قەدەغەکردنى تیکتۆک لە عێراق یەک هەنگاوى ماوە
07:34 - 05/04/2025
زەمەن - عێراقى
وەزیرى پەیوەندییەکانى عێراق رایگەیاند، یەکەم کارى ئەمساڵیان قەدەغەکردنى تیکتۆک دەبێت، دەڵێت، ئێستا بڕیارەکە لە پەرلەمانە هەرکات دەنگى لەسەر درا قەدەعەى دەکەن.
هەیام یاسرى وەزیرى پەیوەندییەکانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى راگەیاندووە، پێشتر بە فەرمیى داواکاریمان پێشکەشکردووە بۆ قەدەغەکردنى تیکتۆک لە عێراق، دەشڵێت، داواکارییەکەى کردوومانە پەیوەستە بە هەزاران داواکاریى خێزانەکانەوە کە داوایانکردووە بڕیارى قەدەغەکردنى بدەین، لەبەرئەوەى لەگەڵ دابونەریتەکانى وڵاتەکە ناگونجێت.
هەروەها گوتوویەتى، وەزارەت بەتەنیا ناتوانێت ئەو بڕیارە دەربکات، داواکارییەکمان ئاراستەى پەرلەمان کردووە بۆئەوەى بڕیارێک لەبارەیەوە بدات و ئێمەش بە پشتبەستن بەو بڕیارە مامەڵە لەگەڵ ئەپلیکەیشتنەکە دەکەین.