607وتار

چی بڕوخێت؟

12/28/2020 5:42:00 PM
هەندرێن شێخ راغب



بابەتی یەكەم: ماوەی سەدەیەكە (100) ساڵە، ئینگلیز بەهاوپەیمانی فەرەنسایەكان دەوڵەتی عێراقیان دروست كردووە. سونە حوكمیان كرد، شیعە حوكمیان كرد، كوردیش حوكمیان كرد. نەتیجەكەی شتێكە ناوی دۆزەخە!.
راشكاوانە پێكهاتەكانی ناو عێراق لە ئەزمونی دروستكردنی دەوڵەتێكی یاسا سەروەر، خۆشگوزەران، دیموكرات‌و پێكەوە هەڵكردوو..شكستیان هێناوە. بۆیە كاتێك گوتم دەبوو ماوەی ئەم سەد ساڵە هەر لە ژێر ئینتدابی ئینگلیزدابوایە، لە كورتبینیەوە نەبوو. ئێستا زانكۆی باش، ژێرخانێكی هەڵبژاردنی گونجاو، دەستورێكی مەعقول‌و پاشایەكی ژیكەڵەمان دەبوو. ئەم هەموو سەرگەردانی‌و خوێنبارین‌و شەڕو شۆڕش‌و مل شكاندنە گەلانی عێراقی گیرۆدە نەدەكرد! ..خۆ ماوەی 300 سێ سەد ساڵە سكۆتلەندیەكان هەر لەگەڵ ئینگلیز دەژین‌و دواهەمین ریفراندۆمیش دەنگیان بۆ جیابوونەوە نەدا.

بابەتی دووەم: حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم گیرۆدەی گەندەڵین، بەهەدەردانی سامان‌و پەرتەوازەیی دارایی  هەردوو حكومەتی شەكەت كردووە. لە جادەو شەقامەكانی پایتەختی عێراق نزیكەی 500 خۆپیشاندەر شەهیدبوون‌و هەزاران بریندار بوون، هەتاوەكو گەیشتە ئەوەی مستەفا كازمی ئێستا ببێتە سەرۆك وەزیران.
لەهەرێمی كوردستانیش چەندین بارەگای حزب‌و حكومی سوتان، دەیان گەنج‌و هاوڵاتی شەهید بوون‌و سەدان بریندار بوون. سەرەنجامەكەی ئەوەیە چاوەڕوانیەكی قوڵ و گەورە هەیە بۆ گۆڕانكاری‌و چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەگەر عێراقیەكان كێشەكانی خۆیان بنەبڕ نەكەن، كە نایكەن، ئەوا دەروازەی دەست تێوەردانی نێودەوڵەتی كراوەیە. پێویستە لە سەر چارەنوسی عێراق كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیارێكی میًژوویی‌و یەكلاكەرەوە بدات. چونكە ئیدی ناشێ بەمجۆرە بەردەوام بێت.

بابەتی سێیەم: ئێمەی كورد خاوەنی پۆست‌و پلەو پایەین لە عێراق، لە كوردستانیش قەوارەمان هەیە، لەهەردووكی زۆر خراپین، نە ئەوەیە یەكجاری دەست بەرداری عێراق بین، نە ئەوەیە عێراقیش بكەینە ناوەندی كیان‌و سیاسەتی خۆمان، هاوڵاتیان نازانن بۆ لەگەڵ عێراق رێك ناكەوین، بۆچیش رێك دەكەوین؟ عێراقیم‌و عێراقیش نیم..؟ هەرێمی كوردستان بەمجۆرە بەڕێوە نابرێت، پێویستی بە بڕیاری مێژوویی‌و یەكلاكەرەوە هەیە. یان دەبێت قەوارەیەكی نیشتمانی‌و دیموكراسی‌و خاوەن دەستورو یاسای نیشتمانی بێت، یان دەبێت ئەم قەوارەیە ببێتەوە شیمالی حەبیب.

بابەتی چوارەم: نابێت دەستبەرداری قەوارەی هەرێمی كوردستان بین، كیانی كوردستان ئەبەدییە، داهاتووە. رقلێبوونەوە لە پارتی‌و یەكیەتی‌و دەسەڵاتدارانی هەرێم، یەكسان نیە بە رق لێ بوونەوە بە كیانی كوردستان.
ئەوان دوو حزبن، دێن‌و دەڕۆن، گەورە دەبن‌و بچوك دەبنەوە. سروشتی‌و ئاساییە بڕوخێن، لە دەسەڵات نەمێنن. بەڵام روخانی كیانی هەرێم یەكسان نیە بە چارەسەركردنی كێشەكانمان، بەهەشت چاوەڕێمان ناكات. ئەگەر كیانی هەرێم نەمێنێت، گەنجانی سلێمانی‌و هەڵەبجە دەبێت لەریزی حەشدی كوردی لە یەمەن‌و لوبنان‌و سوریا بجەنگن‌و كاتی عاشوراش بە كۆستەرو بار هەڵًگر لە نەجەف‌و كەربەلا زنجیر بكوتن. گەنجانی هەولێرو دهۆكیش مورتەزەقەی توركیا بن لە قەرەباغ و سوریاو لیبیاو دەریای ناوەڕاست بجەنگن‌و بكوژن‌و بكوژرێن. بەڵام روخانی پارتەكانی دەسەڵات شتێكی ناوخۆییەو سوڕی ژیانی سیاسی وایە ئەم سەرۆك دێت‌و ئەم دەڕوات، ئەم حزب دێت‌و ئەم حزب دەڕوات.

بابەتی پێنجەم: بەڵێ بۆ روخانی عەقڵیەتی حوكمڕانی‌و شێوەی ئیدارەدانی سەروەت‌و سامانی هەرێم، بەڵێ بۆ روخانی مەزرەعەچیەكان، بەڵێ بۆ روخانی سنورچیە قاچاخچیەكان، بەڵێ بۆ روخانی ئەوانەی نەوت‌و غازی ئەم وڵاتە خراپ ئیدارە دەدەن. بەڵێ بۆ گۆڕانكاری سیاسی‌و دەستوری، نەخێر بۆ تەقەكردن‌و تاڵانی‌و یەكتر كوشتن، كە هەموو دنیا دڵۆپێك لە خوێنی گەنجێك ناهێنێت.

بەڵێ بۆ هەموو ململانێ‌و كێشەو جیاوازیەكانی ناو هەناوی خۆمان، نەخێر بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێینەوە خاڵی سفر. بەڵام گەڕانەوە بۆ جۆرێك لە حوكمڕانی نێودەوڵەتی وەك ئەوەی سكۆتلەندیەكان هەیانە، بۆ نا؟. دەزانم سورپێستێكی مۆدێرنی ئینگلیز لانی كەم مەدەنی ترە لە قەیس خەزعەلی؟.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن