109وتار

ئێران و هەرێمی كوردستان

1/26/2024 11:49:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

پەیوەندی هەرێمی كوردستان بەدەوڵەتی ئێرانەوە، ریشەو ریشاڵی زۆری هەیە، لەسەردەمی پێشمەرگایەتی و خەبات دژی بەعس و روداوەكانی سەردەمی حكومەتی عێراق، بگەڕێوە بۆ سەردەمی شاو پێشووتریش، بەكورتی ئێران هەمیشە لایەنێكی گرنگی كێشەی كوردبووە لە عێراق بە باش و بە خراپ.

لەدوای دروستبوونی كیانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991 بەم لاوە، ماوەی سی ساڵ زیاترە كاریگەریەكانی ئێران و توركیا زیاتربوون لە كاریگەری خودی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا دەوڵەتی ناوەندی هەرێم عێراقە، بەڵام كاریگەریەكانی هێندەی ئێران و توركیا نەبووە. بەبۆچونی من ئەوەی لەهەرێمی كوردستان دەژی راستیەك هەیە هەرگیز نابێت فەرامۆشی بكات، ئەویش ئەوەیە ئێمە سنورمان لەگەڵ ئێران و توركیایە، دەوڵەت بین، هەرێم بین، عێراقی بین و نەبین، ئەمانە دراوسێی ئەبەدی ئێمەن، بۆیە كورت بینیە ئەگەر بمانەوێت دەرگایان لەسەر دابخەین، جوگرافیای سیاسی هەرێمی كوردستان وایە كە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران و توركیا هەیەو نابێت بە گرنگی وەرنەگرێت، هاوكات خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە لەروی كۆمەڵایەتی، ئاینی، فەرهەنگی، ئابوری و بازرگانی و تەنانەت پەیوەندی سیاسیش. گرنگترین بابەتیش ئەوەیە كە كێشەی كورد بەلای ئێران و توركیاوە كێشەی سنورو دراوسێیەتی و دوو دەوڵەتی دۆست و دوو گەل نیە، بەڵكو رێك و راست كێشەی ناوخۆی ئێران و توركیایە، چونكە دوو بەشی گەورەی نیشتمانی كوردستان لەسنوری جوگرافیای دەوڵەتی ئێران و توركیان. بۆیە پرسی كورد راستەوخۆ پرسێكی ئێرانی و توركیە. ئەمەش وا دەكات هەر گۆڕانكاریەكی باش و خراپ لە هەرێمی كوردستان مانای كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر ئێران و توركیا. بەكورتی كێشەی كورد ئەمنی قەومی ئەم دەوڵەتانەیە.

بەڵام بە داخەوە وەك سیستەم ئەم دەوڵەتانە زۆر دژە دیموكراسی و فرە نەتەوەیی و پێكەوەژیانن، شۆڤێنیەتی قەومی چۆتە ناو خوێنیان، هیچ گۆڕانكاریەكی دنیا ناتوانێت بەرچاویان روناك بكاتەوە. هەتا زیاتر لێیان نزیك دەبینەوە، ئەوان زیاتر فارس چیەتی و تورك چیەتی دەكەن. تەنانەت هێز دەبەخشنە عەرەب چێتی و ناشهێڵن هیچ دەوڵەتێكی ناوچەكە بەرەو دیموكراسی بڕوات. خراپترین رۆڵیان هەیە لە تێكشكاندنی دەنگە ئازادەكان وكراوەكان و بە مەدەنی بوونی ئەم ناوچەیە، خەیاڵیان لای چارەسەری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییە. بەردەوام عەقڵیەتی گەمارۆدان و موئامەرەو هەواڵگری زاڵە لە سیاسەتیان و بڕیارەكانیان، هەر بۆ نمونە نوێترین هەنگاوی توركیا ئەوەبوو بەرپرسی دەزگای هەواڵگری كردە وەزیری دەرەوە. ئێرانیش بەهەمان شێوە گروپی چەكدارو مەزهەبی و رەمزە سەربازیەكان دەكاتە پێشەنگی سیاسەتی پەیوەندیەكانی. بۆیە ئەستەم بووە چارەسەری سیاسی و دیموكراسی بۆ پرسی كورد لەم ناوچەیە سەركەوێت.

دادگای پاریس و قەیرانی موچەو دارایی و شكستی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، دواتر لەدەستدانی كەركوك و شەنگال و خانەقین و زۆرینەی خاكی كوردستان، دابەشبوونی بێمانای ناوخۆیی كورد، هەرێمی كوردستانی زۆر لاواز كردووە لە بەغدا، هەرچەندە هۆكارێكی تریش ئەوەیە ئێستا عێراق بەهێزبۆتەوە، بەهێزبوونەوەی بەغداش راستەوخۆ دروستكردنی فشارە بۆ سەر كوردو لاوازكردنی كە نەدەبوو وا بوایە، ئەوەشیان باسێكی ترە.

 بەڵام پرسیارە سەرەكیەكە ئەوەیە بۆچی نابێت هەرێمی كوردستان  لەگەڵ ئێران توشی بەریەككەوتن بێت؟ شكستی ریفراندۆم و ئابوری سەربەخۆو شازدەی ئۆكتۆبەرو بڕیاری دادگای پاریس، هەرێمێكی لاوازو پەرتەوازەو برسی خستە بەردەم عێراق. لەبەرامبەردا عێراقێكی براوە هەیە كە پشتیوانی زۆری هەیە. ئەم عێراقەش حكومەتێكی هەیە كە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دروستیان كردووە، چوارچێوەی هەماهەنگیش ئێران دروستی كردووە. كەواتە ململانێی ئێمە لەگەڵ ئێران واتە شەڕی كورد لەگەڵ دوو دەوڵەت ئێران وعێراق. ئەگەر ئێران مەبەستی بێت، بەیەك رۆژ كێشەی موچەو بودجەو شایستە داراییەكانی هەرێم چارەسەر دەبن، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیش دەوەستن، پارێزگاری كەركوكیش ئاسان تر دەبێت. مانای وا نیە توركیاو ئەمریكاو ئەوانەی دی رۆڵیان نیە، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە حكومەتی عێراقی دروستكراوی بیرۆكەو بڕیارو پشتیوانی ئێرانە، ئەمە وایكردووە لەعێراق هەست بكەین ئێران سەركەوتووە. ئەگەر كورد بیەوێت بەرامبەر ئێران بەهێزبێت و بەرگەی فشارەكانی بەغدا بگرێت، زۆر شت هەیە دەبێت كاریان بۆ بكات:

-ئازادبوونی بەغدا لە ژێر دەستی ئێران. یان كورد بتوانێت فاسیلەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەهێڵێت بەغدا بڕیارەكانی لەدژی هەرێمی كوردستان بەم جۆرە بێت، ئەمەش بە ئەمریكا دەكرێت.
-بەهێزبونەوەی كورد لە بەغدا. كورد دەبێت یان بڕیاری ئەوە بدات لە بەغدا بكشێتەوە بەیەك دەنگ، كە ئەمەش بنكۆڵی و باسوخواس و ئامادەكاری دەوێت، یان ناكرێت بەم لاوازی و پەرتەوازەییەوە لە بەغدا بێت، بەهێزترین كەسەكان و گروپەكان و ناوەندەكان دەبێت ببەینە بەغدا. مادام ناتوانیت سەربەخۆیی رابگەیەنیت و جیابیتەوە، كەواتە بۆچی بەم لاوازییە لە بەغدا دەبیت؟.
-دروستكردنی لۆبی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانی زۆر كاریگەرو بەهێز لەناو بەغدا. بەجۆرێك كورد چی دیكە بەم جۆرە سەیری روداوەكانی ناو بەغدا نەكات. بۆ ئەمەش دامودەزگای بۆ دروست بكات.
-پێداچوونەوە بە پۆستەكانی ناو بەغدا، گۆڕانكاری لە كەسەكان و ستافەكان و ئۆفیسەكان و رێكخستنەوەیان، كە دەبێت زۆر بەهێزبكرێن و باش ئاراستە بكرێن.
-دانیشتن وهەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەمریكا. ئەم بابەتە پێویستی بەوەیە هەوڵێكی تازە بدرێت لەگەڵ ئەمریكیەكان و ئەوروپیەكان. بیرمان نەچێت كیانی هەرێم بەپشتیوانی ئەوان بەهۆی ناوچەی ئارام دروست بوو. بۆیە گرنگی ئەمریكا لەدەست مەدەن.
-بەهێزكردنەوەی ناوخۆی هەرێم، كە هەنگاوی یەكەم گەڕانەوەیە بۆ دیموكراسی و ئازادی و كرانەوەی ناوخۆیی. تێپەڕاندنی بوغزی حزبی و تەسفیەی شەخسی و حزبی.
-بەهێزكردنەوەی دەزگا نیشتمانیەكان و ئەنجام دانی هەڵبژاردن.
-چارەسەری بێ متمانەیی هاوڵاتیان لە شاردنەوەی داهات و خەرجی ناوخۆی هەرێم. شەفافیەتی دارایی و داهات متمانەی گەورە لەناوخۆی هەرێم دروست دەكاتەوە.
-خۆدوور گرتن لە فشارەكانی چین و روسیاو پڕۆژە جیاوازەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە كورتی بۆ كورد باش نیە لە دەرەوەی عێراق پەرش و بڵاو بێت، چونكە رێككەوتن و سیاسەتە هەرێمیەكان لەبەرژەوەندی كورد نین، بەتایبەت توركیاو ئێران. پێچەوانەی رابردوو گرنگە هەوڵ بدەین كێشەكەمان لەناوخۆی عێراق چارەسەر بكەین باشترە، وەك ئەوەی تەرەفی دیكەو دەوڵەتی دیكەو روبەری دیكەی بۆ زیاد بكەین. بەڵام بێ فەرامۆشكردنی ئەمریكا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن