284وتار

توركیا نەوتەكەی برد، ئیماراتیش خەریكی غازەكەیە؟

3/11/2023 9:38:00 AM
هەندرێن شێخ راغب


دوو روداو قەوارەی هەرێمی كوردستانیان زۆر لاواز كرد، یەكەمیان ئابوری سەربەخۆ، كە لە 17% بودجەی كوردی لە عێراق بڕی، وای لێهات بە پاشەكەوتی موچەشەوە بە چل رۆژو بە پەنجا رۆژ موچەیەك دابەش دەكرا. روداوی دووەم 16ی ئۆكتۆبەرو لێكەوتەكانی ریفراندۆم بوو لەنێوان باڵی مەلایی‌و جەلالی، كە ناكۆكی مێژویی ئەوان نیوەی زیاتری خاكی كوردستانی دایەوە دەست عەرەب بە كەركوكیشەوە.

ئێستاش روداوی سێیەم بەرێوەیە كە فرۆشتن و هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانە، پێ دەچێت ئیمارات بۆ ئەم ئەركە راسپێردرابێت، ماوەیەكی زۆرە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان خەریكی چوون و هاتنی ئیماراتن. پێنجشه‌ممه‌ سەرۆكی هەرێم گەیشتە ئیمارات و لەگەڵ سەرۆكی ئیمارات كۆبوویەوە.


بەهۆی ئابوری سەربەخۆوە ئێمە نەوت بۆ توركیا دەفرۆشین و 31 سی و یەك ملیار دۆلار قەرزارین، ئێستاش دامەزراندن و هیچ جۆرە سولفەو قەرزو هاندانێك نەماوە، موچەش بە خشكەیی بە چل رۆژ جارێك دابەش دەكرێت و تەنانەت پارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانیش نیە.؟

لەئێستادا لەرێگای دانەغازەوە ئیمارات و ئینگلیز چالاكن لە كێڵگەی غازی هەرێمەوە، دەترسم غازیش بۆ ئیمارات بفرۆشین و بەتەواوی قەوارەی هەرێم ئێوە خۆش. چونكە روسیاو ئێران و عێراق ‌و توركیا روون و راشكاو گوتویانە دەست بردن بۆ غاز یەكسانە بەنەمانی قەوارەی هەرێم. ئایا ئەمریكاو ئەوروپاو ئیمارات و كەنداوی عەرەبی دەتوانن قەوارەی هەرێمی كوردستان لەم هەڕەشانە بپارێزن؟ لەبەرئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر هیچیان نەكرد‌و لە ئابوری سەربەخۆ هیچیان نەكرد كەواتە ئومێد نیە بەرگریمان لێ بكەن.

تكایە پشتەوەی پەردەكە تەماشا بكەن. زەردەخەنەی عەگالی ئیمارات روكەشە. بۆیە بەوردی پەیوەندیەكە بچنن، لە گرێ بەست و رێكەوتن باڵانسەكە هاوسەنگ بێت.

کۆمپانیا ئیماراتییەکان رۆڵی كارایان لە وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا هەیە. کۆمپانیای وزەی نیشتمانیی ئیمارات لە کێلگەی ئەترووش رۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمد‌ەهێنێت و کۆمپانیای دانەگاز رۆژانە 500 ملیۆن پێی سێجا گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت.

دەوڵەتی ئیمارات لە حەوت میرنشین پێکدێت کە بریتین لە ئەبوزەبی، عەجمە، دوبەی، فوجەیرە، رەئس خەیمە، شەرجە، ئوم قیوین کە لە 2ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 1971 یەکیانگرت و شانشینی یەکگرتووی عەرەبییان پێکهێنا. هەریەک لە میرنشینەکان میری خۆیان هەیە و بەیەکەوە ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات پێکدەهێنن.

10٪ـی یەدەگی نەوت و 20٪ـی یەدەگی گازی سرووشتیی تەواوی زەوی لە ئیماراتە. ئەو وڵاتە پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتە و لە هەناردەکردنی گازی سرووشتیشدا ریزبەندی 25ـەم وڵات دەگرێت.

ئابووریی ئیمارات بە یەکێک لە بەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان دادەنرێت. بە گوێرەی حکومەتی ئیمارات، لە 2022دا رێژەی بەرزبوونەوەی کۆی داهاتی نێوخۆی ئیمارات بە 7.6٪ مەزەندە کراوە.

ئیمارات یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە و زۆربەی دانیشتووانەکەی بە دەوڵەمەند هەژمار دەکرێن. داهاتی ساڵانەی هەر تاکێک لە ئیمارات نزیکەی 70 هەزار دۆلارە.

ئیماراتێك بەم هەموو نەوت و غازو داهاتەوە، كەخاوەنی شارێكی گەورەی پڕ داهاتی وەك دوبەیە، جێگای پرسیارە بۆچی مەبەستیەتی لەگەل هەرێمێكی كوردستانی خاوەن قەیرانی موچە؟ پەیوەندیەكی هێندە گەرم‌و گوڕ ببەستێ. بۆیە دووبارەی دەكەمەوە بە زەردەخەنەی عەگالی ئیماراتی متمانەی تەواوتان نەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن