113وتار

كورد خه‌به‌ر مه‌كه‌نه‌وه‌

9/21/2023 11:31:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

 

هاوڵاتیان له‌هه‌رێمی كوردستان تاسه‌ر ئێسقان له‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی توڕه‌ن، دۆلارخۆرو نه‌وت خۆر قه‌یرانێكی چینایه‌تی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یان دروستكردووه‌ له‌ خه‌ره‌ندی ره‌واندز  قوڵ تره‌. خه‌ڵكێك نانی شه‌وی نیه‌و خه‌ڵكێكیش هه‌زاران ده‌فته‌ر دۆلار له‌ كه‌ش وفشی خۆی خه‌رج ده‌كات. به‌كورتی دۆخی ئابوری و نادادی كۆمه‌ڵایه‌تی پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی به‌ ئینتمای هاوڵاتیان كردووه‌. به‌ڵام دۆخه‌كه‌ به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام نابێت، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێران و توركیا به‌ عێراقیشه‌وه‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێیان وایه‌ به‌ هه‌ندێ رێگاوشوێنی ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی و خۆفرۆشی ناوخۆیی ده‌توانن كۆتایی به‌ كێشه‌ی كوردو قه‌واره‌كه‌ی بهێنن. به‌ڵام ئه‌وان له‌ یادیان كردووه‌ له‌ناوخۆی خۆیان گیرۆده‌ی سه‌دان قه‌یرانی سه‌ختن، یه‌ك جوڵه‌ی ناوخۆیی كورد له‌روی ئه‌منی له‌ناوخۆی ئێران وتوركیا كه‌رتی بازرگانی و گه‌شتیاری و ئابوریان شپرزه‌ ده‌كات، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نین و ته‌نها ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی هه‌وای تێكردون و وای لێكردون به‌ری چاویان لێڵ بێت. راسته‌ ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ كوشتن و گرتن و دڕنده‌ییان تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وام بووه‌و باجی قورسیان نه‌داوه‌، به‌ڵام له‌یادیان چووه‌ له‌ ئێستادا دنیاش زۆر گۆڕاوه‌، جاران تیرۆرو ئه‌نفال و جینۆسایدو قه‌ده‌غه‌ی زمان و هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی پیاده‌ ده‌كرا، ئێستا هه‌مان شت به‌ درۆن و یاساكانیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ ناكۆكی و كێشه‌ی ناو ماڵی كوردی ده‌بینن و باشیش سوودیان لێوه‌رگرتووه‌، واته‌ ده‌رزی ناو چاوی كورد ده‌بینن، به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره‌یان ئه‌وه‌یه‌ سوژنی ناو چاوی خۆیان نابینن، وا ده‌زانن له‌ناوخۆیان و سیاسه‌تی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی زۆر به‌هێزو بێ كێشه‌ی جددین. دڵنیام به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ سه‌ربازی و ئه‌منی و درۆنییه‌ به‌رامبه‌ر كورد به‌رده‌وام بن، خۆیان ده‌بنه‌ هۆكاری خه‌به‌ركردنه‌وه‌ی كورد له‌ناوچه‌كه‌. ئه‌وكات كێشه‌ی ئه‌منی و تیرۆرو كوشت و بڕ ده‌چێته‌ ناو شه‌قام و باڵه‌خانه‌و بازاڕی خۆیان. كورد هیچی نیه‌ له‌ده‌ستی بدات، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ئه‌من و كه‌رتی گه‌شتیاری و بازرگانی و ئابوری و شێواندنی وێنه‌كه‌ی به‌ باشی له‌ده‌ست ده‌دات. به‌كورتی دۆخی كورد یه‌ك بلۆكی مردوو نیه‌، ته‌نها له‌ باشورو كوردی عێراق سه‌یری بكه‌ن، كوردی عێراق تا سه‌ر ئێسقان له‌ بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی توڕه‌و بێزاره‌و هۆكاره‌كانیشی دیارن. به‌ڵام ئه‌م دیدگایه‌ بۆ كوردی ئێران و توركیاو سوریا راست نیه‌. به‌م پێودانگه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش نه‌زانیه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌یه‌، ئه‌مجۆره‌ سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت له‌ناوخۆیان كورد خه‌به‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌، باشترین نمونه‌ش گیان له‌ده‌ستدانی ژینائه‌مینی بوو له‌ ئێران، بینیمان چۆن ده‌وڵه‌ت ته‌واو شپرزه‌ بوو، هیوادارم وانه‌ له‌ ژینائه‌مینی وه‌ربگرن، له‌ناو توركیاش ده‌یان دۆسیه‌ی له‌مجۆره‌ هه‌ن بۆ خه‌به‌ركردنه‌وه‌ی كورد. واز له‌ عه‌قڵیه‌تی سه‌دان ساڵه‌ی سه‌ربازی و ئه‌منی و تیرۆر بهێنن به‌رامبه‌ر كورد. سه‌رده‌می ئێستا زۆری فه‌رقه‌؟؟؟.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن