309وتار

ئێستای ئێمە

1/26/2023 9:15:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

ساتەوەختی ئێستا یەكێك لە قۆناغە زۆر دەگمەنەكانی مێژووی كوردە لەرووی پەرش و بڵاوی كێشەكەی لەسەر مێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی ، لەوپەڕی گۆی زەوی و تەنیشت سەهۆڵبەندانی دنیا لەبەر كورد كێشە كەوتۆتە ناو هاوپەیمانی ناتۆ، سویدو فنلەند ناتوانن ببنە ئەندام لە ناتۆ چونكە توركیا مەرجی هەیە!. مەرجەكەش وەك ناونیشان كوردە؟؟.

یەكێك لەدەوڵەتە هەر زلهێزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە لەناوەخۆی دەكوڵێت و گیرۆدەی دۆخێكی سەخت بۆتەوە دروشمەكەی كوردییە(ژن، ژیان، ئازادی) كورد بۆتە هەوێنی گۆڕانكارییەكی گەورە لەناوەوەی ئێران. لەكاتێكدا ئێران وەك زلهێزێك چنگی لەیەمەنەوە تاوەكو لوبنان و سوریاو عێراق و فەلەستین گیركردووە، بەڵام دروشمێكی كوردی لەناوەوە خەریكە توشی گۆڕانكاری زۆری دەكاتەوە؟؟.

 

لەتوركیادا پارتی دەسەڵاتدار ئاكەپەو ئەردۆغانی سەرۆكی دۆخیان سەختە، شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنیش خراپ وێنای خۆیان ناكەن بەڵام زۆریش خاوەن متمانە نین بۆ سەركەوتنیان، هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن بۆ نەخشەی سیاسی داهاتووی توركیا پێویستیان بە كوردەو لیستی هەدەپە دەتوانێت بڕیار بدات كام لایەن لە داهاتووی توركیا زۆرینەیە!.

 

لەعێراق، ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو هۆڵەنداو ئیتاڵیاو كەنەداو وڵاتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپا بەردەوام باسی چارەسەری كێشەی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەن، باسی ئەوە دەكەن گرنگە كێشەكانی نێوان كوردو حكومەتی ناوەندی چارەسەر بكرێن.

 

لەسوریا، توركیاو روسیاو ئەمریكاو دنیا خەریكە یەخەی یەكتر دادەدڕن، هەموشی لەسەر كیانی رۆژئاوای كوردستانە. واتە كورد پلە یەكە لە سیاسەت و نەخشەكانی نێوان توركیاو سوریاو دواتر روسیاو ئەمریكا. كەم لێدوان و كۆبوونەوە هەیە باسی رۆژئاوای كوردستانی تێدا نەكرێت.

 

كێشەی كورد لەسەر مێزی گەمەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیە، كورد بۆتە ناونیشانی زۆر كۆبونەوەو گفتوگۆ. بۆیە ئێستای ئێمە لەبەردەم چەند ئەگەرێكە:

 

-لە سەوداو مامەڵەی دەوڵەتانی زلهێزو دەوڵەتانی ئیقلیمی كورد بەخشینی سەر مێز بێت و پێكەوە پێكێك هەڵدەن بۆ رێككەوتنی نێوانیان و تێ هەڵدانی كورد.
-لەم كێبەركێ و هەراو زەنایە كورد دەستی لە شتێك گیر بێت و ببێتە خاوەنی كیانێك، قەوارەیەك و ئاواتەكانی بەدی بێن.
-ماوەیەكی زۆر كورد لەم گێرمەو كێشەیە بهێڵنەوەو وەك تۆپ بۆ یەكتری هەڵدەن. بەمجۆرە زۆر كات و دەرفەتمان لێ بستێنن.
-ناكۆكیەكانی ناوخۆی كورد هەموو دەرفەت و دەستكەوتەكانی بەردەممان، بەفیڕۆ بدەن و ئەوكاتە تەنها پێمان بگوترێت ببورن خۆتان هۆكاربوون.

ئەم دۆخەی ئێستا چاوكراوەیی وردی دەوێت، گوێگرتن لە هۆشداریەكانی دەوڵەتان بایەخی خۆی هەیە. حساب كردن بۆ كێشەكانی ناوخۆو بەهەند وەرگرتنیان. بەكوردی ئێمە لە ئێستایەكی زۆر هەستیارو پڕ دەرفەت  و مەترسیدا دەژین. دەبێت هەموو تواناكان بۆ ئەوە ئاراستە بكرێن بەرگەی مەترسیەكان بگرین، دەرفەتەكان لە كیس نەدەین. بەداخەوە مەترسیە هەرە گەورەكە عەقڵیەتی كورد خۆیەتی؟.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن