698وتار

كۆتایی بۆمب ‌و ژەنەڕاڵەكان

4/7/2020 10:17:00 PM
هەندرێن شێخ راغب


ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بە قوڵی ماناكانی گۆڕی. ئاراستەی بیركردنەوەی سەربازی‌و ململانێی دەوڵەتیش دەگۆڕێت؟؟ پرسیاری جدی لەپشتی كۆڕۆنا هەیە. چۆن؟ ئەگەر جەنگی جیهانیش بوایە، ئاسان نەبوو زۆرینەی هەرە زۆری وڵات‌و شارو شەقامەكانی جیهان بەم جۆرە چۆڵ ببێت‌و خەڵك ئاوا لە ماڵەكانیان بمێننەوە؟ لەداهاتوو جەنگەكان چۆن دەبن، ئایا پێویست بەوە دەكات هەزاران سەرباز‌و ئەفسەرو ژەنەڕاڵ بڕۆنە مەیدانی جەنگ؟ سەدان تۆپ هاوێژ‌و فڕۆكەی جەنگی‌و تانك‌و زرێ پۆش مل لە سنور بنێن‌و بۆمبەكان دا بارێن بەسەر دوژمندا؟. بۆ ئەوەی وڵاتێك ببەزێنیت ئەم هەموو جەنگ‌و كوشتارەی دەوێت..یاخود لەبری ئەم هەموو چەك‌و سەرباز‌و تۆپ‌و تەیارەیە، تەنها سێ چوار دكتۆرو یەك دوو زانای بایۆلۆجی بەسە..؟ كە لەناو تاقیگەیەك‌و بە كەرەستەی پزیشكی، ڤایرۆسێك‌و پەتایەك یان نەخۆشیەك دروست بكەیت‌و چەند توشبوویەك وەك گەشتیار بنێرە ناو وڵاتەكەی دوژمن، یان ناو سوپاكەی، یاخود بە فڕۆكەیەك‌و بار هەڵگرێك، یان لە رێگای ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی، بەسە بۆ وێرانكردنی ئەم وڵاتە، لەناوبردنی ئابوریەكەی، شڕكردنی سوپاكەی. تەنازول پێ كردنی.

ئایا جەنگی بابۆلۆجی جێگای جەنگی ژەنەڕاڵەكان دەگرێتەوە..
بۆ داهاتوو پرسیارێكی زۆر جدی‌و قوڵە..مرۆڤ داهاتوو چۆن جەنگ دەكات.
چۆن تفەنگەكان دروست بوون، جەنگی تیروكەوان كۆتایی هات..ئێستاش كە ڤایرۆسێك دروست دەبێت، جەنگی بۆمب‌و فڕۆكەو سوپا‌و ژەنەڕاڵەكان كۆتایی دێت.

داهاتوو ئەگەر تەمەن رێگا بدات، گۆڕانكاری زۆر دەبینین..وەك چۆن لە رابردوو بینیمان لە شاری هەڵەبجە، بەعس لەبری ژەنەڕاڵ‌و بۆمب‌و هەزاران سەرباز، بە كیمیایی جەنگی لەناوبردنی شارێكی كرد..ئایا ئەم جەنگە كیمیایی‌و بابۆلۆجیە ئیدی دەبنە حەقیقەتی جەنگەكانی داهاتوو؟؟. هیوادارم نەبێت..؟ بەڵام هیواخواستن شتێكە‌و روداوەكان شتێكی دیكە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن