529وتار

دژە تیرۆرو كوشتنی قاسم سلێمانی

5/12/2021 12:21:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

پێچەوانەی زۆر بۆچون، من زۆر بەگرنگیەوە دەڕوانمە دەزگای دژە تیرۆرو پاراستن و زانیاری لە هەرێمی كوردستان، لەم جەنگڵستانی مەزهەب و رەگەزپەرستی و قەومیەت و جەنگ و نادیموكراسیەتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلێكی بن دەستی وەك كورد زۆر پێویستی بەم جۆرە دەزگایانە هەیە، ئەمانە شانازی نەتەوەین تا ئەوكاتە وەك دەزگایەكی نیشتمانی كار دەكەن.

بەڵام كاتێك دەبنە دەسكەلای گروپ و حزب و تەداخولی كێشە ناوخۆییەكان دەكەن، كاتێك تێكەڵی سیناریۆی ناشیرینی حزب دەكرێن، ئەم ئینتماو نیەتەمان بۆیان نامێنێت. بەكورتی دەبێت دەزگای پاراستنی ئازادی و دیموكراسی و جیاوازییەكان بن، پارێزەری ئاسایش و ئارامی نیشتمان بن، نابێت تێكەڵی شەڕی حزب و گروپ و بابەتی ریكلامی هەڵبژاردن بكرێن.

بۆ ململانێی حزبی و یەكتر شكاندن، هەرایەكی گەورە لەسەر ئەوە دروست بوو كە گوایە دژە تیرۆری یەكیەتی بەشداری كوشتنی قاسم سلێمانی كردووە لە بەغدا، ئەم هەواڵە خزمەت بە ئاسایشی نیشتمانی و چارەنوسی هەرێمی كوردستان ناكات، دەبوو كۆی حزب‌و میدیای ناو هەرێم دژی راپۆرت و زانیاری لەم جۆرەبن، چونكە ئەم جۆرە مەترسیە بۆ یەكیەتی و پارتی نیە، بەڵكو ئاسایشی هەرێم دەخاتە مەترسیەوە. ناكرێت لەبەر رق و كێبەركێی هەڵبژاردن و تەسفیەی حزبی بەمجۆرە پەلاماری یەكتر بدرێت. با تەواوی دەزگاكانی ئەمریكاو ئەوروپاش هەواڵی لەمجۆرە بڵاوبكەنەوە، كورد نابێت لەناوخۆی تەشویقی ئەم جۆرە راپۆرت و زانیاریانە بكات. چونكە زۆر بە سادەیی كورد دەرەقەتی ململانێی ئەمریكاو ئێران نایەت.


فەرمون ئەگەر دەتوانن دەرەقەتی ئێران و توركیاو ئەمریكاو روسیا بێن خۆتان بكەنە پاڵەوانی ناو سۆسیال میدیاو راگەیاندن و بڵێن ئێمە هۆكاری كوشتنی قاسم سلێمانی بووین؟؟.

كوشتنی قاسم سلێمانی، پرۆسەیەكی هەواڵگری ئەمریكی ئاست بەرز بوو، تەنانەت میت و ئیتلاعات و ئیستخباراتی عێراق و سوریاش هیچیان نەدەزانی، چونكە ئەگەر هیچیان زانیبوایە، ئەوا پرۆسەكە زوو كەشف دەبوو زانیاریەكە زوو دەگەیشتە ئێران و خودی قاسم سلێمانی. هەر قسە پڕ مەترسیەكانی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا خۆی بەڵگەیە، كە گوتی هیوادارن كوشتنی قاسم سلێمانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە نەخاتە مەترسیەكی گەورەوە. كە زۆر ترسی لێوە دیاربوو.


لەلایەكی دیكەوە، گریمان ئەگەر دژە تیرۆر بەشداری كوشتنی قاسم سلێمانی بووە، ئەوا بەڵگەی ئەوەیە كوالێتی و ئاستی دەزگاكە زۆر بەرزەو لەئاستی نێودەوڵەتی هەماهەنگی مەزنی لەگەڵ دەكرێت، واتە ئەم هەواڵە گەورەیی دەبەخشێتە دژە تیرۆر نەك بچوكی بكاتەوە.


ماوەتەوە بڵێم ئێران بەم هەواڵانە پەیوەندی خۆی لەگەڵ زۆنی یەكیەتی تێك نادات، بیرتان دێنمەوە ئەوكاتەی خومەینی بێكەس و دەست بەسەر لە شاری نەجەف پەنابەر بوو، مام جەلال و یەكیەتی نامەی پشتیوانی بۆ دەنێرن، ئامادەی هەموو هاوكاریەكن و تەنانەت هاوكاری سەربازیش..دەڵێن خومەینی كە هاتە سەر حوكم و كۆماری ئیسلامی ئێرانی دامەزراند، هەمیشە گوتویەتی ئەم هەڵوێستەی یەكیەتی و مام جەلالمان هەرگیز لەبیر ناچێتەوەو دەقی نامەكەشی بەگرنگیەوە لای خۆی پاراستووە. ئێستاش كاربەدەستانی ئێران وەسیەتی خومەینی ناشكێنن.


بەهەرحاڵ ئەوەی مەبەستمە بیڵێم لەبەر ململانێی حزبی‌و شەڕی راگەیاندن و هەڵبژاردن و یەكتر شكاندن، ئاسایش و چارەنوسی میللەتی كورد مەخەنە مەترسیەوە، هەواڵی لەم چەشنە بۆ كورد مەترسیدارە. دەبێت هەموو حزبەكان بەتایبەت پارتی و یەكیەتی كە دەسەڵات و دامەزراوەو بریاری سیاسی ئەم هەرێمەیان لەئەستۆیە، باش بزانن كورد بەرگەی ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی سەختی وەك ئەمریكاو ئێران وروسیاو توركیا ناگرێت، دەبێت هاوسەنگی خۆی بپارێزیت و  خۆی نەخاتە ناو مەنجەڵی كێشەكانەوە. تا دەكرێ قەوارەی هەرێم دوور بگرێت لە پریشكی ئەم بەیەكدادانە نێودەوڵەتیە. بە بێ ئەوەی سازش لەسەر مافە دەستوری و نیشتمانیەكانی خۆی بكات و پشت لە پارچەكانی دیكەی كوردستان بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن