوی ڕاستی. یەکێکیان تەسلیمنەبوونە بە چاوی مێگەلیی.

- ئەو چاو مێگەلە، هەر ئەوەیە کە لە ئیسلامدا پێیئەوترێ قۆناغی جاهیلی. کە زۆرینەی ئیسلامییەکان لەو قۆناغەدان و هەر ئەوانیش نا، بەڵکو دژەدینەکان و کۆی ئایدۆلۆژیستە دەمارگیرەکان، لەوێوە دنیا ئەبینن. ئەوەی کە بە چاك و بە خراپ، هەر لەگەڵ مێگەلی خۆتی و هەر ڕەگەڵ ئەکەوی و هەر خۆتی تێ فڕێ ئەدەی (کنا نخوضوا مع الخائضین)!

- لەڕاستیدا فەرقی حەق و ناحەق، هەر ئەوەیە، کە ئایا تۆ هەڵوەستەیەك ئەکەیت و بە عەقڵ و مەنتق و ویژدان لە سەری ئەوەستیت، یان ناوەستیت و یەکسەر لەگەڵ شەپۆلی مێگەلدا بەناوئەکەوی. ئەو وەستانەش ئاسان نیە، چونکە "هێزی کێشکردنی مێگەلیی" هەمیشە هاوئاڕاستەی دەمارگیری و حەزە عاتفییەکانی خۆتەو قەت بێ دڵییت ناکات. لەکاتێکا هێزی عەقڵ و ڕاستیخوازی، زۆرجار پێچەوانەی مەیلەکانتەو ئەبێ پێ بنێی بە دڵی خۆتدا بۆی!

- لەگەڵ ئەوەی ڕاستیخوازی قورسە، بەڵام خەڵاتەکەی گەورەیە کە ئازادییە. یەعنی باجی ئازادی، پێنانە بە هەردو هێزی دەمارگیری خۆت و هێزی کێشکردنی مێگەلییدا، کە ئەوەش قورسەو سەبری ئەوێت. وەلێ دواتر ئەگەیت بە زێڕی حەق و ئازادی و زبڵی دەمارگیریی و هەژموونی مێگەلت لە کۆڵ ئەبێتەوە. (استعینوا بالصبر والصلاة) کە ئەو سەڵاتە بێگومان مەبەستی نوێژ نیە، بەڵکو ئەڵێ، لەبەردەم شەپۆلە مێگەلییەکاندا ئارامبەو لە ئاگایی و عەقڵ و حیکمەت مەپچڕێ، بۆئەوەی نەکەویتە ناو ناحەقییەوە.

- ئەوەی کە پێ ئەنێی بە دڵی خۆتدا بۆی، ئەوە حەقەو هەر ئەوەشە کە لەگەڵ ویستی خوداییدا یەکئەگرێتەوە. یەعنی کاتێ تۆ لەسەر خودا، ئەکەویتە جنێودان بە کەسێك، ئەمە تەنیا وەڵامدانەوەی مێگەل و تێرکردنی حەزەکانی خۆتە، ئەگینا خودا، پێویستی بە جنێودان و تەکفیرو هەڕەشەو کوشتن نیەو ئەمانە ناوچەی گەمژەیی مێگەلییە، نەك ناوچەی ئاگایی و خودایی!

- پێغەمبەران حەقخوازبوون، یەعنی ڕووبەڕووی ئەو دوو هێزە وەستانەوە کە باسمان کرد (هێزی حەزەکانی خۆت و هێزی کێشکردنی مێگەلیی) ئا لێرەشەوە بتەکانیان شکاند. چونکە "بت" هیچ نیە جگە لە یەکگرتنی ئەو دوو هێزە. بەڵام شوێنکەوتەی پێغەمبەران، لەبری حەقخوازیی بتپەرستییان هەڵبژارد. بوونە عەبدی ئەو دوو هێزەو لەپشتی شکڵیاتی دینەوە، جەوهەری دینیان هەڵتەکاند. 

- دەجالیش هەر ئاماژەیەکە بۆ ئەو کوێرییە مێگەلییە. دەجال شتێکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو موزەییەفی شتە ئەسڵییەکانە. موزەییەفی هیچ شتێکیش بەقەت "موزەییەفی دین" کوێرکەر و دەجال نیە. "کوێریی مەعنەویی" ئەوەیە کە تۆ لە بازنەیەکدایت، هیچ پرسیار و گومانت لەو بازنەیە نیەو ئیتر نایبینیت. تەنیا سەیری دەرەوەی بازنەکە ئەکەیت، ئەویش سەیرێکی ڕقاوی و شەڕکەرانەو داگیرکەرانە، کە ئەمەش هەر ئەکاتەوە نەبینین. یەعنی لەڕاستیدا دەجال یەك چاوی نا، بەڵکو هەردو چای کوێرە. چونکە بازنەیەك بە خەیری موتڵەق ئەزانێ و بازنەیك بە شەڕی موتڵەق، ئیتر هیچیان نابینێت. ئاخر بینین، هەر بریتییە لە ئازادکردنی چاوی عەقڵ، لەو دابەشکارییە ئایدۆلۆژییە ڕەهاگەرایانە. بە هەر شتێك عەقڵی بیرکەرەوەو چاوی ڕەخنەو زمانی گفتوگۆ لەدەست بدەیت، ئەوە کوفرە، چونکە ڕاستیت لێ ئەشارێتەوە!

- ئێمە کاتێ دنیامان کورتکردەوە لە حیزبدا، ئیتر دوو حیزب هەموو شتێکیان داگیرکرد. کاتێ دنیامان کورتکردەوە لە سەرکردەدا، ئیتر خۆیان و مناڵ و بنەماڵەیان، بوون بە فیرعەون و ئێمەش بە کۆیلە. کاتێ دنیامان کورتکردەوە لە جنێودان بە پارتی و یەکێتیدا، ئیتر کۆمەڵێ (مینی پارتی و یەکێتی) ترمان دروستکرد. کاتێ دنیامان کورتکردەوە لە دیندا، تەکفیری ئەوانیترمان کردو کاتێکیش کورتمانکردەوە لە دژەدینییدا، دژەهێرش و تەکفیری پێچەوانەمان کرد.

- کە کورتمان کردەوە لە کوردایەتیدا، ئیتر ئەوەی نەکرێ بە کوردمان کرد، لە پشتی شیعاراتی خودپەرستییەوە. کە کورتیشمان کردەوە لە دژەکوردایەتیدا، دیسان کەوتینەوە گیانی کورد، ئەمجارەیان لە قۆڵی خودنەفرەتییەوە. کە کورتمان کردەوە لە چەپگەراییدا، مێشکی یەکمان برد بە باسی کرێکار، لەکاتێگا ئێمە کارگەو پیشەسازیمان هەر نەبوو. کە کورتیشمان کردەوە لە ئیسلامیزمدا، ئیتر کەوتینە بانگکردنی یەکتر بۆ ئیسلام، لەکاتێکا خۆمان موسوڵمان بووین. لیستەکە درێژەو پێموایە شتێك نەماوە کە "تاکڕەهەندانە" تاقیمان نەکردبێتەوەو هەمان نەتیجەشی نەدابینێ!

- بەکورتی: دنیا کورتکەیتەوە لە جوانترین فیکردا، ئیتر تۆ لە لایەکەوە جوانیت و لە دە لاوە ناشرین. چونکە فیکرەکە هەرچەن جوانبێت، دواجار تۆ ناشرینییەکانی تاکڕەهەندیی لە خۆت بارئەکەیت.

- هەموو شتەکان با هەبن، بەڵام بوونەکەیان تاکڕەهەندانە نەبێ و دنیای تیا کورت نەکەینەوە. چونکە ئەگەر وابێ، ئیتر بینین لەدەست ئەدەین و توشی کوێریی ئایدۆلۆژیی ئەبین. لێگەڕێ دنیاکە فرەیی بێت و هەرچیش کە هەیە، ڕەنگێکی ناو وێنەکەبێت، نەك هەموو وێنەکە. ئا ئەو داگیرکردنەی هەموو وێنەکە، بەڵای عەقڵ و بەڵای دنیایە. تەواوی ئایدۆلۆژیستەکان، شەڕەکەیان لەسەر ئەوەیە، کە بەوەی تۆ نا و بەوەی من وێنەکە داگیر بکرێ،، لەکاتێکا کێشەکە داگیرکردنەکەیەو بە هیچیان نابێ بکرێ و هەموویان مافیان هەیە بەشێکی وێنەکەبن، بەڵام هیچیان ئەو مافەی نیە کە هەموو وێنەکەبێت.

- کورتکردنەوەی دنیا لە کەسێك، دینێك، حیزبێك، ئایدۆلۆژیایەك، حەزێك.. ئەمە ستەمە لە خۆت، چونکە نوری عەقڵ و حیکمەت لە خۆتدا ئەکوژێنیتەوەو ئیتر بە تاریکی ڕێئەکەیت. ئەمەش ئەگەر هەر بۆ خۆتبووایە، کێشەیەك نەبوو. بەڵام هەمیشە تاکڕەهەندیی، جگە لەوەی جەهلێکی خۆتە، پێشێلێکی مافی ئەوانیتریشەو جەریمەیەکیشە بە حەقی پێکەوەژیان و دەستدرێژییەکیشە بۆ سەر فەزای گشتی.

- کاتێ خاڵی هاوبەشی هەمووان، عەقڵی تاکڕەهەندە، ئیتر دەمارگیری و شەڕی هەموو لەگەڵ هەموو دەستپێئەکاو بۆ وەستاندنیشی، گرنگە هەرکەس واز لە شەڕی ئەو بێنێ و گرێکەی خۆی بکاتەوە. کردنەوەی ئەم گرێ خودییانە، ئەبێتە سەرەتای ئاشتوبوونەوەی هەموو لەگەڵ هەموو! 

- جا حوکمی ڕەهاو تاکڕەهەند، تەنانەت بەسەر حکومەتێکی گەندەڵیشدا، هەر هەڵەیەو ستەمە. یەعنی دەسەڵاتی گەندەڵی ئێمە، هەر بەرپرسە لە زۆرینەی کارەساتەکەی هەولێر، نەك لە هەمووی. وەلێ کوێرایی و کۆیلەیی و ستەمی گەورە، ئەوەیە کە هەر هەمووی بکەیتە خەتای سروشت و حکومەت نەك بە بەرپرس نەزانیت، بەڵکو بە نمایشی جووتێك جزمە، لێشت ببێ بە پاڵەوانی لافاوەکە!

- کاکە گریمان لافاوەکەی هەولێر هەر هەمووی خەتای سروشتەو هیچ خەتای سوڵتەی تیانیە. دەی خۆ تەقەکانی سلێمانی کارەساتی سروشتی نەبوو؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن