264وتار

سێ رۆژ پێش راپەڕین

3/2/2023 9:41:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

سێ رۆژی دیكە، یادی راپەڕینە، كە 5/3/1991 لە شاری رانیە، كورد دژی بەعس راپەڕی بۆ دروستكردنی كوردستانێكی ئازادو دیموكراس‌و دوور لە ستەم، كەچی دوای سی‌و دوو ساڵ رێك سێ رۆژ پێش ئەم یادە، لە پایتەختی كوردستان؟؟ باوكێك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاسایشی كوردی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە كوڕەكەیان بە شێوەی بەعسیانە ئەشكەنجە داوەو بوتڵیان پێ هەڵگرتووەو كارەبایان لێداوەو گونیان تەقاندووە.

بەبۆچونی من ئەم رووداوە پێویستی بەوەیە بێ دەنگ نەڕوات، ئەگەر پەرلەمان ئیرادەیەكی ماوە؟ ئەوا پێویستە لەدانیشتنێكیدا قسە لەسەر ئەم كەیسە بكات، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگا ئەمنیەكان بانگهێشت بكات، سەرۆكایەتی هەرێم بەدواداچوونی هەبێت، لەوەش لە پێش تر ئەوەیە كە سەرۆكایەتی حكومەت قسەی خۆی هەبێت، وردەكاری ئەم روداوە بۆ رای گشتی بخاتە روو. چونكە گەنجی كورد بە دەستی دامەزراوەی كوردی بەمجۆرە ئەشكەنجە بدرێت، مانای وایە ئێمە هێشتا لە خاڵی سفر داین.

دەمێكە بۆچونم وایە، راپەڕین تەواو نەبووە، راستە دامودەزگای بەعس نەما، بەڵام كولتورو عەقڵ و دنیابینی بەعس لە دەماری كورد زیندووەو رەفتاری پێ دەكات. راپەڕین قۆناغی دیكەی ماوە كە دەبێت تەواو بكرێن، ئەگەر پێشمان وابێت لەیادی راپەڕین دژ بە هەبوونی هەرێم بوەستینەوە، ئەوا گەیشتنە بە خاڵی كۆتایی هاتنی قەزیەی كوردو پرسیارێكی زۆر جددیشە كە بۆچی نەوەیەكی بێ ئینتما بەم جۆرە دروست بووە؟ ئەمە لەخۆوەنیەو هۆكاری زۆری هەیە، هەندێك جار شكستی ئۆپۆزسیۆن مەترسی دار ترە لە شكستی دەسەڵات، چونكە شكستی پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن یەكسانە بە دروست كردنی دنیایەكی نا ئومێدو بێ متمانەو بێ ئاسۆ. نەوەی ئێستا لە دەسەڵات تووڕەیەو لە ئۆپۆزسیۆن نائومێدە. نائومێدیش مەترسیدارترە لە توڕەبون.

لە یادی راپەڕیندا، جێگای بێ هیوایی گەورەیە قسەمان لەسەر ئەوە بێت كە گەنجێك لە زیندانەكانی دەسەڵاتی كوردی ئەشكەنجەی دڕندانە درابێت، ئەگەر تەنانەت داعشیش بێت، مادام لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە پێویستە پارێزەری هەبێت و بە شێوەیەكی دادوەری و یاسایانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، جیاوازی ئێمەو داعش ئەوەیە، داعش خەڵك سەردەبڕێت و دەیكوژێت و ئەشكەنجەی دەدات، بەڵام ئێمە خاوەن دامەزراوەو سەرۆكایەتیەكان و دەیان جۆر دەزگاین كە بانگەشەی سیستەمێكی دیموكراسی‌و نیشتمانی دەكەین. راپەڕین خەونی كوردە بۆ دروست كردنی كیانێكی ئازادو دیموكراس‌و پێشكەوتوو. بەم هەموو برینەوە لەناو جەستەی ئەم كیانە، لەبەردەم داهاتوویەكی باش دا نین، بۆیە راستكردنەوەی ئەم جۆرە رەفتارانە، دەمانخاتە سەر رێگایەكی دروست، ئەگەر وا نەكەین لەبەردەم برینی زیاتر وەستاوین‌و یادێكی نیشتمانی وەك راپەڕین دەبێتە بۆنەیەك بۆ ئازاردانی خۆمان و توڕەیی زیاتر لای نەوەكانی ئێستا‌و سبەینێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن