513وتار

وەجاخی کفن دز

10/23/2021 8:38:00 AM
پەیکار عوسمان


تەربێت
پەروەردەی مناڵ لەلایەن باوکەوە، دوو سەرچاوەی هەیە. نەزەریی: ئەوەی کە ئاگات لێیەو ئامۆژگاری و بەرچاوڕوونیی پێویستی ئەدەیتێ.. عەمەلی: ئەوەی کە خۆت لەبەرچاوی مناڵدا مومارەسەی ئەکەیت و ئەبێتە نمونە بۆی.. مناڵە مەسولی ئێمە، هیچکام لەم دوو پەروەردەیەی نیە. چونکە باوکە شۆڕشگێڕەکان، بەشێکی تەمەنیان لە شاخبوون و دوور لە ماڵ و مناڵبوون. بەشێکیشی لەشار خەریکی فەسادبوون. ئیتر نەیانپەرژایە  پەروەردەی نەزەریی مناڵ. نەشبوون بە نمونەیەکی جوانی عەمەلیی بۆیان!

پەروەردەی دایكەکان
تەنانەت ئەو پەروەردە جوانەشی کە دایکەکان کردیان، باوکەکان بە هاتنەوەیان شێواندیان. ئاخر لە بۆشایی باوکە شۆڕشگێڕەکەدا، مناڵەکان دوو کۆڵەکەی گرنگی پەروەردەیان هەبوو. دایکێکی موزەحیی، کە بە تەواویی خۆی تەرخانکردبوو بۆ مناڵەکان. لەگەڵ سەرمایەیەکی مەعنەوی باوکەکە، کە ئەمە بۆ خۆی، پاوەرێکی ئەخلاقیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ ئەوان. بەڵام باوکەکان دێنەوەو بە داخڵبوونیان بۆ بازنەی فەساد، کۆڵەکە مەعنەوییەکە ئەڕوخێ. بەو پارەو مادەیەشی کە "لەبری پەروەردە" بۆ مناڵەکانیان هەڵڕشت، مناڵەکانیان بەتەواوی خراپ کردو ڕەنجی دایکەکانیش بە با چوو!

پەروەردەی باوكەکان
مەسولەکان تەواوی واجبی باوکایەتییان کورتکردەوە لە هەڵڕشتنی پارەو ڕەفاهییەتدا بۆ مناڵەکانیان. ئەمەش ڕێك پێچەوانەی باوکایەتییەکی تەندروستەو ڕێك بریتییە لە فەسادکردنی مناڵ. چونکە کۆڵەکەی باوکایەتی، دیوە مەعنەوییەکەیەتی و ئەم بۆشاییەش بە پارەو سەیارەو ڤێلا پڕنابێتەوە. گوێ لێگرتن، یاری لەگەڵ کردن و گرنگی پێدان.. ئەمانە ئەو شتە سادەو گرنگانەن کە مەسولی ئێمە کاتی نیە بۆی. مەسەلەن ئەو کاتەی کە مەسولی ئێمە بۆ لەشفرۆشێکی دابین ئەکات، زۆر زیاترە لەو کاتەی کە بۆ ژن و مناڵی تەرخان ئەکات!  

کەسایەتی مناڵەکان
مناڵە مەسولی ئێمە، دوو کەسایەتی هەیە. وەکو هەر ئینسانێك، کائینێکی سەربەخۆیەو خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی، کە ئەمەیان بەهۆی پەروەردەی سەقەتی باوکەوە خەساربوو. بەڵام مناڵە مەسول هەر ئەم کەسایەتییەی نیە، بەڵکو دیوە شاراوەکەی کەسایەتی باوکیشیەتی. (یەعنی خراپ و خراپێکی تریش!)
باوکی دیوێکی ئاشکرای هەیە، کە دیوی شۆرش و شاخ و قوربانیدانە.. دیوێکی شاراوەشی هەیە، کە ڕابواردن و قومارو کۆمپانیاو مافیاگەرییە.. ئەمەی دووەمیان لەئێمەوە دیارنیە، بەڵام لە مناڵەکەوە دیارەو ئیتر ئەو، ئەبێتە ئاوێنە بۆ ئەم دیوەی باوکی و ئەوەی لە باوکیدا دیوە شاراوەکەیە، لەودا ئەبێتە دیوە ئاشکراکە. ئاخر ئەو وەکو باوکی دوو دیوی نیە یەکێکان دەرخاو یەکێکیان بشارێتەوە. ئەو هەر ئەم دیوەی هەیەو هەموو ژیانی هەر ئەوەیە، بۆیە وا ئاشکراو دیارە!

ئەخلاق
ئەگەرچی شۆڕش ڕووکەشێکی ئەخلاقیی هەیە، کە بەرنگاربوونەوەی ستەمکارییە.. بەڵام دیوێکی تەواو نائەخلاقییشی هەیە، کە کۆمەڵگا دابەشئەکاو فەزڵی شۆڕشگێڕ ئەدا بەسەر ناشۆڕشگێڕدا. ئیتر کابرای شۆڕشگێڕ بە مافی خۆی ئەزانێت بدا بەسەر سفرەی گوندنشینێکداو نانەکەی بخوا. ئیتر گوندنشینەکەش وا ئەزانی ئەرکییەتی ئەو نانە بدات. کە ئەمە وەهمێکی دوو سەرەیەو هەر ئەو پاروە نانەیە کە دوایی ئەبێ بە ملیۆن و ملیارو ئەخلاقی شۆڕشگێڕەکەو مناڵەکانی و کۆی کۆمەڵگاشی تێکدا. بەڵی شۆڕش مەکینەی بێ ئەخلاقکردنی کۆمەڵگای ئێمەبوو، چونکە چینایەتی و هاوکێشەیەکی دروستکرد، کە تەواو نائەخلاقییە!

شۆڕش
لەڕاستیدا شۆڕش دووانەو یەکێك نیە. ئەوەشی کە شۆڕشە ڕاستەقینەکەیە، دووەمیانە نەك یەکەمیان. یەکەمیان ئەو  تەقوتۆقەیە کە لەگەڵ دوژمن ئەیکەیت و تا ئێرا شۆڕشێك لەئارادا نیە. دووەمیان ئەو هۆشیارییەیە کە شۆڕش و شۆڕشگێڕت لێ نەبێت بە موقەدەس و لەم قەداسەتەشەوە ئەوان نەبن بە سوارو تۆش بە وڵاخ. هەموو شۆڕشێکی یەکەم خۆی ستەمکارییەکی ترەو ئائەمەی دووەمیانە کە ئەیکات بە خودی شۆڕش. ئێمەش ئائەمەمان نیە، بۆیە شۆڕشگێڕەکان هەر خۆیان نا، بەڵکو مناڵەکانیشیان سوارمانبوون!

چەك
مرۆڤ بەبێ چەك، هێشتا بواری ئەوەی هەیە، کە کائینێکی عاقڵبێ و جگە لە توندوتیژی ئەگەری تری هەبێت. یان لە توندوتیژیشدا شتەکە لە دوو شەق و بۆکسێکدا کۆتایی بێت، کە ئەمە بە پەشیمانییەك و دوای لێبوردنێك حەل ئەبێ و شەڕکەرەکانیش ئەبنەوە بە مرۆڤ. بەڵام مرۆڤ بە چەکەوە، ئەو چانسەی نیەو ڕاستەوخۆ ئەبێتە ئاژەڵیکی دڕندەو جگە لە هێز، هیچ ئەگەرو چارەسەرێکی تری لەبەردەمدا نامێنێ. یەعنی چەك پێشئەوەی بکوژی کەسەکان بێت، بکوژی عەقڵەکانە!

بەرپرسیارێتی
مەسئولیەت و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، لوتکەی ئەخلاقی ئینسانە. بەڵام لای ئێمە، بەهۆی نابەرپرسیارێتی و نائەخلاقییەتی مەسولەکانەوە، وشەی "بەرپرس" هەر بەتاڵ نەبۆتەوە لە ماناکەی خۆی، بەڵکو دژو پێچەوانەشبۆتەوە لەگەڵ ماناکەیدا. مناڵە مەسولیش، مناڵی مانای دووەمی وشەکەن!

ئینساف
ئەشێ تاكوتەرا مەسولی باش و مناڵە مەسولی باشیش هەبن. قسەکە لەسەر دۆخێکی گشتییە، نەك لەسەر شەخسی ئەوان.  بەکورتی ئەمەوێ بڵێم (شۆڕش، شۆڕشگێڕ، چەك، شەهید..) ئەم شتانە کێشەی ئەخلاقییان تێدایەو ئێمە تاکو ئێستا هەر خەریکی پیاهەڵدانی ئەمانەبووین، بۆیە دیوە نائەخلاقییەکی نابینین. ئەگەر شتەکان بخەینە بەردەمی عەقڵ، لەوێدا هەر تاوان لەسەرکراو نا، بەڵکو تاوانکارەکەش قوربانییەو لە عەقڵەوە ئەتوانین هەردو قوربانییەکەو کۆی کۆمەڵگاو ئایندەش، لە دنیابینییەك ڕزگاربکەین و بپەڕینەوە بۆ دنیابینییەکی تر.

پەتای عودەی
ڕاستت بوێ، مناڵە مەسول کەسێکی نائاساییەو مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگا. بۆیە ئەبێ وەکو نەخۆشی دەروونی مامەڵەبکرێن و لە ژێر چاودێری دەروونناس و کۆمەڵناسەکاندا، دووبارە ئامادەبکرێنەوە، بۆ ئەوەی وەکو کەسێکی ئاسایی بێنەوە ناو کۆمەڵگا.. بەڵام ئەمەیان ناکرێ و ئەسڵەن کێ ئەوێرێ بە عودەی بڵێ تۆ نەخۆشیت؟
ئەوەی کە بکرێ، هەر ئەوەیە کە مەسولەکان، بەو پارەیەی کە لە ئێمەیان دزیوە، لە زانکۆ باشەکانی دنیا، کورسی خوێندن بۆ مناڵەکانیان بکڕن و بە شتێکی باشەوە مەشغوڵیان بکەن، بۆئەوەی بۆشاییەکانیان بە تاوان و مافیاگەریی پڕنەکەنەوە. خۆ ئەوکاتیش بە حوکمی شەهادەو زمانزانیی هەر ئەبنەوە بە کەڵەگا بەسەرمانەوە. بەڵام هێزی مەعریفە لە هێزی فیشەك ئەهوەنترەو کۆمەڵگاش لە شەڕیان پارێزراوترە.

دەوڵەتداریی
ئەلف و بێ ی دەوڵەتداریی، داماڵینی کۆمەڵگایە لە چەك و کۆکردنەوەی هێزی توندوتیژە لە دەستی دەوڵەتدا. کەچی دەوڵەتدارییە سی ساڵییەکەی ئێمە، ڕێك بە پێچەوانەوە، بریتیبوو لە بڵاوکردنەوەی چەك و دروستکردنی ناوەندی هێزی نادەوڵەتیی لە کۆمەڵگادا. یەعنی لەڕاستیدا کێشەی ئێمە نەبوونی خودی دەوڵەت نیە. کێشەکە نەبوونی عەقڵیەتی دەوڵەتدارییەو ڕاستە دنیا ڕێگەی دەوڵەتی نەداوین، بەڵام خۆ کەس دەستی "دەوڵەتداریی" نەگرتووین و دەوڵەتداریی لە گوندێکیشا ئەکرێ!  

سوڵح
زاهیرەن وا دیارە کە "سوڵح" چارەسەری شەڕو تاوانکارییەکان بێت. بەڵام لە ڕاستیدا یەکێ لە هۆکارە شاراوەکانی پشتی تاوان، سوڵحە. هەر وجودی مەجلیسی سوڵح و پیاوی سولح، یەعنی بوونی چینایەتی و ناوەندی هێزی نادەوڵەتیی. دەی ئەوە خودی کێشەکەیەو پیاوانی سولحیش، هەمان کەسانی مەسول و سەرۆك خێڵ و خاوەن نفوزن و هەر مناڵ و خەڵکی چواردەوری ئەمانەیە کە تاوانەکان ئەکەن. چونکە هەردو هێزەکە شك ئەبەن: هێزی توندوتیژو هێزی سولح!

سیاسەت
یەکێ لە ئیشەکانی سیاسەت، نینۆك کردنی کۆمەڵگاو متمانە بەخشین بە دامودەزگایە. حیزبی چەکداریش ناتوانێ ئەم کارە بکات، چونکە خۆی نینۆکدارەو خودی خۆی پێشێلی دەزگایەو هەر بوونی ئەو بەسە بۆئەوەی کە دڵنیایی و متمانە بە دەزگا دروست نەبێت. ئێمە وائەزانین سیاسەتی ئێمە لە شۆڕشەوە دەستی پێکردوە، بەڵام لەڕاستیدا لە شۆڕشەوە کۆتایی هاتووە. لەوێوە حیزبمان بوو بە خێڵ و نینۆك جێگای دامودەزگای گرتەوەو ئیتر نەشهاتینە ناو دنیای مۆدێرن!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن