765وتار

وەزیفەی پەرستگاو ئەرکی ئێمە

1/31/2021 10:30:00 AM
پەیکار عوسمان

 وەعزو ستەمکاری دوو ڕووی یەك دراون. ستەمکارییەك بێ وەعز، بوونی نیەو وەعزێك بێ ستەمکاریی بوونی نیە. وەعز هەر لەوێوە ستەمکاریی نیە، کە بەرگری لە ستەمکارێك بکات. بەڵکو هەر خودی وەعز، خۆی لە خۆیدا شتێکی ستەمکارانەیەو پەیوەندییەکی ستوونی و مرۆڤی پلەیەك و پلەدوو دروستئەکات. ئینسانێکی سلبی و ئامادە بۆ قبوڵکردنی ستەمکاریی بەرهەمئەهێنێ. سلبی بەو مانایەی کە لە وەعزدا، مرۆڤ تەنیا وەرگرو جێبەجێکەرە. وەکو مقەبا هەر شتی تێئەکرێ و وەکو ڕۆبۆت هەر جێبەجێئەکاو خۆی وەکو جەوهەرێکی ئیجابیی و بیرکەرەوە، وجودی نیەو هیچی لێوە بەرهەم نایەت.

ئەگەر چەك و سوپا، هێزی ڕەقی ستەمکاریی بێت، وەعزو قسە، هێزە نەرمەکەیەتی. ئەم هێزی نەرمەش، لە ڕۆشنبیرو ڕاگەیاندن و سینەماوە درێژئەبێتەوە بۆ مەلاو مینبەرو پەرستگا.. ستەمکاریی موقەدەسی خۆی هەیە، کە لەلایەن هێزە نەرمەکەیەوە فووی تێئەکرێ و تا ئاستێکی ئەفسانەیی بەرزئەکرێتەوە. ویلایەتی فەقیهیش، باشترین نمونەی ستەمکاری موقەدەسەو ئەوەشی لە سیاسەتی ئێمەدا ئەگوزەرێ، جگە لەوەی خۆی لەخۆیدا ستەمکارییەکی سەربەخۆیە، لاساییکردنەوەی مۆدێلی خومەینی و کاریزمای موقەدەسیشە!

من لەگەڵ ئەوەم کە کۆمەڵگا بە یەك دەس ڕووبەڕووی مەترسی و هێرشە دەرەکییەکان ببێتەوە، بە خەڵك و قیادەو ڕۆشنبیرو هونەرو پەرستگاو هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە.. وە نابێ ناکۆکی و جیاوازییە ناوخۆییەکان، بمانکەنە خۆراکی هێزە دەرەکییەکان و ناکرێ لە ڕقی پارتی ستایشی ئێران بکەین و لەڕقی پەکەکەو یەکێتی ستایشی تورکیا بکەین.. ستەمکاریی ناوخۆ پاساونیە بۆ پێشوازیکردن لە ستەمکاریی دەرەکیی، بەڵام ستەمکاری دەرەکییش پاساونیە بۆ خڕبوونەوە لە دەوری ستەمکاری ناوخۆ. بەڵکو هەموو شتێك بە تەرازوی حەق. حەقی ستەمکارییش تەنیا ڕەتکردنەوەیە، چ خۆماڵی و چ بێگانە.

هیچ کەس وەکو "عەسکەرو مەلا" نوێنەری سوڵتە نیەو کاتێ کە تۆ پێتوایە، ستایشی سوڵتە ئیشی پەرستگا نیە، ئەوە لە جەوهەری پەرستگا تێنەگەیشتویت و خەلەلەکە لە تێگەیشتنی تۆدایە، نەك ئیشەکەی ئەودا. ئەوە تۆیت وائەزانیت پەرستگا دەزگای خوایەو مەلاش دەمڕاستی ئەوە، ئەگینا لەڕاستیدا پەرستگا دەزگای دەوڵەتەو مەلاش مۆزەف و وتەبێژی دەوڵەتە. جا تێگەیشتنت بۆ پەرستگا ڕاستکەرەوە، ئیتر چاوەڕوانییە خواییەکانیشت لە پەرستگا نامێنێت و شتەکە ئاسایی ئەبێتەوە!

دەنگی خودا، دەنگی دڵی خۆتە، نەك دەنگی هیچ مینبەرێك. نوێنەری خودا، تەنیا ویژدانی ئینسانیی خۆتە، نەك هیچ دەزگاو دەمڕاستێك. خودا لە حەقدایەو ناسینی حەق و بەرگریلێکردنیشی، ئەرکی ئەخلاقی تۆیەو هەر بە پێدراوەکانی خۆشت دەرکی ئەکەیت. هەر بە عەقڵ و ویژدانی خۆت، نەك بە مەترو قیاسی هیچ واعزێك. حەقیش هەر بەقەت خۆی حەقە، نەك بەقەت بەرژەوەندی ستەمکاران و ئەجندا ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

ڕاستی ئەوەیە کە دوژمن خێری ئێمەی ناوێ و ئەگەر لە شوێنێکیشا دەسمان بگرێ، بۆ ئەوەیە کە لە قاچمان بدات. ڕاستی ئەوەیە کە خۆشمان خێری خۆمان ناوێ و هەم لە دەس و هەم لە قاچی یەکتریش ئەدەین. ستەمکاریی خۆماڵییش، جگە لەوەی هەنێ کات، نوێنەری ستەمکارییە دەرەکییەکەیە، خۆشی بەجیا ستەمکارییەکی سەربەخۆیەو یەعنی لەبری جارێك، دووجار شایەنی ڕەتکردنەوەیە.

وەلێ ڕاستییەکی تریش هەیە، ئەوەی کە هەنێجار ناڕەزاییشمان (بە زانینبێ یان بە نەزانیی) ئەبێتە بەشێك لە ئەجندا دەرەکییەکان. هەنێجار لە دژایەتیمانا بۆ ستەمکاریی ناوخۆ، تا ئەوێ ئەڕۆین، کە ستایشی ستەمکاری دەرەکی و حەشدو قاسم و تورکیاو ئێران بکەین.. کە ئەمەش لەگەڵ ئەویتردا دوو ڕووی یەك دراوەو (دەسەڵاتی ستەمکارانەو ناڕەزایی دێزانە) یەك پاکێجەو ئەبێ هەردوکی پێکەوە فڕێ بدەین. هەردوکی هێزی دوژمنە نەك هێزی خۆمان. بۆ مەگەر دوژمن چی ئەوێ جگە لەوەی کە دەسەڵاتەکەمان ستەمکارانەبێ و ناڕەزاییەکەمان دێزانەبێت، کە ئەمە هەردوکی هێزی ڕووخانەو هیچیان هێزی بینا نیە.

نە شیعرو شانامە بۆ بارزانی، نە بڵاوکردنەوەی فلیمی پاڵەوانێتی قاسم. نە دەسەڵاتدارییەك بەو جۆرەی کە تورکیاو ئێران ئەیانەوێ، نە ناڕەزاییەك بەو جۆرەی کە میت و ئیتڵاعات پێی خۆشە. لەو نێوانەدا، ناڕەزاییەکی هۆشیارانە، بە ئامانجی دەسەڵاتدارییەکی عادلانە، هەنگاوە دروستەکەیەو وەکچۆن لە دەسەڵاتداریدا نابێ بکەوینە باوەشی تورکیاوە، لە ناڕەزاییشدا نابێ بکەوینە باوەشی ئێرانەوەو لە هەردوکیا ئەبێ لەناو باوەشی هۆشیارییەکی نیشتمانیی خۆماندابین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن