623وتار

ئایا مێژووی رەمزی نافع دووبارە دەبێتەوە؟

4/15/2022 12:25:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

سیاسەتی دەولی‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوای شەڕی ئۆكرانیاو روسیا، هەمان سیاسەت و كۆمەڵگای پێش شەڕەكە نیە، دەرەنجامەكانی هەر لە ئەوروپا ناوەستن. یەكێك لە دەرهاویشتەكانی گرفتی غازی روسیایە بۆ ئەوروپاو دۆزینەوەی بەدیلی روسیایە، كە یەكێك لەم شوێنانە بۆ دۆزینەوەی وزەی بەدیلی روسیا هەرێمی كوردستانە.

لەجەنگی جیهانی دووەم، هیتلەرو بەرەی هاوپەیمانی لەشەڕەكانی سنوری ئەمریكاوفەرەنساو روسیا، توشی سەخترین دۆخی خۆی بوو كە نەمانی سوتەمەنی بوو. بۆ چارەسەری ئەم كێشەیەو سەركەوتن لە جەنگ بڕیاردرا دەوڵەتێكی كوردی دروست بكەن و لەم رێگەیەوە دەستیان بە نەوتی كەركوك بگات. بۆ مەهامی ئەم پرۆسە سەختە كەسایەتیەكی تێكۆشەرو دڵسۆزی هەولێریان هەڵبژارد بەناوی رەمزی نافع. پرۆژەكە سەری نەگرت و ئینگلیز لەباری برد، جەنگەكەش بە شكستی هیتلەر كۆتایی هات. ئەمە تەنها گێڕانەوەیەكی سادە نیە، بەڵكو وردەكاری ئەم پڕۆژەیە لە كتێب و دیكۆمێنت و نوسینەكان لەبەردەستن.

ئێستاش دۆخەكە هەمان شتە، جارێكی دیكە ئەوروپا پێویستی بە وزەی كوردستانە، جاری یەكەم نەوت بوو، ئەمجارە غازە. لەشەڕی ئۆكرانیاو روسیا، یەكیەتی ئەوروپا بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەی وزەن لەبری وزەی روسیا، بۆ ئەم مەبەستەش چاویان بڕیوەتە غازی سروشتی كوردستان. بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش رایانگەیاند كە بڕیاریان داوە بۆری غاز بنێرن بۆ توركیاو دەست بكەن بە فرۆشتنی غاز. یەكەم كاردانەوەی روسیاش لەرێگای ئێرانەوە ئەوەبوو هەولێری موشەك باران كرد!

كەواتە ئێستا هەمان دۆخی جەنگی جیهانی دووەمە، كورد چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكات، قەوارەی هەرێمی كوردستان وەك رەمزی نافع دەبێتە قوربانی، یان كورد زۆر هەستیارو وردو رێكوپێك دەست بۆ دۆسیەكە دەبات و سیاسەتێك ناكات لەخۆی گەورەتر؟ مەلەفی غاز هەستیارەو دەبێت باش وەبەرهێنانی سیاسی و ئابوری و دەستوری و نیشتمانی تێدا بكەین، بۆ ئەوەی چیرۆكی غەمگینی رەمزی نافع دووبارە نەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن