128وتار

هەڵبژاردنی كوردستان هەنارێكی هەڵەبجەیە!!

10/7/2024 11:48:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

هەر كەسەو لەمەڕ بەرژەوەندیەكانی خۆی باشترین دادوەرە "بێنتام" 

یەكیەتی عەرەبی ئەو كەسانە تێكیاندا كە تیۆریان بۆ داناو بانگەشەیان بۆ كرد نەك دوژمنەكانی " عەلی حەرب"

هیچ هەڵبژاردنێك، وەك ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا پڕ شیكاری و روداوی جیاواز نیە!، دەیان بابەت سەریان چووە بە ناو یەكدا, چەندین كێشەو خواست سوچێكیان بەدەست ئەم هەڵبژاردنەوەيە. یەكێك لە سیما هەرە دیارەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان، دۆخە عێراقیەكەیەتی. عێراق خاوەنی ئەم هەڵبژاردنەیە، دروشمی سەرەكی كۆمسیۆن كە دەڵێت (كوردستان دەنگ دەدات) بۆ ئەوەیە كە بڵێت ( عێراق هەڵبژاردن دەكات). 

بۆچی هەڵبژاردن كەوتە دەست عێراق، چونكە ئێمە خەریكی دامەزراوەی نیشتمانی و دیموكراسی نەبوین، خەریكی تەزویرو ئاوسانی ورگی زیاتری حیزب بووین؟.

 ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەر هێزێكی سیاسی پڕە لە ئەركی قورس، بەتایبەت راستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی هەرێمی كوردستانەوە هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی داڕشتنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان وعێراق. بۆ وێنە: موچە، بودجە، كۆمسیۆن، دادگاو بڕیارەكانی،خۆراك، دەرمان، سیاسەتی دبلۆماسی، ئاسمان و گواستنەوە، پاسەوانی سنورەكان، سیاسەتی هەرێمی ....هتد، دەیان شتی هەرە چارەنوسسازی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە دەست عێراق, بۆیە ئەو هێزەی لەناو كێبەركێی هەڵبژاردندا خەریكی بەدیهێنانی خواستەكانیەتی، دەبێت یەكەم كارنامەی رەچاوكردنی پەیوەندیەكانی بێت لەگەڵ حكومەتی بەغدا. 

لەلایەكی دیكەوە ئەم هەڵبژاردنە دۆخێكی پڕ چاوەڕوانی دروستكردوە بۆ گۆڕانكاری یەكلاكەرەوەو جیاواز لەناو هەناوی هەرێمی كوردستان، ئایا هێزەكانی دەسەڵاتدار دێنەوە حوكم؟ ئۆپۆزسیۆن دەیباتەوەو زۆرینە دەبن؟ حكومەتێكی ئیئتیلافی دەبێت؟ كێ براوەو كێ دۆڕاو دەبێت؟ چۆن دەزگاو دامەزراوە نیشتمانی وحوكمڕانیەكانی هەرێم دروست دەكەنەوە؟ دەیان چاوەڕوانی لەبەردەم صندوقەكانی دەنگدان وەستاون؟ ئایا هەڵبژاردن پرسێكە دێت و دەڕوات و هیچ شتێكی ئەوتۆ ناگۆڕێت؟ دیموكراسی هەرێم سەركەوتوو دەبێت؟ هەرێم دەبێتە زۆنی ململانێیەكی توندو پڕی دەبێت لە دەستتێوەردان؟ دنیایەك شیكاری دەوێت..

ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی بە ئێران و توركیاوە هەیە، ئایا حكومەتی داهاتوو چۆن پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەم دەوڵەتە بونیاد دەنێتەوە، ئەگەر ئەم هێزانە بمێننەوە لە حوكم، ئایا دابەشبوونی هەرێمی كوردستان تۆختر نابێتەوە؟ ئایا هەیمەنەی ئێران و توركیا زۆرتر نابێت؟ عێراق زیاتر گوشار ناكات بەجۆرێك كە چەندین یاسای دیكە دژی هەرێم دەربكات.؟ دوو زۆنەكە هەر لەسەر دڵی ئەم خاكە دەبن؟ یان هەرێمێكی یەكگرتوو حكومەتێكی كوردستانی دروست دەبێت؟. 

ئەمڕۆ هەموان باسی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی دەكەن، بەڵام بێ ئاگا لەوەی هاوڵاتیان و دەنگدەرانی كورد مەترسی نین لەسەر قەوارەی هەرێم، ئەوانەی دەسەڵاتدارو خاوەن بڕیارن لەم هەرێمەو هەموو شتێكیان لەدەستە، سیاسەت و پەیوەندی خراپی ئەوان و شكستەكانیان مەترسین لەسەر قەوارەی هەرێم، نەك هاوڵاتیان و خەڵك. ئەوانەی هەرێمی كوردستانیان تێكداوە، هەمان ئەو كەسانەن كە باسی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوانەی یەك ریزیان لە كوردستان تێكداوە، هەمان ئەو كەسانەن كە بانگەشەی یەك ریزی دەكەن. ئەوەی باسی دوژمنەكانی كورد دەكات، هەمان ئەو كەسانەن كە خۆیان هۆكاری هەژمون و باڵادەستی دوژمنەكانی كوردن. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بەچەندین ئەگەرەوە ئەنجام دەدرێت.هەموان بەس بیر لەبەرژەوەندی تەسكی خۆیان دەكەنەوە و حاكمی دەستكەوتەكانی خۆیانن، نەك دەستپێكردنی سەردەمێكی نوێ. بەداخەوە تا هەنوكە هەڵبژاردن لە كوردستان دەرفەتێك نیە بۆ داهاتوو، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ زیاتر بە شەرعی كردن و مانەوەی رابردووی چەند ساڵەی ئێمە، ئەمە لە دروشم و گوتاری هێزەكاندا بە روونی دیارە. 

ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وەكو هەنارێك لەناو دەستمان دایە، دەمانەوێت هەنارەكە قاش بكەین، هەندێكمان دەمانەوێت هەنارەكە نەگەیشتبێت و نەخورێت، هەندێكمان دەمانەوێت هەنارەكە شیرین بێت، هەندێ دەیەوێت تاڵ و ترش بێت، هەندێك دەیەوێت دەنكی كراوەو مێخۆش و گەش بێت, هەندێك دەیەوێت هەنارێكی بەتام و بەئاو بێت و بە تامەوە بیخۆین. بەكورتی كەس نازانێت ناوەوەی هەنارەكە چۆنە هەتا قاشی نەكەیت، ئەم هەڵبژاردنەش كەس نازانێت چۆن پێشبینی دەكرێت هەتا ناوەوەی صندوقەكان تەماشا نەكەیت.!.

تاكە شتێك بمەوێت ئەوەیە هاوڵاتیان بەشداری دەنگدان بكەن، گرنگە فێربین بەشداری مەدەنی و دیموكراسی و سیاسی خۆمان بكەین و دەنگ بدەین. با هەموان پێكەوە صندوقەكە بشكێنین! خۆش و بە لەززەت وەك هەنارێكی هەڵەبجە ژیانێكی تازە تام بكەین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن