60وتار

ژیان وەکو پەیوەندی

11/6/2024 8:51:00 PM
پەیکار عوسمان

- ئەگەر سەرەتا گریمانەی ئەوە دانێین کە کۆمەڵگاو تاکی ئێمە نەخۆشین، ئەوا گرێکە لە کۆدی پەیوەندییەوە ئەکرێتەوە. پەیوەندی ئینسان بە خودی خۆی، پەیوەندی ئینسان بە کۆمەڵگاوە. هەردو پەیوەندییەکەش تێکەڵاون و دابراو نین. یەعنی مرۆڤ کۆمەڵێ پەیوەندییە، کە پەیوەندییەکانیش دیسان لە پەیوەندیدان.
- پەیوەندییەکان زۆرن، مەسەلەن زانست و پەیوەندی ئینسان بە سروشتەوە.. ئاین و پەیوەندی ئینسان بە میتافیزیکەوە.. بەڵام لێرەدا باسی ئەمانە ناکەین، چونکە ئەگەر پەیوەندی ئینسان بە خود و کۆمەڵەوە چاک نەکەین، ئیتر پەیوەنییەکانی تریش گەندەڵ ئەبن و ئیتر زانست و ئاین و فیکریش بارئەکەین لە سەرەتایەکی نادروست.
- ئینسان لانیکەم دوو ناوچەیە، ڕووی دەرەوەمان بە ماسک ئەژی و ڕووی ناوەوەمان بە تاریکی ئەژی. فەزیلەتی هەردوکیشیان ڕووناکی و ناسینە. ناسین پێتئەڵێ: ماسک شتێکی خراپ نیە، بەڵکو کۆدی توانا کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەیە. هەروەها ناسین فێرت ئەکا: دیوە شاراوەکەشمان تەنیا عەمباری غەریزە نیە، بەڵکو کانگای هەموو تواناکانی تری ئێمەیە. ئا ئەمە لە دەرونشیکاری یۆنگدا ناوی پێرسۆنا و سێبەرە.
- جا ئینسان بۆئەوەی پەیوەندی لەگەڵ خۆیدا باشبکات، ئەبێ بچێتە ژوورەوە بۆ ناوچەی سێبەر، گفتوگۆی لەگەڵدا بکاو ببێت بە هاوڕێ ی خۆی. ئەوێ تەنیا ماڵی ئاژەڵەکەمان نیە، چونکە تۆ تەنیا چڵێسییەکانی غەریزە لە کۆمەڵگا ناشاریتەوە، بەڵکو بیریشت هەیەو نەتکردۆتەوە، پرسیاریشت هەیەو نەتکردوە، بەهرەشت هەیەو نەهاتۆتە دەرەوە..
- تەنانەت خوداشت هەر لەوێدایە، بۆیە وتراوە خۆت بناسە خوداش ئەناسیت. یەعنی تۆ بەقەت پێکی خۆناسی بەهرەمەند ئەبیت لە دەریای بوونناسی و خواناسی. هەر خواناسییەک بەو حەڵقەیەدا نەڕوات، خۆی نیە، شەبیهەکەیەتی. هەموو کولتورێکیش ئاین و مەعنەویاتی خۆی هەیە، جا بۆ ئەوەی بزانیت چ کولتور و ئاینیک، فاسد بووە، بزانە لە میتافیزیکەکەیدا حەڵقەی خۆناسین هەیە؟ یان ئەوە پەڕیوەو حیکایەتەکە یەکسەر چۆتە سەر خواناسی!
- ئەو پەڕاندنە بۆیە فەسادی مەعنەوییە، چونکە چەقی مەعنەوییەت ڕووناکبوونەوەی خودە، بەڵام کە ئەمەت پەڕاندو یەکسەر چوویتە سەر خوا، یەعنی کڵێشەی حازرو ئیملای دەرەکی و پاسیڤبوونی خود، هەر ئەوەی کە ئینسان ئەبێتە حەشامەت و مەڕو ماڵاتی کاهین و سیاسییەکان.
- ئەوەش گەورەترین کێشەی ناوەکی ئیسلامە، کە لە فۆڕمە باوەکانیدا، ئەم حەڵقەیە پەڕیوە. ئیتر ئاینەکە، ڕێک بۆتە فەسادی ڕۆحی ئینسان و دواکەوتنی کۆمەڵگاو کاولکردنی دنیا. ئا لێرەوەیە کە ئیسلام هەرگیز نابێتە بەدیلی نوقسانییە ڕۆحییەکانی حەزارەتی ماتریالیزم، چونکە خۆی نوقسانی ڕۆحی هەیەو حەڵقەی خۆناسینی تێدا پەڕیوە!
- ئا لێرەوەیە کە بیرمەندان ئەڵێن، بودیزم مورەشەحە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ڕۆحییەکەی جیهان، چونکە هێشتا فەساد نەبووەو ئەو حەڵقەیەی هەیە. هەر ئەمەشە کە ئیسلام وەکو "شەڕی حەزاری" خۆی مانیفێست ئەکات، نەک وەکو ئاشتی ناوەکی، چونکە حەڵقەی یەکەمی پەڕیوە. گەورەترین چاکەش کە سیکۆلاریزم لەگەڵ مەسیحیەتدا کردی، هەر ئەوەبوو کە ئەو حەڵقە پەڕیوەی بۆ گەڕاندەوە!
- هەر ئەسڵەن شەرت نیە بۆشایی ماناو خۆراکی ڕۆح، تەنیا بە ئاین پڕ بکرێتەوە، چونکە حەزارەت لایەنی مەعنەوی خۆی دائەهێنێ. مەسەلەن کاتێ کە ئەگوترێ، تەنیا هۆڵەندا بەقەت بیست وڵاتی عەرەبی ئەخوێننەوە، لێرەدا خوێندنەوە هەر کردەیەکی مەعریفی نیە، شێوازی ژیان و تقوسێکی ماناداریشە!
- کلیلی خۆناسین چوونە ناوەوەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، نەریت و زمان و کۆمەڵگاو ئاین، پێش تۆ چوونەتە ئەوێ و بوون بە تۆ. ئیتر تۆ خودت نیە، یان خودێکت هەیە، زۆر دوورە لە خۆتەوە. ماسکیش کە وەسیتی نێوان خودو کۆمەڵگایە، بۆتە عەلەمی لەشکری کۆمەڵگاو پێرسۆنای داپۆشیوە. ئیتر تۆ نامۆیت لە خۆت، چونکە دەرەکییەکان لە تۆدا هەن، بەڵام هێشتا خۆت لە خۆتدا نیت.
- کاتێکیش کە ئەبیتە هاوڕێ ی ناوەوەی خۆت، وەحشێک نایەتە دەرەوەو ماسکی کۆمەڵایەتی ناکەوێ، چونکە کۆمەڵایەتیبوونیش هەر ڕەهەندێکی تری بوونی مرۆڤە. بەڵکو ئەدەب و هونەرو وەرزش و فیکرو زانست و کارو چالاکی و داهێنان دێتە دەرەوەو تەحقیقی زات ڕووئەدات. بەختەوەری و ڕازیبوون و ڕەحەتبوونی نابایۆلۆژی ڕووئەدات.
- شتێکی زۆر لەمانە گرنگتر، پرۆسەی خۆبوون ڕووئەدات. ئیتر تۆ بەر خۆت ئەکەویت و خودێکی ڕەسەن لەدایک ئەبێت، کە لایەکی فەلسەفەو عیرفان و حیکمەتی دینی و نادینی، تەنانەت پەروەردەی ئازادو تەندروستیش، هەمووی هەر چیرۆکی ئەم لەدایکبوونەی دووەمی ئینسانە.
- لەوێدا قیامەتێکی زاتیی رووئەدا، ماڵێکی بوون دروستئەبێ و مناڵێکی وجودی لەدایک ئەبێت، لۆگۆس یان عەقڵ یان ڕۆح، ئەکرێتەوەو دێتە جیهانی فۆڕم و لە ڕێگەی تۆوە ئەزێ، کە ئەمە هەمان ساتی شەڕ و ئاشتییە. ساتی ئاشتییە، چونکە ئیتر لەگەڵ خۆت ئەبیتە هاوڕێ، ساتی شەڕیشە چونکە بەر دنیای دەرەوە ئەکەویت و چیتر ماسکە کۆنەکان ناخوات، بەڵکو پەیوەندییەکان ڕێکخستنەوەو ئەپدەیت و ماسکی نوێ ئەوێ. یەعنی خۆبوون داهێنەرەو تەنیا ڕووتبونەوە نیە، بەڵکو پۆشین و ماسکی نوێش دائەهێنێ!
- لە دۆخی خۆبووندا، تۆ دژی کۆمەڵایەتییبوون و پەیوەندی نیت، بەڵکو خۆبوونەکەت رێکخستنەوەی سیستەمی پەیوەندییەکان ئەخوازێ، بە سیغەیەک کە ئازادی و عەدالەت و مەعریفە تیایدا کشابێ و گەورەتر بووبێت. ئیتر ماسکیش کەناڵێکی بوونی تۆ بێت، نەک پێشێلی بوونی تۆ و لەباربردنی مناڵی وجودی و کوشتنی ئازادی.
- ئەوانەی لە مەستییدا بیریان ئەچێ ماسک بپۆشن و بەڕووتی دێنەوە بەردەم کۆمەڵگا، وەکو نمونەکانی دیۆجین و حەلاج و نیتچە.. زۆر ناحەز دەرئەکەون، چونکە ئەچنە سەر پلێت، لەکاتێکا ماسک بەشێکی ژیانەو قەرارنیە ئێمە بەڕووتی بژین. ئەوانەی کە لە مەستیدا هێشتا ئاگان، لەڕاستییدا ئاگان بە سیستەمی ماسکەکان دایئەهێننەوە!
- بە پێوەری ماسک، مێژوو سێ مرۆڤی تێدایە، دوانی باڵاو یەکێکی گرگن. ئەوانەی کە ڕووت ئەبنەوە، ئەوانەی کە ماسک دائەهێننەوە، ئەوانەشی کە ماسکە کۆنەکەیان لا نەگوڕەو ئەیپەرستن. یەکەمیان مرۆڤێکی گەورەیە، چونکە ڕووتیی پێ باشترە لە ماسکێک کە بوونی ئەو پێشێل بکات. دووەمیان گەورەتریشە، چونکە کۆی سیستەمی پەیوەندی و ماسک دائەهێنێتەوە بە مەرجی ڕێزگرتنی بوونی ئینسان. گرگنەکەی سێیەمیان کێشە گەورەکەی بەشەریەتە، کە بەرگری لە ماسکێکی نەریتی ئەکات، کە پێشێلی هاتنەبوونی ئەوە!
- یەعنی پەیوەندی ئەوەنیە کە پێشتر پێناسەکراوە، بەڵکو ئەوەیە کە هەمیشە خۆی ئەپدەیت بکاتەوە لە بەرژەوەندی هاتنەبوونی زیاتری ئینسان. ئەمەش فەرقی کولتورو پەروەردەی وەعزە، لەگەڵ کولتور و پەروەردەی ڕەخنەیی، کە یەکەمیان لە دەرەوە سیاغەت ئەکاو پێشوەختە بڕیاری داوە کە ماهییەتی تۆ چییە، دووەمیان بوارێک بە بوونت ئەدا، بۆئەوەی ماهییەتی خۆت دابهێنیت و ببیت.
- خۆبوون بابەتێک نیە یەکجار بیدۆزیتەوەو تەواو، بەڵکو پرۆسەی هاتنەبوونی خودە بە هەموو ژیانت تەواوی ئەکەیت. بەڵام ئەو سەرەتایە زۆر گرنگە، کە بکەویتە ناوچەی خۆناسین. خۆناسین بەو مانایەی کە ڕەهەندی دەرەکی و نەریتی بناسیت، کە پیاوی زل و حازرن و خراونەتە ناوتەوە. ڕەهەندی ناوەکی و ڕەسەنی خۆشت بناسیت، کە مناڵی نوێیەو لەتۆدا لەدایک ئەبن.
- پەیوەندی نێوانیشیان وا ڕێکخەیتەوە، کە دێوە زلەکان مناڵە تازەکان نەکوژن، بەڵکو باوەشیان بۆ بگرنەوەو ببنە هاوڕێ. بەو مانایەی کە نەریت، ببێتە هاوڕێ ی ئازادی و تەحەمولی ئەو پرسیارە بکات کە ئەکەوێتە سەری!
- مانای ئەوەنیە نەریت و دەرەکییەکان خراپن، ئەسڵەن ئەوانە سەرمایەی مرۆیین و ئێمە نایەینە سەر سفر، بەڵکو دێینە سەر شانی ڕەنجی مرۆڤایەتی.. بەڵام مرۆڤ بەرهەمهێنەری کولتوورە بۆیە سەرمایەکە هەیە، جا ناکرێ بەرهەرمەکە سەرکەوێ بەسەر خودی بەرهەمهێنەرەکەدا.
- تۆ بە سروشت لەدایک ئەبیت، بەڵام بە کولتور ئەبیت بە مرۆڤ. وەلێ دواتر، بە پرسیارخستنە سەر کولتور ئەبیتە مرۆڤتر. ئەوەش کورتەی چیرۆکی ئازادییە. "ئەوان" گرنگن چونکە تۆ بەوە ئەبیت بە مرۆڤ کە سەرمایەی مرۆڤایەتییەو لەوانیتری وەرئەگریت. بەڵام هەر ئەمەشە کە ئەبێتە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن و ئەبێ لێ ی دەرچیت!
- ئا لێرەشدا قەلەقی وجودی و قەلەقی مەعریفی ئەچن بەناو یەکداو مرۆڤ بۆ خۆدزینەوە لە یەکەمیان خۆی ئەداتە پاڵ وەڵامەکانی کۆمەڵ و بۆ ڕزگاربوون لە دووەمیشیان خۆی ئەداتە دەست پرسیارەکانی عەقڵ. ئازادی و کشانی ئێمەش، سەنتێزی ئەم دیالەکتیکەیەو گەورەبوونمان بەقەت قبوڵکردنی ئەو درزەیە کە پرسیار ئەیخاتە سیستەمی ماناوەو مانای نوێ ی لێوە دێت. پوچگەرایی بێ مانایی نیە، بەڵکو ئەو مانایەیە کە نەزۆکەو نایەڵێ ماناکانی تر بزێن و بێن!
- گەورەبوونمان بەقەت ئازادی بیرکردنەوەو بواری گفتوگۆ و جیاوازییە، گەورەبوونمان بەقەت گەورەبوونی فرەییە. بەڵام پێشئەوەی لە دەرەوەدا فرەیی بفامین، ئەبێ لەناوەوەدا بیفامین و خۆمان وەکو فرە بناسین. تۆ خۆت کوتلەیەکیت لە دنیایەک "ڕەهەندی جوڵاو" کە هەوڵئەدەیت بە عەقڵ تۆزێ خۆت کۆبکەیتەوە. دەی ئەویش فەر وایەو ناکرێ بیخەیتە یەک پێناسەو قاڵبی نەگۆڕەوە.
- هەموومان ئەزانین کە یەکتر قبوڵکردن چارەسەرە، بەڵام "ئەو" یەک ڕەهەند نیە، تا بیخەیتە قاڵبێکەوەو ئینجا قاڵبەکە قبوڵ بکەیت. ئەمە سجنکردنی ئەوە لە قاڵبێکدا نەک قبوڵکردنی. یەکترقبوڵکردن ئەوەیە کە مرۆڤ وەکو کائینێکی فرەو جوڵاو بناسین، ئینجا دۆخە فرەو جوڵاوەکە قبوڵ بکەین.
- ئەگەر کابرا ئیمڕۆ گۆرانیبێژەو سبەینێ بانگبێژ، یان لە یەک کاتدا هەردوکیەتی.. یان ئیمڕۆ سفورەو سبەینێ حیجاب، یان جارجار ئەخواتەوەو جارجار نوێژیش ئەکات.. ئەم جوڵەو دژیەکییانە دۆخە ئاساییەکەی ئینسانەو قبوڵکردن ئەبێ قبوڵکردنی ئەوە بێت. لەمە بترازێ قبوڵ کردن نیە، سەپاندنی وێنەکەی زهنی خۆتە بەسەر ئەودا.
- لەڕاستییشدا کێشەی ئێمە یەکتر قبوڵ نەکردن نیە، کێشەکە یەکترقبوڵ کردنە، بەڵام لە یەک وێنەی نەگۆڕداو ئەگەر بگۆڕێ ئیتر قبوڵی ناکەین، لەکاتێکا دۆخە گۆڕاوەکان، حاڵە تەندروستەکەی ژیان و ئینسانە. دۆخە جێگیرەکان ستەم و نیفاق و عوقدەو نامۆبوونە، خودێتی ساختەو پەیوەندی ساختەو کۆمەڵایەتییبوونی ساختەیە!
- ناچمە ئەو جەدەلەوە کە مرۆڤ وەکو لاپەڕەی سپی لەدایک ئەبێت یان مەعریفەی پێشتری تێدایە، یان هەردوکی.. سەرەتاکە هەرچۆنێک بێت، هیچ لەو دواترە ناگۆڕێت کە ئێستایە. ئێستایەک کە هەمیشە فرێشەو دەرفەتی بوونی وجودییانەی تۆیەو ئەتوانیت لێوەی لەدایک ببیتەوە.
- ئەوەش نهێنی بەرزڕاگرتنی ساتی ئێستایە لە عیرفان و لە زۆرێک لە فەلسەفەکاندا. پیرۆزیی ئێستا، یەعنی ژیان زیندووەو هەمیشە ئەگەری زۆر و سەرەتای نوێ هەیە. فیکرەی (گەڕانەوەی هەمیشەیی یان وجودی بازنەیی) مانای ئەوەنیە کە ژیان مردوەو ڕووداوەکان وەکو خۆی دووبارە ئەبێتەوە. مانای ئەوەیە ژیان زیندووەو هەمیشە دێیتەوە ئێستا، ئەو ئێستایەی کە داهێنەرەو ئەگەری نوێ و نادووبارەی تێدایە!
- وتراوە ئینسان سەیری ناوەوە بکات خۆی ئەناسێ و سەیری دەرەوە بکات دنیا ئەناسێ و سەیری سەرەوە بکات، میتافیزیک ئەناسێ و هەموو ئەمەش پەیوەندییە. پەیوەندی تۆ بە دنیاوە عەقڵ و ئەزموونە، بە نادیارەوە دڵە، بە خۆشتەوە ئاوڕدانەوەیە. ئاوڕدانەوە بۆ ئەو سێبەرەی کە تۆی تێدایت و پێویستە بەردەوام ڕووناکی ببیتە ناوی.
- کاتێکیش کە ئاوڕ لە ناوچەی سێبەر ئەدەیتەوە، شتی زۆر سادە ڕووئەداو شتی زۆر قووڵیش، بەڵام ئیتر هەمووی ڕەسەنەو خۆتیت. شتی سادە، مەسەلەن ئەگەر حەزت لە خوێندنەوە نیەو بە تەبیعەتی تۆ ساز نیە، پێویست ناکا خۆت قان بدەی بە کتێب، ڕەنگە تۆ لە شتێکی تردا بەتوانا بیت و گرنگە ئەوە بدۆزیتەوە نەک لاسایی ئەوانیتر بکەیتەوە.
- شتی قووڵیش وەکو کەوتنە ناو بیرکردنەوە، ئیتر لە پرسیارو ڕای جیاوازی خۆتەوە، تاکو گەیشتن بە یاسای موجەڕەدو گشتی، تاکو گەیشتن بە ساتی وجودی و دەرکەوتنی مانا لە تۆدا.. تاکو گەیشتن بە دەنگی دڵ و ویژدانی زیندوی خۆت، پێش هەر کڵێشەیەکی حازری ئەخلاق.. تاکو گەیشتن بە خەیاڵی خۆت و داهێنان، تاکو گەیشتن بە حەزو هەڵبژاردن و شێوەژیانی تایبەتی خۆت.. بەکورتی: تاکو گەیشتن بەوەی کە شایەنی ئەوەیە پێ ی بگوترێ ئازادی، ئەگەرچی باری بەرپرسیارێتییەکەشی گران بێت.
- قووڵترین ئاستی خۆناسین، یەکێتی و ناجیاوازییە. تۆزێ خوار ئەمە، جیاوازییە بە خاڵی هاوبەشەوە. خوارتر لەمە ناوچەی شوناسە. ئەگەرچی شوناس ئەوەیە کە لەو جیاتئەکاتەوەو سەربەخۆییت پێ ئەبەخشی، بەڵام جیاوازیت لەو، ناکاتە دژبوونی تۆ و ئەو.
- یەعنی دوژمنایەتی شتێکی کاتی و تێپەڕەو شتێکی وجودی نیەو نابێ وجودی ئینسان و نەتەوەو ئاین و داهاتووی لەسەر دامەزرێ. یەكی لە کیشەکانی دنیا، خراپ تەرجەمەکردنی مەبدەئی شوناسە لە ئایدۆلۆژیادا. ئیتر ئەوەی کە لەڕاستییدا (جیاوازییە بە خاڵی هاوبەشەوە) ئایدۆلۆژیا تاکو ئاستی دابران و نەمانی هاوبەشی و دژایەتی ڕایئەکێشێ.
- ڕاستی هیچ یەکێ لە باوەڕەکان نیە، ئەخلاق هیچ یەکێ لە تەفسیرەکان نیە، مانای ژیان و و بوون، هیچ یەکێ لە ماناکان نیە، هەمووی پێکەوە وێنەکە تەواو ئەکاو هیشتاش تەواوی نەکردوە، چونکە ژیان بەردەوامە، فیکرو ئەخلاق و زانست و باوەڕو زانین و هونەر مانا.. هەزار ساڵی تر، زۆر لەوە زیاتری ئەچێتە سەر کە ئێستا هەیە، زۆریش لەوانەی لێ ئەڕوات کە وائەزانین نابێ بڕوات!
- مەسەلەی حەقیقەت رێژەو ڕەها نیە کە هەردوکیان فێڵێکی زمانییە بۆ سنوردارکردن، بەڵکو مەسەلە ئازادی و ناکۆتایە. خود، خودا، مانا، حەقیقەت، وجود، ئینسان، عەقڵ، مەعریفە.. بینینی ڕاستەقینەی ئەمانە، ئەوەیە کە لە گۆشەی ئازادییەوە سەیربکرێن، نەک لەناو کڵێشەو قاڵبەوە. ئەبێ لە تەئویلەوە سەیربکرێن نەک لە تەفسیرەوە، تەفسیر هەمیشە دیلی پێشترێکەو بەقەت ئەوە ئەجوڵێ، تەئویل هەمیشە ئازادە لە پێشترەکان و بەرەو نوێیەک ئەڕوات.
- زمانی پەیوەندی لەگەڵ خود، زمانی ئاوڕدانەوەیە لە ناوچەی سێبەری خۆت. زمانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو، زمانی لیست و ڕەچەتەی حەقیقەت نیە، زمانی فامینە. ئەوە بفامیت، کە ئەویش هەر وەکو تۆ ئۆبجێکتێکی یەک دیو نیە، بەڵکو سەبجێکتێکە بە دنیایەک کارلێک و دیارو نادیاری جوڵاوەوە.
- دواجاریش ئەگەر لۆگۆسێک و عەقڵێکی گشتی و هاوبەشمان هەبێت، ئەوەنیە کە من بیدەم بە تۆ، کە ئەمە ڕاستەوخۆ ئەشبێتە دەسەڵات و چینایەتی و من ئەخاتە سەروی تۆوە. بەڵکو ئەوەیە کە ئازادە لە خاوەنداری و هەموومان بە یەکسانی ئەتوانین لە خۆماندا دەرکی بکەین و بیهێنینە ناو فۆڕمەوە بۆ گفتوگۆ، نەک بیهێنینە ناو وەعزو مومارەسەکردنی سوڵتەی زمانەوە. لۆگۆس لە قووڵاییشدا یەک بێت، لە دەرکەوتدا فرەیە، ئیتر ئینجیلی هیچ کەس خودی حەقیقەت نیە، بەڵکو دەرکەوتی حەقیقەتە، دەرکەوتیش فرەیەو لێرەدا "یەک" ئەبێتە کفر.
- سوڵتەی زمان شتانێکی تێدایە بە هەزاران ساڵ دروستبووەو هێندە دوورە، بنی پەتەکەمان لێ ون ئەبێت.. بەڵام شتانێک هەیە بە کاتێکی کەم دروست ئەبێت و ڕەنگە هەر لە ژیانتا فریای ئینقیلابی خیتاب و بارگۆڕانی زمان بکەویت.
- مەسەلەن ساڵانی حەفتاو هەشتاکان، سیاسیی ئێمە، بەناوی چینی چەوساوەوە قسەی ئەکرد بە کاریگەری خیتابی چەپ.. ئێستا ڕستەی (پشتیوان بە خوا) کاڵایەکە کە زۆرترین سەرفکردنی هەیە بەکاریگەری خیتابی ئیسلامیزم.. مەسەلە ئەوەنیە کە ئەو گوزارانە خراپ بن، مەسەلە مومارەسەکردنی سوڵتەی زمانە بەسەر تۆداو ئاگات لەخۆت نیە!
- جا خودسازی و خۆناسین بۆیە گرنگە، چونکە ئەوەی کە لە دەرەوە مومارەسەی سوڵتەی زمان ئەکات بەسەرتا، پێش تۆ ئەچێتە ناوچەی سێبەری تۆ. ئەگەر تۆ پێش ئەو بگەیتە ناوچەی سێبەری خۆت، ئیتر ئەو ناتوانێ مومارەسەی سوڵتەت لەسەر بکات!
- ئینسان لەنێوان دوو ئەشکەوتدایە، یەکێکیان ئەبێ لێ ی دەرچێ، دەرچوون بەو مانایەی کە پشت بکەیتە سێبەرەکانی و ڕووبکەیتە ڕووناکی. یەکێکیان بە عەکسەوە، ئەبێ بچیتە ناوی، بەو مانایەی کە ڕووبکەیتە سێبەرەکانی و ڕووناکی بخەیتە سەر.
- یەکەمیان ئەشکەوتی فەلسەفییە: ئەوەی ئەفلاتون، کە ئێمە لە سێبەری وەهمە دەرەکییەکان خەبەر ئەکاتەوەو ئەبێ بەردەوام لێ ی بچینە دەرەوە. دووەمیان ئەشکەوتی خەڵوەتی پێغەمبەرانەیە: ئەوەی کە بەردەوام بچینە ناو قووڵایی خۆمان و لایەنە عەقڵی و نەفسی و ڕۆحییەکانی خۆمان بناسین.
- کۆمیدیا ئەوەیە، یەکێ لە بەربەستەکانی بەردەم چوونە ناو ئەشکەوتی پێغەمبەرانە، خودی دینە! یەکێ لە بەربەستەکانی بەردەم چوونە دەرەوە لە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتونیش، خودی ئایدیاکانە، کاتێ ئەبنە ئایدۆلۆژیاو سنور بۆ عەقڵ!
- هەردو ئەشکەوتیش هەر یەکێکە، زەردەشت و بوداو موحەمەد.. کە ئەچنە خەڵوەتی خۆناسی، دواتر لە ئەشکەوتی قاڵبە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەچنە دەرەوەو سەردەمێکی نوێ دائەهێنن. بەبێ چوونە ناو ئەشکەوتی یەکەم، ناتوانی لە ئەشکەوتی دووەم دەرچیت. بەبێ چوونە دەرەوە لە ئەشکەوتی دووەمیش، ناتوانی بچیتە ناو ئەشکەوتی یەکەم. ڕووناکی لەنێوان دوو تاریکیدایەو ماڵ لەنێوان دوو ئەشکەوتدایەو خود لەنێوان دوو ناخوددایەو عەقڵ لەنێوان دوو ڕوانیندایەو ئازادی لەنێوان دوو زینداندایە.
- ژیان تۆڕێکی بەناویەکداچووی کۆمەڵێ پەیوەندی ناوەکی و دەرەکییە، خراپترین دۆخیش ئەوەیە کە مرۆڤ ئۆبجێکتی پەیوەندییەکان بێت و سەبجێکتی بیرکەرەوە هێشتا دروست نەبووبێ. ئەمە ڕێک دۆزەخە، ئەو دۆزەخەی کە سوتەمەنییەکەی خەڵک و بەردە. خەڵکێک کە وابزانن نەگۆڕان دۆخە ئاساییەکەی ئینسانە، ئیتر ئەبنە بەردی ناو پەیوەندییەکان و ئەهاڕدرێن.
- بەهەشت حازر نیە، دروست ئەکرێ، ساتی یەکەمی دروستبوونیشی، خۆناسینی ئینسانە وەکو فرەیەکی جوڵاو، ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگاشە لەم سەرەتایەوە. لە هەر شوێنێکی جیهان و لە هەر ساتێکی مێژوودا، ڕۆشناییەک هەبێ، لەسەر ئەو بناغەیە دروست بووە. دۆزەخەکانیش ئەو ساتەیە کە مرۆڤ لە سەبجێکتی پەیوەندییەوە ئەبێتە ئۆبجێکتی پەیوەندی.
- دنیا کوتلەیەکە لە سێبەرو نەزانراو، بەڵام قووڵترینی سێبەرەکان، سێبەرەکەی ناوەوەی خۆتە، کە تەبع و حەزو جوانی و ئیرادەو ئازادی و عەقڵ و وزەو بەهرەو تواناو خوداو شەیتانی تۆ، هەمووی لەوێدایە. دین و دەوڵەت و کۆمەڵگاو مێژوو.. لە پەڕاندنی ئەو حەڵقەیەوە گەندەڵ و تاریک ئەبێت.
- مەملەکەتی ناوەکی ئینسان، هەموو ئیمکانەکانی بوونی ئەوی تێدایە، لە ئیمکانی وەحشێکەوە تاکو ئەگاتە ئیمکانی خوابوون و ئەنەلحەقیش. گەورەترین بێ ڕێزی بە ئینسان، بێ ڕێزیکردنە بە ناسووتەکەی، لەکاتێکا لاهووتەکەشی، هەر ئیمکانێکە لە ناسووتەکەیدایەو ئەکرێتەوە.
- ئەگەر کاری ئینسان ئاوەدانکردنەوەی زەوییە، ئەوە بە یەک ڕێگا ئەکرێت، بەوەی کە زەوی پیرۆزبێ و قەداسەت لێرەوە دەسپێبکات، ناکرێ ئەمدنیا پیس بێت لەپێناو پاکێتی دنیایەکی تر. باوک و کوڕو ڕۆحی پیرۆز، هەمان بوون و ژیان و ئینسانە، نەک نابووتکردنی واقعە ئەرستۆییەکەی ئەمانە، لەپێناو وێنە ئەفلاتوونییەکەی ئەمانە. ئایدیال بواری ئەکتیڤبوونە، ئایدیالی هەر شتێک، بۆ ئەوەیە کە نزیکی بخەینەوەو دروستی بکەین و پێ ی بگەین، نەک بۆ ئەوەی پاسیڤبین و دووریخەینەوە بۆ دنیایەکی تر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن