جەنابی وەزیر چەند خولەكێك دانیشتووە؟؟؟ (كوێت و هەرێمی كوردستان)
8/29/2024 9:38:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
نزیكەی دوو مانگە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەكەیان وەرنەگرتووە، ژیان و بژێوی خەڵك وەستاوە, موچە بۆتە هۆی نەهامەتیەكی گەورە بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە. دوای پاڕانەوەو داواكاری زۆر، ئەمڕۆ لە ماڵی وەزیری دەرەوەی عێراق كە كوردە، كۆبوونەوەی وەفدی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە. وەزیر هەردوو لایەنی بانگ كردووە تاوەكو لەسەر موچەی كوردستان بگەنە رێككەوتن. لەم كۆبوونەوەیەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق چەند خولەكێك بەشداری كردووەو رۆیشتووە؟.
چیرۆكەكە لێرەوە دەست پێدەكات؟.
مانگی ئابی 1990 عێراق پەلاماری دەوڵەتی كوێتی دا، داگیری كرد، ئەمریكا بە هاوپەیمانیەتی دەیان دەوڵەت، گورزی كوشندەی لە سوپای عێراق داو، كوێتی ئازاد كرد. لەم كاتەوە كوێت داوای قەرەبوو لە عێراق دەكاتەوەو هەتا ئەم ماوەیەش مانگانە قەرەبووی وەردەگرت. سەد ئەوەندەی زەرەرو زیانەكانی داگیركردنەكەی دۆلاری لە خەزێنەی عێراق راكێشا, سەدان سەدان ملیۆن دۆلاری زیادەی بە كەرانە لە عێراق وەرگرتەوە. یەك دۆلاریش لە حەقی قەرەبووی خۆی خۆش نەبوو. بەم حاڵەوەش عێراق موجامەلەی دنیای كوێتی دەكردو خوا خوای بوو دەرگای ئەمریكاو ئەنجومەنی ئاسایش و دنیای لێ نەگرێت.
بەڵام سەیری كورد بكە، لە ساڵی 1921ەوە سەد ساڵ پێش ئێستا كە دەوڵەتی عێراق دروست بوو، ئەم دەوڵەتە كورد دەكوژێت، گوندو لادێ و زەوی و زارو خاكی كورد وێران دەكات، خێزانەكان لەسەر زێدی خۆی دەردەكات و تەعریب دەكات، هەزاران هەزار كوردی ئەنفال كردووە، هەزاران گوندی وێران كردووە، دەیان شاری تەخت كردووە، كیمیابارانی گەلی كوردی كردووە. هەزارانی گەنج و هاوڵاتی كوردی شوێن بزرو زیندان و لەسێدارە داوە. چەوسانەوەی زمان و كولتوری و راگوستن و گۆڕینی رەگەزی لەسەر كورد تاقی كردۆتەوە. بۆ نمونە كوردانی فەیلی وڵات بەدەر كرد. چەكی قەدەغەكراوی لە كوردستان بەكارهێناوە.
لە دوای كوێت دەبوو ئێستا مانگانە عێراق سەدان ملیۆن دۆلار قەرەبووی كوردستان بكاتەوە، رۆژانە ئەم وەزیرە داوای دیدەنی وەزیری دەرەوەو سەرۆك كۆمارو فراكسیۆنەكانی كردباو پاڕابایەوە كە قەرزی مانگانەی قەرەبووی هەرێمی كوردستان تۆزێك خاتری بگرن، دەبوو جەنابی وەزیر بە دەیان خولەك چاوەڕێی یەك دیدەنی سەرۆك كۆمارو كاربەدەستانی كوردی كردبوایە بەس بۆ ئەوەی بڕێك لە قەرزەكەی سەر عێراق كەم بكاتەوە. دەبوو نەك هەر موچەو بودجە، بەڵكو مانگانە سەدان ملیۆن دۆلارو ملیار دینار قەرەبووی سەد ساڵی وێران كردنی كوردستانمان لە عێراق وەربگرتایەتەوە. بەلام ئێمە بە جۆرێك شكست خواردووین بێ وێنەیە، تەنانەت وەزیری دەرەوەی عێراق خۆی میوانداری وەزیری دارایی دەكات بەس بۆ یەك موچە؟ پاڕانەوە بۆ یەك موچەی مانگانە؟ بەڵام ئەوەندە كورد لاوازو شكست خواردووە وەزیری دارایی چەند خولەكێك دێتە كۆبونەوەكە. ئەمەش رادەی بێ بایەخی فایلی كوردە لە دەوڵەتی عێراق و شكستی تەواوی سەركردایەتی سیاسی كوردە لە دوای 2003ەوە. ئەم دۆخی موچەیە تەنها یەك راستی دووپات دەكاتەوە كە ئێوەو حوكمڕانیتان شكست خواردووەو رێگا بدەن نەوەیەكی دیكە بێتە مەیدان و پەنجە بخاتە ناو چاوی عێراقەوە!. بزانێت چۆن توركیاو ئێران دەباتەوە سەر سنوری خۆیان و هەیبەت بۆ تاكی كورد دەگەڕێنێتەوە. لەوە زیاترتان پێ ناكرێت، رێگا بدەن نەوەیەكی تازەی سیاسی بێتە مەیدانەكەوەو تێكی مەدەن.