511وتار

شەڕە شەقی ئیقلیمی

6/18/2022 2:42:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

درۆنی یەكەم: دوای داگیركاری كوێت لەلایەن عێراقەوە، خۆری كورد هەڵهات و راپەڕین و كۆڕەو كیانێكی كوردیان دروست كردو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ماندووبون و جورئەتێكی بێ وێنەوە ناوچەی ئارام و نەفڕینی فڕۆكەو پاراستنی كوردستانیان بە بڕیارێكی نێودەوڵەتی چەسپاند. ئەوكات ئێران و توركیاو سوریا توشی هەژانێكی گەورە هاتن و شەوو رۆژیان لێ تاریك بوو(بگەڕێنەوە بۆ ئەرشیفی ئەوكات دەزانن ئەم دەوڵەتانە بە كیانی كوردستان چۆن هەژا بوون). بیریان لەوە دەكردەوە كە چۆن زەمینەی دەوڵەتی كوردستان لەناوبەرن و كیانی كوردی دەستەمۆبكەن. بیریان لە دەیان جۆر شەق دەكردەوە لە رومەتی ئەم كیانەی بدەن.


درۆنی دووەم: بەڵام كورد لە بری دروستكردنی سوپای كوردستان، دەوڵەتی كوردستان، ئابوری و حكومەتی كوردستان، كەپكی حەمەد ئاغاو كڵاوقاسمیان لەیەكتر گرت و هەناوی كوردستانیان خوارد. گوتیان شەق چیە؟ ئێمە خوێنی یەكتر فڕ دەكەین. ئیدی ئەوكات ئێران و توركیاو نەیاران وەك خۆشناو گوتەنی: خۆ ئەوە توتنێ خۆنە؟ واتە( توتنەكە هەر هی خۆمانە). ئینجا پەندێكی پێشينانی توركی هەیە دەڵێ: (كورد نابن بە پاشا). بەمجۆرە ئێران و توركیا مورتاح لێیان پاڵدایەوە. هەتا ئەمریكا جارێكی دیكە جوامێری نواندو بەوپەڕی جورئەتەوە وەك دوو سەرۆك دەوڵەت لەناو كۆشكی سپی پێشوازی لێكردن و ساڵی 1998 لە سەر بەرزترین ئاستی دبلۆماسی تەوقەی ئاشتی بە كورد كردو جارێكی دیكە كیانی كوردی لە مردن رزگار كرد. مرۆڤ سەرسام دەبێت بەم دەست پێشخەرییە ئازایانەی ئەمریكا؟. سوپاس بۆ كۆشكی سپی.


درۆنی سێیەم: ئەمجارەش دوای ئەم دەرفەتە لەبری دروستكردنی یەك ئیدارەیی، دەوڵەت و سوپاو حكومەتی كوردستان، بوونە سەركاری دابەشكاری ئیقلیمی ئێران و توركیا. بەجۆرێك بەنوێژی نیوەڕۆ شەڕەشەقی ئیقلیمی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و شەق بە شەقی دەڵێ رێم كە. ئەم دابەشكارییە ئیقلیمیە رەونەقی كیانی هەرێمی كوردستانی شكاند، بیرۆكەی دروستكردنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی كوردی لەبار برد.


درۆنی چوارەم: ئێستا دەوڵەتانی ئیقلیمی بە شەق تێهەڵدان بڕیان ناشكێت و دەستیان كردووە بە درۆن وەشاندن، لەبری شەق وەشاندن خەریكی درۆن وەشاندنن، ئێران لە سنوری پارتی و توركیا لە سنوری یەكیەتی(زۆنی زەردو سەوز) خەریكی درۆن وەشاندنن. بەمجۆرە ئێمە ئێستا لە سایەی كەرەمی ئیقلیمی رۆژانە بینەری درۆن وەشاندنین.


درۆنی پێنجەم: چارەسەر چیە؟ هەرێمی كوردستان توانای جەنگی ئیقلیمی و سەربازی بەرفراوانی نیە، دەرەقەتی ئەم شەڕە درۆن و شەڕە شەقەی ئیقلیمی نایەت. بۆیە دەبێت سیاغەی سیاسەت و هەنگاوەكانی خۆی بكات، وەك:

-گرنگە حزبە كوردستانیەكانی ئێران و توركیا لەم دۆخە هەستیارەی هەرێمی كوردستان تێبگەن و نەبن بە هۆكاری درۆن وەشاندن و هەرێم نەكەنە گۆڕەپانی جەنگ. هەرچەندە درۆنەكانی ئێران زیاتر لەبەر دۆخی ناو بەغداو پێكهێنانی حكومەتی بەغداو غازی سروشتیە؟ بەڵام لینكێكی هەر بە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەندە؟


-پارتی و یەكیەتی و حزبەكانی باشوری كوردستان، پێویستیان بەوەیە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی پارچەكانی كوردستان دابنيشن و گفتوگۆ بكەن و بگەنە لەیەك تێگەیشتنێك. لە ناكۆكی پارتی و پەكەكە دوژمن براوەیە. كەس لە براكوژی براوە نیە.


-لەبری دابەشكاری ئیقلیمی پارتی و یەكیەتی و حزبەكان، بۆ ئێران و توركیا، دەزگا نیشتمانیەكان بكەنە واجیهەی یەكەم ، حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم ببنە خاوەن پاكێجێكی هەمەلایەنەی كوردستانی و كەس بەتەنیا پەیوەندی ئیقلیمی نەبێت و پرس و ڕاو ئاگاداری یەكتر بكەن.

-فشارەكان بخەنەوە ناو خودی هەناوی خۆیان، واتە جۆری چالاكیەكانی ناوخۆی ئێران و توركیا زیاد بكەن. ئەوەندەی لەتوانایە. بۆ ئەوەی فشارەكانی سەر هەرێمی كوردستان خاو ببنەوە.


-ئەنجومەنێكی سیاسی كوردستانی هاوبەش دروست بكەن، با ببێتە نوێنەری هەموو پارچەكان و حزبیانە رەفتاری لەگەڵ مەكەن، بەڵكو ئەوەندە قورسایی پێ بدەن كە توركیاو ئێران و عێراق و سوریا حسابی جدی لەسەر بكەن. نەك شەڕتان بێت لەسەر ئەوەی كێ سەرۆك و كێ مەرجەعی ئەو ئەنجومەنەیە؟


-دەست وەردان بەرامبەر یەكتر بوەستێنن، حزبەكانی باشور واز لە رۆژئاواو باكورو رۆژهەڵات بێنن، با بە پێی واقعی خۆیان خەباتی خۆیان بكەن، ئەوانیش با واز لە هەرێمی كوردستان بێنن و بیانوو نەدەنە دەست توركیاو ئێران.


-شەڕی هەواڵگری و دەرونی و راگەیاندن بەرامبەر یەكتر بە هەموو شێوەیەك بوەستێنن، لەبری ئەوە گوتارێكی كوردستانی هاوبەش زاڵ بكەن. كە خزمەتی هەموو پارچەكانی كوردستان بكات.


-چەندین كۆڕو كۆنگرەو دانیشتنی راشكاوانە لەگەڵ یەكتر ئەنجام بدەن و هەموو ئەوەی لە راگەیاندن و سەنگەرەكان بەیەكتری دەڵێن، برایانەو بە شێوەیەكی راشكاوانە بەرامبەر یەكتر بیڵێن و بۆ خزمەتی خەڵك و داهاتوومان ئاراستەی بكەن.


درۆنی شەشەم: وریای سیاسەتی ئەمریكاو ئەوروپیەكان بن و رێز لە بۆچون و پێشنیارو هۆشداریەكانیان بگرن.

ئیدی لەبری شەڕە شەقی ئیقلیمی و شەڕە درۆنی ئیقلیمی، دەشێ شەڕی مافەكانمان ببەینەوە ناو ماڵی ئەم دەوڵەتانەو ئێمە فشار بكەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن