808وتار

مێشكی عەرەب

8/7/2020 10:44:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

عەرەب كێشەیەكی هەیە، لەسەرەتاوە تێ ناگات، هەتا كۆتایی، ئەوكاتیش زۆر درەنگە، لەكۆتاییدا لەشتەكان تێدەگات، سەرەتا بەهەموو هێزی خۆتەوە لە بناگوێی هاوار بكە تێ ناگات. 

ئەوكاتەی توركیا پەلاماری عەفرینیدا، پەیج‌و لاپەڕەی ئەنتەرنێتی دەوڵەتە عەرەبیەكان پڕبون لە ستایش‌و حەماسەتی پشتگیری ئەردۆغان‌و سوپاكەی، جەژنیان گرتبوو بەهۆی لەناوبردنی كورد. چەندە هاواریان كرد ئەمە نەخشەیەكی ناسیۆنالیستی‌و رەگەزپەرستی توركە لەبەرگی ئیخواندا، خزمەت نیە بە ئیسلام‌و ئاشتی ناوچەكە، تكایە عەرەب گوێ بگرە. ئەوان زیاتر حەماسەتیان دەگرت. بەس پڕۆژەی (گاپ) بەسە بۆ ئەوەی هەرچی عەرەبە دژی توركیا بێت، چونكە ئەم پڕۆژەیە روباری دیجلەو فورات دەگرێتەوەو عەرەب لەبێ ئاویدا دەخنكێت..لێرەدا بە ژمارەو داتا رونی دەكەینەوە:

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تایبەت دەوڵەتە عەرەبیەكان، وشكترین‌و بێ ئاوترین ناوچەی جیهانن، گەشەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەهەموو جیهان زیاترە كە 3% ساڵانە،"ڕووباری فوڕات بەگشت لقەكانیەوە حەوزێكی گەورەی دروست كردووە كە 000،444 كیلۆمەتری چوارگۆشە داگیردەكات. لەم ڕووبەرە گەورەیەدا بەنزیكەیی نیوەی دەكەوێتە خاكی عێراقەوە كە دەكاتە ٤٦٪ و ڕێژەی ٣٣٪ لەناو خاكی توركیایە وئەوەش كە دەمێنێتەوە كە دەكاتە 19٪ دەكەوێتە خاكی سوریا. بەهەمان شێوەش ڕووباری دیجلە لەگەڵ هەموو لقەكانیەوە ڕووبەری ٣٨٧،٦٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشەی ئاودار كردووە، بەجۆرێك كە سێیەكی حەوزی ڕووبارەكە واتا 75٪ دەكەوێتە خاكی عێراقەوە و ڕێژەی ١٥٪ دەكەوێتە توركیا، و ڕێژەی ٠،٣ دەكەوێتە سوریا.لەم ژمارانەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بەشی هەرە زۆری ئاوی هەردوو ڕووبارەكە و حەوزی نێوان دوو ڕووبارەكە دەكەوێتە خاكی عێراقەوە. نزیكەی نیوەی ڕووبەری ئاوی ڕووباری دیجلە و سێیەكی ڕووبەری ئاوی ڕووباری فوڕات لە ناو خاكی عێراقدایە".

توركیا ئەم ئاوە لە عەرەب دەگرێتەوەو پێنج پارێزگای ناوەڕاست‌و باشوری عێراق كە دەكاتە شەش ملیۆن كەس بەتەواوی بێ ئاو دەبن‌و دەبێت چۆڵ بكرێن، بەپێی زانیاریەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بەهۆی سیاسەتەكانی توركیاوە شەش ملیۆن هاوڵاتی عەرەبی عێراق دەبێت ئاوارە بن‌و كۆچ بكەن. زۆنگاو‌و هۆرەكان وشك دەبن‌و شارو كشتوكاڵ‌و ئاوەدانی لەپێنج پارێزگای عێراق نامێنێت، كەچی عەرەب دژی كوردەو هەلهەلە بۆ هاتنی سوپای توركیا لێ دەدات. 

پرۆژەی گاپ ناوێكی توركیە، بیرۆكەی پرۆژەكە بۆ هەفتاكانی سەدەی پێشوو دەگەرێتەوە كە رووبەری پرۆژەكە نزیكەی لە (10%) رووبەری گشتی توركیا پێك دەهێنێت ، تێچوونی پرۆژەكە لە نێوان (6% بۆ 9%) بوودجەی گشتی توركیایە. پرۆژەی گاپ جگە لەوەی گەورەترین پرۆژەی ئاوی توركیایە و یەكێكشە لەپرۆژە گەورەكانی جیهان( بە چوارەم گەورەترین بەنداوی جیهان ئەژماردەكرێت) ، پڕۆژەی (GAP) پێكدێت لە ٢٢ بەنداوی گەورە و ١٩ وێستگەی هایدرۆلیكی و ٢ تونێلی ئاودێری. 13 پرۆژەی سەرەكیی كە حەوتیان لەسەر رووباری (فورات) و شەشیان لە رووباری (دیجلەوە)،  پرۆژەی گاپ هەردوو رووبارەكە دەكاتە یەك و بە كۆكەرەوەی ئاوی فورات و دیجلە دادەنرێت، بەشێوەیەك لە (80%) پشت بە ئاووی رووباری فورات و لە (20%) پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستێت. پرۆژەكە دەبێتە هۆی سرینەوەی (340 ) شار و شاروچكە و گوندشین وە دەست بەسەراگرتنی (200) شوێنەواری مێژووی كوردی.

توركیا شەڕێكی ستراتیژی گەورە بەئاو دەكات، سەرەتای نەودەكانی سەدەی رابردوو، نەجمەدین ئەربەكان گوتی: ئێمە وا دەكەین لە داهاتوودا یەك بەرمیل ئاو بە یەك بەرمیل نەوت بە دەوڵەتانی عەرەب بفرۆشین. بەڵام بڕوا ناكەم هێشتا مێشكی عەرەب ئەم قسەیەیان بیستبێت؟. 

ئێستا توركیا لە سوریا، عێراق، لیبیا، سۆمال، سودان، یەمەن، قەتەر، چەندین ناوچەی دیكە لەبەرنامەی دان، بنكەی سەربازی‌و هێزی خۆی بەربڵاوكردۆتەوە، كە لەداهاتودا عەرەب دەكاتە پاشكۆی خۆی. بۆیە گرنگە بپرسین ئایا عەرەب مێشكی كەی تێدەگات پڕۆژەكە زۆر مەترسیدارە بۆ كیانی عەرەبی؟ 
كە چارەسەری زۆر باش هەیە، ئەگەر عەرەب بتوانێت كاریان لەسەریان بكات:

یەك: پێویستە لە عێراق عەرەب كێشەی كەركوك‌و دارایی‌و بودجەو نەوت و وزە لەگەڵ كورد چارەسەر بكات.كوردیش هەرێمی كوردستان رێك بخاتەوەو شەفافیەت‌و نەزاهەتی داهات و خەرجیەكان وەك خۆی جێبەحێ بكات. ئەوە بزانێت نەمانی موچەو جوڵەی بازاڕو بژێوی خەڵك خەونی سیاسی كورد لەبار دەبات. 

 وە پێكەوە بلۆك بەندی توند دروست بكەن.. هەرچەندە ئەم قسەیەی خۆم پێچەوانەی زۆربەی نوسینەكانی دیكەمە لەسەر عێراق، بەڵام بەشكم عەرەب هەستی كردبێت‌و كوردیش ئەوە بزانێت هەرێمی كوردستان بەم جۆرە ئیدامە نادرێت؟. 

دوو: پێویستە دەوڵەتانی عەرەب، توركیا لەسوریا دەربكەن، بەتایبەت لە عەفرین‌و ئیدلەب، قۆناغەكە وا دەخوازێت، مەبەست خزمەت كردنی بەشار ئەسەد‌و كورد نیە، قۆناغی ئەمنی قەومی وا دەخوازێت.

سێ: گرنگە لە لیبیا هەیمەنە‌و بونی توركا كۆتایی پێ بهێنن، ئەمەش پڕۆژەی گەمارۆدانی عەرەب لەلایەن توركیاوە كۆتایی پێ دێنێت.

چوار: پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی توركی‌و كوردی ناوخۆی توركیا بكەن لەهەڵبژاردنی داهاتوو، لەروی ماددی‌و مەعنەوی.

پێنج: لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و نەتەوەیەكگرتوەكان، بیست‌و دوو نوێنەریان هەیە، دنیایەك دەوڵەتیان هەیە، دەتوانن دبلۆماسیانە كاری جدی بكەن.

شەش: پشتیوانی كورد بكەن لە سوریا‌و عێراق‌و شان بەشانی بوەستن. چونكە كورد دەتوانێت لەسنورەكانەوە گەمارۆی ستراتیژی توركیا رابگرێت، ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ ئەمنی قەومی عەرەبی. 

بۆ داتاو ئامارەكان سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە: 
سەرچاوە:1- ئاسایشی ئاو لە عێراق و هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی، قارەمان موحەمەد حەسەن
2-ئاسایشی ئاو لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری وڵاتانی دراوسێ ( پڕۆژەی گاپ بەنمونە، د.یونس عەلی
ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەكان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن