245وتار

ئەگەر تاران ببێتە كوردستان

12/27/2022 10:10:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

 

دوو وێنەی كورد لە خۆپیشاندانەكانی ئێران هەیە، وێنەیەكی پیلان داڕێژراوی مەترسی داری رژێم خۆیەتی. كە لەیەكەم ساتەوەختی رووداوەكانی دوای مەركی ژینا ئەمینی كاری لەسەر دەكات. رژێم بە كردەوەش هەنگاوی زۆری نا. پەلاماری هەرێمی كوردستانی دا بەدرۆن‌و موشەك، رای گشتی بەم ئاراستەیە دەبرد كە ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێ پڕۆژەیەكی ناوخۆیی (ئێران)ی نیەو گەلانی ئێران نین كە خۆپیشاندان دەكەن، بەڵكو هێزە كوردییە دژ بەرەكانن لە هەرێمی كوردستان و سەر سنورو ناوچە كوردنشینەكان. لەمەشدا چەند مەبەستێك هەیە وەك: بچوك كردنەوەی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكانی ئێرانە لەیەك شوناس و یەك ناوچەی جوگرافی بچوكی دیاریكراو. هەوڵی كۆكردنەوەو گەمارۆدانی خۆپیشاندانە سەر تاسەریەكانە لەناوچە كوردیەكان‌و دواتر كۆنتڕۆڵ كردنی. هەوڵی رژێمە كە ئەمە ناڕەزایەتی كەمە نەتەوەیەكی ناو ئێرانە لەهەندێك رەفتاری ناو سیستەم، نەك راپەڕین‌و جوڵانەوەیەكی گەلانی ئێران بۆ گۆڕینی سیستەم. ئەم بە كوردی كردنە هەوڵێكی دیكەیە بۆ پەرتەوازەكردنی بەرەی ناڕەزایەتی ناو ئێران بەسەر گروپ‌و نەتەوەو پێكهاتەی جیاواز جیاوازدا، واتە جوڵاندنی هەستی ناسیۆنالیستی فارسی لە تاران دژی كوردو عەرەب دژی كوردو بلوج و ئازەری و بەگژ یەكدا كردنیان و خوڵقاندنی ترس لای ناسیۆنالیستی فارسی كە ئەم نەتەوەو پێكهاتانە خەریكی پارچەپارچەكردنی ئێرانن!. دواتریش جوڵاندنی هەستی كوردیش دژی هەموان..ئەمەش ئامانجی یەكەمی رژێمە بۆ ئەوەی گەلانی ناو ئێران یەكگرتوو نەبن بەرامبەر رووبەڕووبونەوەی سیستەم. تەنانەت ئەم بە كوردی كردنەش كورد دەكات بە دوو بەرە، ئەو كوردانەی ناوخۆی ئێران لەگەڵ سیستەمن و كوڕی باشن، بەڵام كوردەكەی تر هێزو لایەنەكانی دژبەری رژێمن كە لەسەر سنورو هەرێمی كوردستان بە پیلانی جوو، ئەمریكاو سعودیە دەیانەوێت كوردانی ناوخۆی ئێران لە دژی دەوڵەتەكەیان هانبدەن‌و ئاژاوەیان پێ دروست بكەن. واتە رژێم دەیەوێت ئەم خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیە بە كوردی بكات و لەناو كوردیش لە كوردی ئێرانی داببڕێت‌و بە كوردە بێگانەكانی نا ئێرانی بلكێنێت.

كاتێك هەرێمی كوردستان بەفەرمی رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەك چەك لەهەرێمی كوردستانەوە نەچۆتە ناو ئێران، كارێكی باشی كرد. هاوكات لەسەر سیاسەتی فەرمیش هێزە چەكداریە كوردیەكان گوتیان ئێمەو هێزە چەكدارەكانمان لە شەقام‌و كۆڵان‌و شۆستەكانی ناو ئێران رۆڵمان نیەو ئەوە گەلانی ئێران خۆیانن هاتوونەتە سەر جاددە، ئەمەش سیاسەتێكی دروست بوو. واتە بیانوو نەدراوەتە دەست رژێم كە ئەم سیاسەتەی باش جێبەجێ بكات‌و ئامانجەكەی بپێكێت، تا ئێستاش كۆماری ئیسلامی لە دەوری ئەم سیاستە دەخولێتەوەو نائومێد نەبووە. دەیەوێت كۆی ئەم واقیعەی ئێستا لە هەڵگیرساندنی بەیەكدادانێكی سەربازی لەبیر خەڵك بباتەوەو دۆخەكە بە لایەكدا بخات.

وێنەی دووەمیش تەواو وێنەیەكی كوردییە، وێنە راستەقینەكەی دۆخی ئێرانە، ئەم وێنەیە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە زێدی خۆی لە سەقزی كوردستانەوە بریسكەی داو دروست بوو، دواتر سەرناسەری ئێران و دەرەوەی ئێرانی گرتەوەو بوویە روداوێكی جیهانی، بەتایبەت لەرەهەندە رەگەزیەكەی وەك كێشەی ژن بووە سمبولی خەباتی ژنانی جیهان. ئەم وێنەیە سەد لەسەد كوردیەو ئەوەی لەتەواوی ئێران هەیە بەهەموو نەتەوەو پێكهاتەو لایەنەكانەوە دەرەنجامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی كوردە لە شارە كوردیەكان و دروشمی بنەڕەتی و مانشێتی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تەواوی ئێران(ژن، ژیان، ئازادی)یە كە سەد لەسەد كوردییەو هەناسەی كوردە بۆ ژیانی داهاتووی ئێرانیەكان بێ جیاوازی. نكۆڵی لەوە ناكرێت كورد بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی سەرمەشقی گۆڕانكارییە لە ئێران.ئێران ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش مەرگی ژینا ئەمینی، دەركەوت كێشەی كورد نەك خامۆش نەبووە، بەڵكو لەسەر ئاور دەكوڵێ، رژێم بۆ ئەوەی بتوانێت بمێنێتەوە دەبێت بەر لەهەر شت خواستەكانی كورد جێبەجێ بكات، گوێ لە هاوڵاتیەكانی بگرێت، سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆی بگۆڕێت، لەمەترسی ئەوە تێبگات كە سەد دۆلار بۆتە چوار ملیۆن تمەن هێجگار مەترسیدارە بۆ سیستەم ومانەوەی خۆی. لەبری دوژمنایەتی كورد دەبێت دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران هێجگار سوپاسگوزاری كورد بن كە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینیەوە دەرفەتیان بۆ رەخساوە بتوانن گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدەن لەتەواوی سیستەم و دەسەڵاتداریەتی و دەستوور و یاساكانیان. بەهۆی خۆپیشاندان و راپەڕینی كورد و گەلانی ناو ئێران، چەندە هەڕەشە دروست بووە بۆ نەمانی رژێم، هێندەش دەرفەتی گەورەیان بۆ دروست بووە كە گۆڕانكاری بكەن و گوێ لە هاوڵاتیانیان بگرن و خۆیان چاك بكەن. بەتایبەت لە رەهەندی ئابوری و گەمارۆكان و ئازادیەكاندا. مەرگی ژینا ئەمینی و راپەڕینی كورد دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئێرانیەكان باری لاری ئێران راست بكەنەوە، بێنەوە سەر شانۆی نێودەوڵەتی و دەست بۆ گۆڕانكاری ببەن. بەلام ئەم عەقڵیەتەی كە دەیەوێت بە لەسێدارەدان وەڵامی ژن، ژیان، ئازادی بداتەوە، عەقڵێكە هەزار ساڵ لەدواوەیە، لە ئەشكەوتە. لەسێدارەدانی گەنجانی كوردو تەقەكردن لە خۆپیشاندان، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی رژێمە كە بەڵگەی ئەوەیە هیچ لە دەرفەت و گۆڕانكاری و ناڕەزایەتیەكان تێ ناگات. بۆیە ئەوەی كێشەیە بۆ داهاتووی ئێران راپەڕین و خۆپیشاندانی كورد نیە، بەڵكو عەقڵیەتی رژێم خۆیەتی.

كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە كورد خاوەنی ئەم دۆخەی ئێرانەو دروشمی ژن ژیان ئازادیش گەواهیدەری ئەم راستیە، بەلام یەكێك لە دیمەنە هەرە جوانەكانی ئەم دۆخە ئەوەبوو كە لە تارانی پایتەخت هاوڵاتیانی فارس و ناو شاری تاران بۆ پشتیوانی كورد خۆپیشاندانیان كردو دەیانگوت:
ئەگەر تاران ببێتە كوردستان
ئێران دەبێت بە گوڵستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن