84وتار

عێراق له‌دوای شه‌ڕی غه‌ززه‌ ؟

10/25/2023 10:41:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

 

محمد شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌رباره‌ی كێشه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل و ئه‌م شه‌ڕه‌ی له‌ دوای هێرشه‌كانی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل دروست بووه‌ له‌ رێكه‌وتی 7/10/2023، بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رق لئه‌وسه‌ت وتارێكی نوسیوه‌و له‌ په‌ره‌گرافی كۆتایی به‌مجۆره‌ ده‌نوسێ:

العراق يرفض رفضاً قاطعاً أن تتحول القضية الفلسطينية، من قضية أرض وشعب إلى قضية نزوح ومساعدات إنسانية، وترى بغداد أن الأوان قد آن لأن يتخذ العالم العربي والإسلامي بأجمعه موقفاً موحداً تجاه الفلسطينيين، لإنهاء معاناة استمرت عقوداً، وصراع تأبى ناره أن تخمد، بحثاً عن حل عادل وحقيقي بأن يتمتع هذا الشعب بكل حقوقه المشروعة في إقامة دولته المستقلة وعاصمتها القدس.

راستیه‌كه‌ی بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌م وتاره‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ گونجاو نیه‌ هه‌روا بێ مه‌ترسی بڕوانینه‌ ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانی و ده‌بێت ئاگایی زۆرمان بۆی هه‌بێت. لەوانە:

-عێراق به‌ ئاشكرا له‌سه‌ر نه‌زعه‌ی عروبه‌و دنیای عه‌ره‌بی و چوونه‌وه‌ ناو كێشه‌كانی عاله‌می عه‌ره‌بی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت، ته‌نانه‌ت خۆی به‌خاوه‌نی قه‌زیه‌ی عه‌ره‌بی و عروبه‌ ده‌زانێت. ئه‌مه‌ش بۆ كورد كێشه‌یه‌كی جددیه‌ چونكه‌ ئیسرائیل و ئێران و توركیاو ئه‌مریكاو روسیاو ئه‌وروپیه‌كان وه‌ڵامیان بۆ جۆره‌ سیاسه‌ت و هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌ ده‌بێت نه‌ك وه‌ك دژ یان وه‌ك پشتیوانی عێراق له‌م هه‌ڵوێسته‌، به‌ڵكو وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، له‌ كوێ بزانن كێشه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان دروست ده‌كات زۆر توند روبه‌روی عێراق ده‌بنه‌وه‌. كوردیش لە عێراق بەشێك دەبێت لەم وێنە تازەیەی عێراق و راستەوخۆ بەر دەرەنجامەكانی دەكەوێت.

-كورد لە عێراق و فەلەستین و ئیسرائیل روداوو گۆڕانكاری دروست ناكات، بەڵام راستەوخۆ بەر دەرەنجامەكانی ئەم جەنگە دەكەوێت، بۆ هەر چوار پارچەش راستە. چونكە ئێران و توركیاو سوریاو عێراق بەدەر نابن لە كاریگەری ئەم گۆڕانكاریانەی دوای شەڕی غەززە دروست دەبن. ئەمەش راستەوخۆ لەسەر پرسی كورد كاریگەری ئاشكرا دادەنێت.

-عێراق بێ لایەن نیە، بە ئاشكرا لەناو حەوزی دژە ئیسرائیل دایە، لەبەرەی مقاوەمەی ئیسلامی نزیكەو هەڵوێستەكانی خزمەت بە ئەجێندای ئێران دەكات. بۆ ئەمەش ئەمریكاو ئیسرائیل و ئەوروپیەكان بێ وەڵام نامێنن. ئەوەتا لە ناو هەرێمی كوردستان (بنكەی هەریر) پەلاماری بنكەی سەربازی ئەمریكی دەدرێت. لە بنکەی سەربازی (عەین ئەسەد) لەپارێزگای ئەنبارو ئەو شوێنانەی بنكەی ئەمریكی لێییە پەلاماری سەربازی دەدرێت، بێگومان عێراق دەبێت باجی ئەم جۆرە كردەوانە بدات، لەم دەرەنجامەوە كوردیش دەگرێتەوە. كەواتە كورد دەبێت ئامادەیی خۆی بكات و بزانێت چۆن هەنگاوەكانی دەهاوێژێت. بۆچونم وایە نابێت هەنگاوەكانی كورد دژی ئەمریكا بن. سودی ئێمە ئەوەیە ئەمریكا لە ناوچەكە بمێنێتەوەو بەهێز بێت، چونكە بەرەی دژە ئەمریكایی زۆر دژی كوردن و كارەكتەرە سەرەكیەكانی ناوی دەوڵەتە هەرێمیەكانن كە خۆیان داگیركەری كوردستانن. بۆیە كورد لەم روانگەیەوە دەبێت وا بیر بكاتەوە.

 

-عێراق بەتوندی پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە قبوڵی ناكات كێشەی فەلەستین لە كێشەی خاك و نەتەوەو دەوڵەتەوە ببێتە كێشەی ئاوارەو كۆمەكی ئینسانی و هاوكاری ماددی. ئەم قسەیە زۆری تێدایە بۆ كورد، بەتایبەت لە عێراق، كەواتە ئێستا كە كێشەی موچەو بودجەمان هەیەو مانگانە چاوەڕێی بڕێك پارە دەكەین لە بەغداوە بۆمان بێت كێشەی كورد نەماوەو ئێمە هاوڵاتی دەوڵەتین و هیچ قەزیەی نەتەوەیی و خاك نەماوەو تەنها كێشەی بژێوی و موچەو بودجەمان هەیەو ئەمەش كێشەیەكی ئیداری زۆر لاوەكیەو نابێتە قەزیەی جددی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. تەنانەت هاوڵاتیەك لە بەرازیل لێی بپرسە بڵێ مانگانە عێراق موچەو بودجە دەنێرێت بۆ هەرێمێكی ناوخۆی، بەڵام گرفت هەیە. یەكسەر دەڵێ ئینجا ئەوە كەی كێشەیە دەتوانن لەرێگای وەزارەتەكەیانەوە موچەكەیان زوو بە دەست بگات؟

-سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارەكەی دا دەنوسێت: كێشەی فەلەستین ئەوەیە كە مافی ئەوەیان هەیە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و قودسیش پایتەختەكەی بێت. ئەگەر كوردیش ئەو مافەی هەبێت و كەركوكیش پایتەختی دەوڵەتەكەی بێت، ئەوا دنیا دەبێتە قیامەت و ئێران و توركیاو سوریاو عێراقیش ئاگر دەگرن. دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش بە جۆرێكە كە هاوڵاتیەك لێی بپرسە موچەت دەوێت یان دەوڵەت؟ وەڵامەكەی زۆر رۆشنە!... ئەمە مانای وانیە هاوڵاتیانی كورد خەونی سەربەخۆیی و دەوڵەتیان نیە، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی ئەم خەونەی كوشتوە عێراق و توركیاو ئێران نین، بەڵكو خودی كورد خۆیەتی. خودی حوكمڕانی و حزب حزبێنەی ناوخۆی كوردە وایكردووە زەمینەی دروست كردنی دەوڵەت دروست نەبێت. هۆكاری دیكە زۆرن كە كاری ئەم وتارە نیە.

-زۆربەی ناوەندە گرنگەكانی ناوچەكە ئاماژە بەوە دەكەن لەدوای شەڕی ٧/١٠/٢٠٢٣ گۆڕانكاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدات، بەكورتی دنیای ئێمە ناگەڕێتەوە پێش ئەم رێكەوتە. سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش گوتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین. كەواتە گۆڕانكاری زۆر بەڕێوەیە. خوێندنەوەی نیشانەكانی ئەم قۆناغە نوێیە گرنگەو دەبێت خۆمانی بۆ ئامادەبكەین. عێراق و شیعە دەسەڵاتدارەكانی عێراق هەتا سەر ناتوانن تەماشاكەری دۆخی بەرەی شیعەو شەڕی حەماس و حزب اللە و ئێران و ململانێی ئەمریكاو ئێران بن. نیشانەكانیشی دەركەوتون. بۆیە عێراق دەكەوێتە بەر شەپۆلی ئەم گۆڕانكاریانە.

-كاریگه‌ریه‌كانی شه‌ڕی غه‌ززه‌ بۆ ساڵانێكی دوورو درێژ له‌ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست ده‌كات. یه‌ك به‌یه‌ك ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ به‌ باش و خراپ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كورد داده‌نێن. لای خۆمه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆر كه‌سه‌وه‌، بۆچونم وایه‌ گۆڕانكاریه‌كانی دوای شه‌ڕی غه‌ززه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردن. ئه‌و نه‌خشه‌و پلان و به‌رنامانه‌ی باسیان لێوه‌ ده‌كرێت بۆ گۆڕانكاریه‌كان ئه‌وا هه‌مووی له‌ خزمه‌تی داهاتوویه‌كی زۆر باشی كورده‌. به‌ڵام ئایا كورد ئاماده‌یه‌. به‌داخه‌وه‌ ماڵێكی په‌رته‌وازه‌مان هه‌یه‌. چۆن 2003 صه‌دام حوسێن روخاو عێراق بۆ كورد ته‌خت بوو. به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی به‌هێز له‌ناو ده‌رونی عێراقی تازه‌ دروست بكه‌ین، خه‌ریكی ئه‌وپه‌ڕی تۆخكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كان و خێزانه‌كان بووین.

 

سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێی یه‌ك دوو دیناری به‌غدا ده‌كه‌ین بۆ موچه‌ی یه‌ك مانگ..بۆیه‌ تكایه‌ ده‌رفه‌تی باش دروست بووه‌، مه‌یكه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زۆر بچوكه‌كانی گه‌ڕه‌كی خۆتان؟..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن