54وتار

قامیشلۆ مەكەن بە هەولێر؟؟؟

12/7/2024 8:25:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

ساڵی 2003 یەكێك لە بەهێزترین رژێم و مەركەزیترین فكری دەوڵەتی عروبەیی، لەسەر دەستی ئەمریكاو هاوپەیمانان رووخا. صەددامیان لە كونە مشكێك هێنایە دەرەوەو لە سێدارەیان دا. سوپای عێراق هەڵوەشایەوە، دەوڵەت نەما، دراوی عێراق نەما، دەستوری نەماو دواتر دەستوری هەمیشەیی نوسرا، سەروەری نەما، شیعەی هاوخەبات و هاو ئازارمان!! هاتنە سەر حوكم. كورد نەك گەیشتە كەركوك، بەڵكو پێشمەرگە گەیشتە حەمرین. پارێزگاری كەركوك بووە كورد. عێراق داری لەسەر بەرد نەما. هەموو دنیا موجامەلەو پشتیوانی كوردیان دەكرد. سەرۆك كۆماریش بووە كورد. وەزیری دەرەوەش بووە كورد. دەیان وەزیر بوونە كورد. چەندین فراكسیۆنی پەرلەمانی بوونە كورد!؟. بەڵام ئێستا چی؟ ئێستا هەولێر تەنیا كەوتووە، نەوت و غازو موچەو بودجەو سنورو خاك و كەركوك و شەنگال و خانەقین و حەمرین و موصڵ و ..هەمووی چوو. ئێستا هەولێر تاكە داواكاری ئەوەیە مانگانە لە كاتی خۆی موچە بێت؟. شیعەو سونەی هاوخەبات توندتر دەرچوون لە صەددام؟. كەواتە قامیشلۆ چی بكات؟
بەبۆچونی من لەم سەرزەمینەی ناوی رۆژهەڵاتە، تەنها هێزو بەرگری سەختی خۆت دەیخوات. دیموكراسی, فیدڕاڵی، دەستور، پێكەوەژیان، مافی مرۆڤ، برای موسوڵمان، برای هاوخەبات، هەمووی دروشمە. بەس ئەوەندەیان دەوێت هەتا خۆیان قایم دەكەنەوە، ئینجا دەبینی چیت پێ دەكەن. ئەگەر مەبەستیان مافی مرۆڤ و برای موسوڵمانە فەرمون با شتێك بۆ ژن ومنداڵی غەززە بكەن؟. بۆیە ئەمانە هەمووی دروشمە. ئەوانەی لە دوای بەشار ئەسەد دێنە سەر حوكم، سوریا ناكەن بە سویسرا، بەڵكو دیكتاتۆرترو خوێن رێژترو دوژمن ترن. بۆیە تكایە بە هیچ دروشمێك هەڵمەخەڵەتێن، بەس عەفرینتان گرتەوە، لەكاتی هەر گۆڕانكاریەك یەكسەر لە قامیشلۆوە ئیعلانی دەوڵەت بكەن و جیاببنەوە. بۆ ئەم مەبەستە هەندێك رەگەزی زۆر باشتان هەیە:
-یەك سوپاتان هەیە، وەكو هەولێر یەكەی حەفتاو هەشتاتان نیە.
-هێزەكانی ناوخۆتان شەڕی براكوژیان نیە، وەكو ئێمە كەپكی حەمەد ئاغاتان نیە!!!.
-ئێستا خاوەنی نەوتی سوریان، كێڵگەی نەوت بەرهەم دەهێنن.
-لە كشتوكاڵ باشن و دەتوانن ئاسایشی خۆراك دەستەبەر بكەن.
-ئێران و سوریاو عێراق، دوای شەڕی غەززە لەدۆخی هێرش بەری نین، بەڵكو لە دۆخی بەرگرین و ناتوانن بەم ئاسانییە پەلامارتان بدەن. 
-ئەمریكاو ئەوروپا دژتان نیەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیاری ئێوە نیە.
-تەنها یەك دوژمنتان هەیە كە توركیاو كلكەكانیەتی. بەڵام بیرتان نەچێت، حوكمی زاتی بێت، فیدڕاڵی بێت، سوریا ببێتە سویسراش، توركیا هەر دژتانە!.
-خاوەنی چەكی زۆر باشن، ژێرخانی چەك و سەربازیتان دەوڵەمەندە. ئەمریكاو هاوپەیمانان باش چەكداریان كردوون. 
-گەلی كورد لە رۆژئاوا ئامادەیی باشی هەیەو وەكو هەولێر نیە، كە بەسەر دەیان گروپ و حزب و ناوەنددا دابەش بووە. 
بۆیە تكایە چارەسەر ئەوەیە ئیعلانی سەربەخۆیی خۆتان بكەن لەكاتی روخانی رژێم و نەمانی دەسەڵاتی سوریا، ئەزمونی هەولێر دووبارە مەكەنەوە كە هەموو شتێكمان بۆ دۆلارو دینارو كورسی لە دەست داو ئێستا هەولێر بە دۆخێك گەیشتوە خوا خوایەتی بەس موچەی مانگانەی بۆ بنێرن؟.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن