543وتار

ئێمەو عێراق

10/5/2019 6:10:00 PM
پەیکار عوسمان


- (زۆر) یەکێکە لە کێشەکانی عێراق! 
نەوتی زۆر، قەوم و  دین و پێکهاتەی زۆر، دانیشتوانی زۆر، مێگەلی زۆر، ئەحزابی زۆر، سیاسیی و ڕاگەیاندنی زۆر، مەلای زۆر، چەکداری زۆر، خوێن و شەڕی زۆر، دەمارگیریی و توندڕەویی زۆر، دەستێوەردانی دەرەکیی زۆر، نائومێدیی زۆر..
(کەم) یەکێکی ترە لە کێشەکانی عێراق! 
هۆشیاری کەم، عەقڵانییەت کەم، ئەخلاق کەم، ئینتیمای نیشتمانیی کەم، خزمەتگوزاری کەم، تاکی ئازاد کەم، بیری کراوە کەم، عەدالەت کەم، ئارامی کەم، ئومێد کەم..
ئەم وردە کەموزۆرانە لەیەکیان داوەو کەموزۆرێکی گشتییان  دروستکردوە: (ژیان کەم و مەرگ زۆر)، یان (ئینسان کەم و وەحش زۆر).

- (ژیان و ئینسان) دووانەن. (مەرگ و وەحش) دووانەن.
ئینسان ژیان دروستئەکاو ژیانیش ئینسان ئەداتەوە. وەحش مەرگ دروستئەکاو مەرگیش هەر وەحش ئەداتەوە. 
لەئێستادا عێراق بە کوردستانەوە، وڵاتی وەحش و مەرگە لەسەر هەموو ئاستەکانی تاك و کۆمەڵگاو سیاسەت و دین و ئەخلاق.. ئێمە هەموومان لەناو مەشروعی مەرگسازییداین.

- ئەوەشی کە ئێمەی کردوە بە وەحشی گیانی یەکتر، نوخبەی سیاسی و نوخبەی دینیی و دەستێوەردانی دەرەکییە.
ئەو سیانە لێگەڕێن عێراقییەکان بە سروشتی خۆیان سەقافەتی پێکەوەژیانیان هەیەو ئەتوانن بە تێکەڵی و ڕەنگاوڕەنگی لەسەر ئەو خاکە بژین.
مەسەلەن عەلی و عومەرەکانی بەغدا، ئەشێ برادەر یان دراوسێ بووبن، کەچێ سیاسی و مەلاو دەستێوەردانی دەرەکی، وایانکرد کە دەستیان بچێتە خوێنی یەکتر!
مەسەلەن سیاسەتی کوردیی هیچ بەدیلێکی واقعیی شك نابات، کەچی تاکی کوردی لەسەر ئەوە ڕاهێناوە کە ئینتیمای بۆ عێراق نەبێت!

- تاکی عێڕاقی ئەگەر دەرفەتی هەبێت، ئەتوانێ بیربکاتەوەو داهێنەربێت. عێراق وڵاتی تواناکانەو هەر کەمێك لەئارامیدابێت، پڕئەبێ لە زاناو هونەرمەندو بیرمەند.. بەڵام بەپێچەوانەوە خلیج وانیە، هەزار ساڵ لە ئارامیدابێت شتێکی ئەوتۆ بە دنیا نابەخشێ! 
چونکە دەوڵەتانی خلیج لەسەر ئەساسی قەبەلی دامەزراون و تاك و دەوڵەت پەیوەندییەکی قەبەلی ئەیانبەستێتەوە بە یەکەوە. تاکی قەبەلیش تاکێکی بەرخۆری بیرنەکەرەوەیەو شێخی قەبیلە کە سەرۆکی دەوڵەتیشە، لەبری ئەو بیرئەکاتەوەو نانی بۆ پەیائەکاو ئەیلەوەڕێنێ.. بەڵام دەوڵەتی عێراق وانیەو تاکی عێراقیش ئەتوانێ وانەبێت، ئەگەر ئینتیما بچوکەکان لێیگەڕێن!

- ڕق سەرچاوەی گەندەڵییەو شتەکەی تا خواری خوارەوە بردوەو ئەوەی ئێستای عێراق و هەرێم تەنیا گەندەڵی سیاسی نیە، بەڵکو گەندەڵی کۆمەڵایەتی دەستەجەعییە!
هەموو ئینسانێك لەناو خۆیدا ئەزانێ دزی و کوشتن خراپە، بەڵام "ئینتیمایەکی بچوك" ڕقێکی بەرامبەر ئەویتر بۆ دروستئەکاو لێرەوە شەڕعیەتی دزی و کوشتن و خراپەکان بەخۆی ئەدا.
لە جنوب ئینتیمای تائیفی ڕقی تائیفی، لای خۆشمان ئینتیمای حیزبی و ڕقی حیزبی، تاکیان خاڵیی کردەوە لە ئەخلاق.
مەسەلەن موعارەزەی ئێمە نەهات "چاککبوونی سیاسی" بە بنەما بگرێت، هات ڕقبوونەوە لە پارتی و یەکێتی بە بنەما گرت! لێرەشەوە خۆشی هەربووەوە بە پارتی و یەکێتییەکەی ترو نەیتوانی ئەخلاقێکی سیاسی تر بهێنێت.    

- ئەوەی کە عێراقی کردووە بە نیشتمانی ڕقەکان، نەفرەتێکە کە لەلایەن هەرسێ کوچکەی (سیاسی و مەلاو دەستێوەردانی دەرەکیی)یەوە، دێتە ناومانەوەو ئەمانکا بە دوژمنی یەکتر!
گرنگە هەر عێراقییەك لەشوێنی خۆیەوە، ئەم نەفرەتە دەرەکییە بگۆڕێت بە نەفرەتێکی ناوەکی، کە ئەمجارە بەپێچەوانەوە، لە ئێمەوە دەرچێ بەرامبەر بە سەرچاوەکانی ڕق.

- دوژمنی هاوڵاتییەکی سونەی عێراق، شیعە نیە. سیاسی سونی و مەلای سونی و سعودییەو تورکیاو قەتەرو میحوەری سونەیە.
دوژمنی هاوڵاتییەکی شیعەی عێراق، سونە نیە. سیاسی شیعی و مەلای شیعی و ئێرانە.
دوژمنی هاوڵاتییەکی کوردی عێڕاقیش، عەرەب نیەو دەوڵەتی عێراقیش نیە. بەڵکو سیاسی کوردی و دەخالەتی تورکیاو ئێرانە.
لەبری ئەوەی هەر پێکهاتەیەك ڕق ئاراستەی پێکهاتەکەی تر بکات، گرنگە هەر پێکهاتەیەك ڕق ئاڕاستەی سەرچاوەکانی ڕقی ناو پێکهاتەکەی خۆی بکات! تەنیا لەوێوە ئێمەی عێراقی ئەتوانین یەکترمان خۆشبوێت.

- سەرەڕای هەموو کێشە کۆن و نوێکان، بەڵام لەڕاستیدا کورد تەنیا لە عێراقدا، ئەتوانێ کوردبێ و کوردستانبێ و مافی سیاسی و کولتوری و دەستوری هەبێت، لەشوێنی تر ئەمانە قورسەو کاری نەکردەیە.
تاکی کورد لە عێراقدا، تەنیا نەیتوانیوە هاوڵاتییەکی یەکسانی خاوەن ماف و کەرامەتبێت، ئەمەش کێشەی هەموو عێراقییەکانە نەك تەنیا کێشەی ئێمە! ئەبێ هەمووشمان پێکەوە دەوڵەتی هاوڵاتی دروستکەین و لێرەدا ئێمەش ئەرکمان هەیە نەكئەوەی هەر سەیرکەرو گلەییکەربین!
 
- کورد ناکرێ ڕقی لە عێراقبێ و بەتەماشبێ عێراق بۆی ببێتە سوید! لەڕاستیدا هەر ئەونە بەس نیە کە ئێمە کوردێکی عێراقی یان کوردستانییەکی عێراقیی بین، بەڵکو ئەبێ هاوڵاتییەکی عێراقییش بین و ئامادەبین بڕێك لە ئینتیما بچوکەکەی خۆمان وازلێبێنین بۆ ئینتیمایەکی گەورەتر لەپێناو دامەزراندنی پەیوەندییەکی ماقوڵتر لەگەڵ ئەم دەوڵەتەدا.

- هیوای باشی بۆ عێراق ئەخوازم، چونکە خراپی و هەڵوەشانەوەی عێراق ناکە باشی و سەربەخۆیی ئێمە، بەڵکو ئەسڵەن لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە "عێراق" پاساوێکی باشی بوونی سیاسی و دەسوریمانەو ئەگەر ڕۆژێك عێراق نەمێنێ، هەر هەمان ڕۆژ ئەکەوینە ژێرپێ ی تورکیاو ئێرانەوەو ئەم تڕەبوونەی ئێستاشمان نامێنێ.

- واقع وا ئەڵێ و ڕووداوەکانی ئەم چەن ساڵەش سەلماندیان، کە مەسەلەی سەربەخۆیی ئێمە پەیوەندی بە هەڵوەشاندەوەی عێراق و سوریاوە نیە، پەیوەندی بە هەڵوەشانەوەی تورکیاو ئێرانەوە هەیە! تا ئەو کاتەش، گرنگە کوردی عێراق و سوریا عاملی پێکەوەژیانی ناو ئەو دوو وڵاتانەبن نەك عاملی کێشەو جیاخوازی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن