123وتار

ئەمریكا دواتر قەرەبووی دەكاتەوە!

12/31/2023 11:27:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

ئەوەی ئێستا هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازبوونی ئەمریكا نیە، بەڵكو لاوازی ئیدارەی ئەمریكایە. ئەم دوو بابەتە دوو شتی جیاوازن. زۆرینەی بۆچونەكان پێیان وایە لاوازی بایدن و ئیدارەكەی لە كۆشكی سپی یەكسانە بە لاوازی خودی ئەمریكا خۆی. كە بۆچونم وایە ئەمە دیدێكی لاوازە. ئەمریكا یەكگرتنی پەنجا دەوڵەتە لەچوارچێوەی یەك دەوڵەتدا، كیشوەرێكی گەورەی سەربەخۆیە، بەهێزترین ئابوری و هێزی سەربازییە لە دنیا.

 

 جۆ بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكا ماوەی هەشت ساڵ جێگری سەرۆكی ئەمریكا (ئۆباما) بوو.  لەماوەی ئەم هەشت ساڵە دۆسیەی عێراق لای ئەو بوو، ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا هیچ پەیوەندیەكی بە مەلەفی عێراقەوە نەبوو، هەموو بڕیارو راسپاردەو پێشنیارو روداوەكانی عێراقی دابویە جۆ بایدن. بەڵام بینیمان هیچی نەكردو نەیتوانی هیچ كێشەیەكی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی عێراق چارەسەر بكات. 

 

دوای ئەوەی بووە سەرۆكی ئەمریكا، كە تڕەمپ بەهۆی كۆرۆناو شكستی لەم دۆسیەیە خراپ دەنگەكانی پاشەكشەی كرد، هەڵە نیە ئەگەر بڵێم تڕەمپ قوربانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوو، تیمی دیموكراتەكان و بایدن باش سودیان لەم بابەتە وەرگرت و توانیان گرەوی سەرۆكایەتی ببەنەوە. ئەوكات هەمان بۆچونم هەبوو كە دەمگوت ئەمریكا دەبێتە خاوەنی سەرۆكێكی لاوازو ناتوانێت سیاسەت و ئەجێنداو هەیمەنەی ئەمریكا بپارێزێت. بەهەرحاڵ ئێستا زۆری نەماوە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەنجام بدرێت، لەوانەیە سەرۆكێكی كۆماری بێتەوە كۆشكی سپی. ئەوكات ئەمریكای ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت بۆ ئەمریكایەكی دیكە. 

 

ئێستا بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق رۆژانە لە كوردستان و عێراق و سوریا موشەك بارانی ئەمریكا دەكرێت و پێگەو بنكەو باڵیۆزخانەو شوێنەكانی ئەمریكا دەكرێنە ئامانج. شیعەكانی عێراق بە ئاشكرا دەڵێن پێویستمان بە هێزی بیانی بەتایبەت ئەمریكا نیەو با لەعێراق بڕۆن. راستیەكەی ئەوەیە كە نازانن هێزی ئەمریكا گەمەی لەگەڵ ناكرێت، بە موشەك تێگرتن و درۆن ناردنی سەر بنكەكانی، ئەمریكا نەك شكست ناهێنێت، بەڵكو وردە وردە ئەعصابی گەرم دەكەن هەتا دۆو دۆشاوی تێكەڵاو دەكات. بۆیە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان رۆژانە درۆن باران و موشەك باران دەكرێن بەهۆی هەبوونی هێزی ئەمریكاوە، راستە بەزاندنی سەروەری كوردستان زۆر ئازار بەخشە، بەڵام كورد نابێت قەناعەت بەوە بكات كە ئەمریكا لاوازبووە، دەبێت بڕیاری پەلە نەدات و ئاگادار بێت داهاتوو ئەمریكا پلان و بەرنامەو سیاسەتی تایبەتی دەبێت بۆ ئەم بابەتە. بۆ كورد لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە لە پەسەندكردنی بودجەی بەرگری ئەمریكا بەشی خۆی هەیەو تەواوی هەوڵەكانیشی بخاتە گەڕ كە ئاسمانەكەی دابخات وەك ئەوەی ئێستا ئەمریكا دەیەوێت ئاسمانی كوردستان بپارێزێت. ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەو كاریگەرە بۆ كورد. چونكە كاتێك فڕۆكەو درۆن و موشەك نەتوانن بێنە ناو خاكی كوردستان و بۆمباران بكەن مانای وایە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ خاوەنی ئاسمان و سەروەری خۆتی. پەلە لە ئەمریكا مەكەن، دواتر قەرەبووی دەكاتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن