تۆزێ لە کاڵا ئەولاتر
11/1/2019 10:22:00 PM
پەیکار عوسمان
تەنانەت ئەو جاشەش کە ئەنفالی کردوە، بە نابەدڵیی
کردویەتی. بەڵام کوردە جیهادییەکان، بە دڵ چوونە ناو داعش! بەڵام زۆرێك لە
ئیخوانەکانی خۆمان، بەدڵ لەگەڵ ئەردۆگانن!
دوژمن ئەگەر تەواوی وجودی مادیی
ئێمەی داگیرکردبێ، هێشتا نەیتوانیوە ڕۆحی کورد داگیربکاو بچێتە ناوەوەی ئینسانی
کورد. بەڵام ئیسلامی سیاسی ئەو دەرگایەی ناوەوەی ئێمەی بۆ دوژمن کردەوەو دوژمن
لەڕێگەی ئیسلامی سیاسییەوە، دەستی گەیشتە شوێنێکی ئێمە، کە پێشتر هەرگیز دەسی پێی
نەگەیشتبوو!
پێش ئیسلامی سیاسی، دوژمن ئەیتوانی شارو گوندو خاكمان
داگیرکاو جەستەشمان بەند بکات، بەڵام نەیئەتوانی خەرقی ڕۆحی خائینەکانیشمان بکاو
تەنانەت جاشەکانیشمان بە ناچاری و بە گیرفان لەگەڵ دوژمن بوون، نەك بە دڵ!
بەڵام ئیسلامی سیاسی، تایپێکی
ئینسانی ئێمەی بۆ دوژمن دروستکرد، کە بە دڵ و بە گیان هی ئەوەو تەنیا قەپاغەکەی هی
ئێمەیە.
هەرسێ ئایدۆلۆژیای قەومی و چەپ و ئیسلامی، پێکەوە
ئێمەیان داغان کرد. یەکەم و دووەم بە شۆڕش و شەڕوشۆڕەکانیان جەستەی کوردیان شەکەت
کرد. بەڵام سێیەمیان لەپشتی ئیستغلالکردنی دینەوە، ڕۆحی کوردی هەڵتەکاند!
ئەمان لە چەکەوە کلکیان ئەکەوێتە دەستی ئەموئەو، ئەویان
ڕۆحی بەدەست ئەموئەوەوەیە!
ئەمیان بە نەزانی و ناچاریی دەسی
دەرەکی هێناوەتە ناوەوە. ئەویان بە زانین و بە حەزی خۆی، ڕۆحی خۆی تەسلیمی بێگانە
کردوە.
ئەمیان قومار بە بوونی فیزیکیی
کوردەوە ئەکات، ئەویان بوونی مەعنەویی کوردی دۆڕاندوە.
زۆرینەی ئیسلامییەکانی ئێمە، دەسیان سورنیە بە خوێن و
دەسیان ڕەش نیە بە دزیی، بەڵام گەندەڵیی ڕۆح قوڵترە لە گەندەڵیی جەستەو ئەوان
شتێکی گرنگتری ئینسانی کوردیان بۆ بێگانە هەڕاجکرد!
نائیسلامییەکان بەناوی شۆڕشەوە، جەستەی کوردیان تا ئاستی
جینۆساید ڕووبەڕووی مەترسی کردەوە، بەڵام ڕۆحی کوردیان تەسلیم نەکرد. وەلێ ئیسلامی
سیاسی، مەشروعی تەسلیمکردنی ئەو شوێنەی ئێمەیە، کە چەقی بوونمانە!
بۆیە ناگونجێ ئیخوانچییەك بە
شەرڤانێك یان پێشمەرگەیەك بڵێ مورتەزەقە! لەکاتێکا چەکدارەکە ئەگەر بە
"ناچاری" و تەنیا بە "جەستە"و بەرامبەر "مانەوە" پێ
ی بکەوێتە بازنەی ئەوانیترەوە. ئیخوانچییەکە، بەبێ ناچاریی و بە ڕۆح و بەرامبەر
هیچ، لە بازنەی ئەوان و لە ئیرتزاقی فکردایە!
ئێستا کاتی ئەم قسانە نیەو کورد ئەڵێ لەهەر خەسارەتێ
عەقڵێ. جا کێشەکە ئەوەنیە کە خەسارەتەکە هەیە، کێشەکە ئەوەیە عەقڵ و دەرسەکەی
لێوەرنەگرین!
ئەو دەرسەی کە ئەبێ وەریگرین، ئەوەیە کە کە هەردو
سەرچاوەی مورتەزەقەیی ناو خۆمان وشك بکەین!
یەکەمیان (مورتەزەقەیی جەستە) کە
لەڕێگەی چەکەوە توشمان ئەبێ و ئەگەرچی کەیسەکەمان ڕەوایەو بە پاکی شەڕی بۆ ئەکەین،
بەڵام تەبیعەتی ئیشەکە وایە کە هەر ڕۆژەی لەبەردەرگای یەکێك بکەوین! ڕۆژێك لە
دەرگای شاو خومەینی، ڕۆژێك لە دەرگای ئەسەدو سەدام، ڕۆژێ لە دەرگای پۆتین و
ترەمپ.. ئەوە جیا لەو هەموو کارەسات و ماڵوێرانییەش کە چەك بەسەر خەڵك و خاکدا
ئەیهێنێ.
دووەمیان (مورتەزەقەیی ڕۆح) کە لە فکرەوە سەرچاوە ئەگرێ
و تا قووڵایی ناوەوەمان ئەڕواو بوونی مەعنەوی ئینسانی کورد تێکئەشکێنێ.
وەک "ئیسلامی سیاسی"
یان وەکو "دژەکوردایەتی" کە لەپشتی دژایەتی پارتی و یەکێتییەوە حەشدی بە
ڕزگارکەری کەرکوك ئەزانی!! هەڵبەتە ئەمەیان زیاتر عوقدەیەکە نەك فکرێك.
جا دوای ئەو هەموو فەزاحەتە جیهانییەی ئیسلامی سیاسی،
ئایا کاتی نیە ئیسلامییەکانی خۆمان، وەکو تاکو گروپیش بە فکری خۆیاندا بچنەوە؟!
بەجدی لە کاڵاو لەهەر شتێك زیاتر،
فکری ئیخوان شایەنی بایکۆت نیە؟ ئەم پرسیارەش مەبەستم ئەوەنیە ئێمە لە ئیخوانەکانی
بکەین و بیکەین بە شەڕو چەلەحانێ.. مەبەستم ئەوەیە، ئایا کاتی نیە ئیخوانە
کوردەکان، خۆیان ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن؟!