541وتار

کۆمەڵگای دەواجنیی

12/11/2021 10:08:00 PM
پەیکار عوسمان

- "تاوان" ئەوەیە کە پێشێلی بنەما ویژدانییەکانی ناخی ئینسانە، یان پێشێلی بنەما دەرەکییەکانی ڕێکخستنی ژیانە. باشترین سیستەمیش ئەوەیە، کە بنەما ناوەکی و دەرەکییەکانی هاوسەنگەو ڕێکخستنی کۆمەڵگا، تەریبی ویژدان و کەرامەتی ئینسانەو ئیتر تاك و کۆمەڵگا پێکەوە گەشەئەکەن و ئەگەرەکانی وەحشییەت و تاوان کەم ئەکەنەوە.

- خراپترین سیستەمیش ئەوەیە کە ڕێکخستنی کۆمەڵگا، لەسەر پێشێلی بنەما مرۆییەکانەو لێرەدا سیستەم سەرکەوتنێکی کاتی بەدەست دێنێ لەسەر حسابی هاڕینی ئینسانەکانی، بەڵام دواتر هەرەس دێنێ.

- لێرەدا خودی سیستەمەکە، تاوانێکی گەورەیە دەرحەق بە کۆی ئینسانەکان و بە جۆرێك کەسایەتی مرۆڤ ئەشکێنێ، کە ئەگەری تاوانی تێدا بەرز ئەکاتەوەو ئەیکات بە وەحشێکی مەترسیدار. خۆ لە سوریا هەر بەشار بکوژ نەبوو، هەموو یەکتریان ئەکوشت.

- خۆ لای ئێمەش، هەر پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتەکە تاوانکار نیە، بەڵکو شتەکە هاتۆتە خوارەوە و ئیتر ئەوە هەر مەسولێك نیە، کە ئەتوانێ لەسەر شتێکی بەسیت بتکوژێ، بەڵکو دوو سایەقیش  لەسەر هۆڕن لێدانێك یەکتر ئەکوژن.

- هەموو بیرکردنەوەیەك، لەناو سیاقی خۆیدایەو عەقڵ ناتوانێ بچێتە دەرەوەی سیاقی مەعریفی خۆی. تەنانەت وەحی پێغەمبەران و ئەوەشی کە گوایە قسەی خودایە، هەر لەناو سیاقی مەعریفی قۆناغەکەی خۆیدایەو خەڵکەکە زانیویانە باسی چی ئەکات، نەکئەوەی شتێکی غەریببووبێ بە فەهمی ئەوان و بە مەعریفەی سەردەمەکە.

- ئەمە بۆ داهێنانەکانیش هەر وایەو تۆ کاتێ شتێکی نوێ دائەهێنیت، هەر لەناو کەرەستە مەعریفییە بەردەستەکانی قۆناغەکەوە هێناوتە، نەك ئەوەی موعجیزەبێ و لە دەرەوەی سەردەمەوە هێنابێتت.

- ئەوەشی کە پێیئەوترێ "چارەسەر"، باشترین ئەگەری ناو واقعەکەی خۆیەتی، نەكئەوەی شتێکی دەرەواقع و ئەفسانەیی بێت و لە ئاسمانێکەوە باریبێت.

- ئەم واقعە تاریکەی ئێمەش، هەر لە ناو خۆیدا، ئەگەرەکانی ڕووناکییشی تێدایەو وەکچۆن دوو کەس، لەسەر پارکی سەیارە یەکتر ئەکوژن،، ئەشێ لەولاوە دوو کەسی تر، جوانیی بەرهەم بهێنن و ژیانیش لە هیچیاندا ناوەستێ،، ئەوە ئێمەین لە ئەگەرە خراپەکانیدا وەستاوین!

- "کرانەوە"ش، هەر ئەوەیە کە بزانین، واقع فرەڕەهەندەو هەموو ئەگەرەکانی بدۆزینەوە و لە ئەگەرێکیدا نەچەقین. چەقبەستن و دۆگماش، هەر ئەوەیە کە ئەگەرێکی ناو واقعەکە، یەکسان بکرێ بە هەموو واقعەکە.

- دینەکان و فەلسەفەکان و ئایدۆلۆژیاکان، هەموویان لە سیاقی خۆیاندا، جۆرێك لە کرانەوەبوون و تاكئەگەرە داخراوەکەی قۆناغەکەیان تێپەڕاندوە، بەرەو فرەئەگەریی و لەناو فرەییەکەشدا، بەرەو باشترین ئەگەر. "بۆیە حەزارەتیان دروستکردوە"!

- بەڵام هەر ئەم کرانەوەو هەڵکشانە بۆ باشترین ئەگەری  ناو قۆناغێك، کاتێك تەقدیس ئەکرێ و ئەکرێت بە تاکە ئەگەری حازر و هەمیشەیی بۆ هەموو قۆناغەکان، ئیتر حەزارەت هەڵئەوەشێتەوەو دێینەوە خاڵی سفرو خواری خوارەوەی مێژوو!

- یەعنی ئەوەی کە لە ساتێکدا، عەقڵی کۆمەڵگا لە سنوق دەرئەهێنێ و ڕزگاری ئەکات، دواتر هەر خۆی ئەبێتەوەو بە سنوق و عەقڵی کۆمەڵگا داگیر ئەکات. کاری عەقڵیش ئەوەنیە کە هەمیشە دژەواقع بێت. بەڵکو عەقڵ تەنیا دژی ئەو واقعەیە کە دائەخرێ و ئەبێ بە سنوق. 

- تاوان و برسێتی و جەنگەکان، بێگومان هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و ئەم شتانەی زۆرە.. بەڵام لە بنی بنەوە، هۆکارێکی فەلسەفییشی هەیە کە جەهلە. وتە بەناوبانگەکەی (خودایە بیانبەخشە ئەوان نازانن) لەو قووڵاییەی بنەوە هاتووە، نەك لە هۆکارەکانی سەرەوە!

- بۆ ئەوەی دوو ئینسان، دوو سایەق، دوو بەقاڵ.. یەکتر بکوژن، دنیایەك هۆکار کۆبۆتەوەو لەو ساتەدا گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامە. بەڵام بنەهۆکارێکی گشتیش هەیە بۆ کۆی تاوانەکان، کە خودی لەدایکبوونە!

- مادام مرۆڤ خۆی، هۆکاری یەکەمی تاوانە، کەواتە بەرزکردنەوەی کوالیتی مرۆڤ، ڕێگای بەرگرتن لە تاوانە. مرۆڤیش لە زاوزێیەوە دەستپێئەکات، کەواتە بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی مرۆڤ، ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەرەتایە.

- ئاژەڵەکان، خۆیان بە شێوەیەکی سروشتی، پرۆگرام کراون لەسەر غەریزەی زۆربوون. بەڵام مرۆڤ، هەرچەندە بەشە غەریزی و ئاژەڵییەکەی هەیە، وەلێ سروشت بەرمەجەی نەکردووە لەسەر زۆربوون و ئەو خۆی ئازادە لەوەی کە باشترین دۆخی عەقڵیی بۆ ئەو بڕیارە گرنگە هەڵبژێرێت!

- مەسیحییەکان پرەنسیپێکیان هەیە ئەڵێ (هەموومان مناڵی هەڵەین و مەسیحیش هاتووە قوربانی بە خۆی بدا، بۆ پاکبوونەوەی مرۆڤایەتی لەو هەڵەیە). جا ئەو هەڵەیە، بێگومان سێوەکەی ئادەم نیە. بەڵکو دیوە ئاژەڵییەکەی زۆربوونە، کە مرۆڤ مەجبوور نیە بەوەو ئەکرێ "دیوێکی مرۆیی" بۆ زۆربوون بدۆزێتەوەو ئەگەریش نەیدۆزییەوە، ئەکرێ ئیکتفا بە بوونی خۆی بکاو مناڵ نەخاتەوە بۆ نەگبەتی!

- دەی مەسیح قوربانییەکەی داو خۆی هەر وایکرد. یەعنی ئەو سیوسێ ساڵ ژیا، ئەکرا لە بیست ساڵیی ژنی بهێنایەو تاکو مردنەکەشی، دە دوانزە مناڵی بخستایەتەوە. بەڵام نە ژنی هێناو نە مناڵی خستەوە. ئەوەش هەڵوێستێکی تەواو فەلسەفییە. (فەلسەفە بە مانای فیکرەیەك کە ببێت بە شێوازێکی ژیان) نەكئەوەی فیکر لە دۆڵێكبێ و ژیان لە دۆڵێکی تر!

- هەر ئەوەی کە زەواج یەکسانکرێ بە ئەخلاق، ئەوە خۆی کێشەیە، چونکە فەزیلەت لەناو مرۆڤ خۆیدایەو ئیعتباراتی دەرەکیی ناتوانێ پێ ی ببەخشێت. یەعنی وەکچۆن پارەو ئیعتباری ئابووری، مەنسەب و ئیعتباری سیاسی، ئەمانە نابن بە فەزیلەت،، زەواج و ئیعتباری کۆمەڵایەتیش بە هەمان شێوە.

- لێرەدا مەبەستی من، لێدانی عایلەو مناڵ خستنەوەو هاندانی بەرەڵایی نیە.. چونکە ئەسڵەن ئەوانە ڕەبتی بە ئەخلاقەوە نیەو تۆ بە عایلەوە ئەکرێ زۆر نائەخلاقیی بژیت و بەبێ عایلەش، ئەکرێ زۆر ئەخلاقیی بژیت و بەپێچەوانەشەوە.

- بەڵکو مەبەست، پرسیار خستنە سەر شتانێکە، کە بوون بە موقەدەس و پرسیاریان لەسەر نەماوە. مەسەلەن وەکچۆن ئاژەڵ هەر بە غەریزە زیاد ئەکات بەبێ پرسیار. ناکرێ مرۆڤیش هەر بە غەریزە یان بە نەریت زیاد بکات، بەبێ ڕەهەندی سێیەم و پرسیارەکانی عەقڵ،، لەکاتێکا ئەو ڕەهەندی سێیەمەیە، کە مرۆڤی پێ مرۆڤە!

ماویەتی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن